ئەمڕۆ سێشەممە د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە لە هیچ شوێنێک داوای نەکردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کەم بکرێتەوە و هیچ كاتێكیش داوایەكی لەم شێوەیە ناكات.

نووسینگەی د. بەشیر حەداد لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند “ماوەی چەند رۆژێکە چەند کەس، ماڵپەڕ و پەیجێک دەستیان کردووە بە هێرشێکی فراوان بۆ سەر د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە گوایە لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە. لەمبارەیەوە د. بەشیر حەداد رایگەیاند كە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریيه، پەرلەمان و حکوومەتی خۆی هەیە، بۆ بڕیاردان پێویست ناکات بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئێمە ناخوازین حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە کەم بکاتەوە یان پاشەکەوتی بکات و داوای شتێکی لەو شێوەیەش ناکەین”.

دەشڵێ ئەوە پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و کاری جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق نیە.