وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو 10-04-2020 درێژکرایەوە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا درێژکردنەوەی قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، رێکاری قەدەخەی هاتووچۆ هۆکارێکی کاریگەر بووە لە کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناخۆشی و زەحمەتی هاونیشتمانییان بەتایبەتی ئەوانەی کەمدەرامەتن تێدەگەیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەوانە دەکات کە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بێکار بوون، بەڵام “ناچارین قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکەینەوە… ئێمە دەزانین دەستکەوتی ماددی شتێکی زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەی لەوە گرنگترە تەندروستیی تاکبەتاکی کوردستانە”.

داوایشی لە هاونیشتمانییان کرد چۆن تاوەکو ئێستا پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ بوون، زیاتر دانبەخۆیاندا بگرن. “ئەگەر قەدەخەی هاتووچۆ نەبووایە ژمارەی تووشبووان بە هەزاران دەبوو”.