سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، یادکردنەوە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی گەلەکەمان، ”یەکڕیزی و تەبایی بەردەواممان لێ دەخوازێت“.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 32ـەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت.
لە رۆژی 16-3-1988، رژێمی بەعس بە چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجەی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوو، شەهید بوون.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ سی و دوو ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شههيددا تێدەپەڕێت كه لهلايهن ڕژێمى پێشووى عێراقهوه ئهنجام درا و بووە هۆی شههيدبوونى پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان، تا ئێشتاش کاریگەریی لێکەوته مهترسيدارهكانى بەسەر باری تەندروستی و دەروونیی خەڵک و ژینگەی ناوچهكهوه هەر بەردەوامە.
یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، ڕێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان، بەتایبەت شههيدانى ئهو کارەساتە و جەختکرنهوهی بەردەواممانە لەسەر گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانى ئاوا و جینۆسایدی گەلی کوردستان و هەر گەل و پێکهاتەیەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بە هەر بیانوویەکی سیاسی، ئایینی و ئیتنی بێت. ئەم ئامانجە پیرۆزە بۆ ئێمە، یەکڕیزیی زیاتر و تەبایيی بەردەواممان لێ دەخوازێت.
لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زياتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیايی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت.
بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە و هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق. داواكارین حکوومەتی عێراق وەک بەرپرسیارییەکی یاسایی و ئەخلاقی، لهمبارهيهوه ئهركى خۆى جێبهجێ بكات.
مرۆڤایەتی پێویستی بە کاری جددییە بۆ قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ. وەک چۆن ئەمڕۆ هەموو جیهان لە خەمی بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادان وەک هەڕەشەیەکی ترسناکی سهر تهواوی مرۆڤایەتی، بە هەمان شێوەش کارکردن بۆ بنەبڕکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و تەکنۆلۆژیای مردن، دەبێ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییهتی مرۆڤایەتیدا.
شههيدانى ههڵهبجه و هەموو قوربانییانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانیياندا زیندوون، له كاتێكيشدا به ڕێز و شكۆوه يادى شههيدان دهكهينهوه، به ئومێدهوه له داهاتوو دهڕوانين.
سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
16/3/2020









