هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ژمارەی کوژراو و بریندارانی تۆپبارانکردنی سەربازگەی تاجی، ئاشکرا دەکات.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 11-3-2020، بە مووشەک سوپای ئەمریکا و بەریتانیا لە سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا کرانە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-3-2020، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەهۆی مووشەکبارانکردنی سەربازگەکەوە، دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی گیانیان لەدەست داوە، جگە لە برینداربوونی 12 سەربازی دیکە.

لە بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەربازگەی تاجی بە 18 مووشەک کراوەتە ئامانج.

بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی توندڕەو، تاوانکاری و تیرۆریستی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە، کە بە ئارەزووی خۆیان و بەپێی بەرژەوەندیی ئەو لایەنەی کاری بۆ دەکەن، کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.