گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێدوانێکی لەبارەی دەنگۆی وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار وەک شیرینیی نەوت لە کۆمپانیایەکی نەوتی بڵاو کردەوە.

ئەمەش دەقەکەیەتی:

لێدوانێك لە گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە

سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وەک شیرینی نەوت لە کۆمپانیای رۆسنەفت و هەروەها دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ملیارێک دۆلاری هەرێم لە وڵاتی لوبنان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دووپات دەکاتەوە کە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی پێویستە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بکات و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات لەمبارەیەوە هاوکاریی داواکاریی گشتی بکەن بۆ ئەوەی راستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت.
هەر لە سەرەتای دەستبەرکاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیھێنانی شەفافییەت لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەتایبەتی لە كەرتی دارایی و داھاتەكانی ھەرێمدا ئەرکێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەم بووە و لە سەریشی بەردەوام دەبین.

د. جووتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
2020/3/29