شەنگە هاوار كاكەیی*
دكتۆرانامەی فەخری ناونیشانێكی تەكریمی بەخشندەییە بەڵام !ناونیشانی زانستی نییە كە لە ناوەندە ئەكادیمیستییەكانی ماریفەتدا بە لەقەبی عیلمی دەناسرێت و دەبەخشرێتە سەرۆك و كەسایەتییە بەهێزەكانی جیهان. لەم مینبەرەدا گەورە سەرۆكانی وڵاتان لە رۆژئاواو و رۆژهەڵات ئەم شەرەفەیان پێ بەخشراوە، وەكو باراك ئۆباما، دۆناڵد ترەمپ، موعەمەر قەزافی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و لەعێراقیش موقتەدا سەدر و …هتد، هەروەها دەبەخشرێتە زۆر كەسایەتیش كەوا لەناو جەماوەردا خۆشەویستن، وەكو بێژەری بەناوبانگی ئەمەریكی ئۆپرا.
دیارە ئەم دیاردە تەندروستە عێراق و هەرێمی كوردستانیشی لێ بەدەرنەبووەو لەلایەن زانكۆكانەوە ئەم رێڕەوە مەعریفییە هاوچەشنەی زانكۆكانی جیهان هاتە بەر باس و ساڵانە كۆمەڵێك كەسایەتی دیار ئەم شەرەفەیان پێ دەبەخشن، وەكو پاڵنەرێكی مەعنەوی و پێزانینێك بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونانەی كەوا نواندوویانەو ئاسەواری دەست و جێی پەنجەیان دیارە. لەوانە هونەرمەند مەزهەری خالقی و دكتۆر موستەفا زەڵمی و بیرمەندی كورد كۆچەر بیركار. هەرچەندە هەوڵ دراوە لەلایەن بەشێك لە رێكخراوەكان وەكو رێكخراوی فورات بۆ ئاشتیی جیهانی ئەم رێڕەوە مەعریفیە بشێوێنن كە هەڵسان بەبەخشینی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری وەكو نوقڵ و چوكلێت بۆ چەند كەسایەتییەك كە دەبوایە ئەو كەسایەتیانە ئاستی هۆشیاریان زۆر لەوە بەرزتر بووایە كەوا قەبوڵی بكەن، چوونكە ئەم شەرەفە بۆ كارێزماو ئەو كەسایەتیانەن كەوا كاریگەرن و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی گەورەیان دروست كردووە لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، وەكو سەرۆك ماندێلا كە لە ساڵی 1992 لەلایەن زانكۆی توركی خەڵاتی پێ بەخشراو رەتیكردەوەو فەرمووی من وەریناگرم، چوونكە كورد لەژێر دەستی توركیا دەچەوسێندرێتەوە. نیلسۆن ماندێلا ئەو سەركردە خۆشەویستە كە تا دواساتەكانی لەپێناو ئاشتی و مرۆڤ و وەلانانی جیاوازی لە نێوان نەتەوەكان تێكۆشاوە، دكتۆرای ئۆردوگانی رەتكردەوە چوونكە وڵاتێكی چەوسێنەرە. هەروەها لە ساڵی 1993 خەڵاتی نۆبڵی جیهانی پێبەخشراوە و لەماوەی چل ساڵ تەمەنی 250 خەڵاتی نێودەوڵەتی و نێودەوڵەتی وەرگرتووەو بەخشینی دكتۆرانامەی توركی رەتكردەوە، ئەم هەڵوێستە سیاسییەی كەوا هاوسۆزە لەپرسی ئینسانی بوون و تەكامولی كاریزمای سەرۆك مەسعود بارزانی كاتێك زانكۆیەكی ئێرە دكتۆرانامەی پێ بەخشی، لە وەڵامدا فەرمووی كەوا شانازی دەكەم ئەگەر قەبووڵم بكەن بەپاسەوانێك لەدەرگای حەرەمی زانكۆكەتان بەڵام بەخشینی دكتۆرانامەكەتان رەتدەكەمەوە، چوونكە من یەك موحازەرەم لەم زانكۆیە نەخوێندووە، ئەم بەخشینە هەم بۆ كەسایەتی من هەم بۆ ناونیشانی زانكۆكەتان باش نییە.
لە راستیدا هەرچەندە سەرۆك بارزانی شایستەی ئەو بەخشینەیە، چوونكە ئەم هەرێمە لەسەر دەستی سیاسەتی حەكیمانەی بە دەیان گۆڕانكاری نەوعی رووی داوە، بەڵام خاكیەت و تەوازوعی جەنابی سەرۆك بارزانی لەمپەر بووە بۆ وەرگرتنی ئەم مافە و ئەوە ئەو مەسجەیە كەوا پێمان دەڵێ هیچ ناونیشانێكی زانستی بەخۆڕایی لەدایك نابێ و نابێ وەكو نوقڵانە ببەخشرێت دابەش بكرێ، چوونكە تەنها ئەكادیمیستەكان دەزانن ئەو رێگایە چەند سەختە و ئەو پێوەرانەی كەوا دانراوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ماریفی و ناونیشانی زانستی چەند دژوارەو چەن لەتەمەنت دەڕوا و رێگایەكی دوورودرێژەو بەشەو و رۆژێك هەرگیز نایەتە دی، بگرە بەكۆشش و ماندووبوونێكی زۆر ئامانجی دەپێكێ، وێڕای شایستەبوونیشی، پێمان دەڵێ ستۆپ… پەلە مەكەن و تیشكی هەتاو بە بێژنگ ناگیرێ… پیرۆزە لە مرۆڤایەتی، پیرۆزە لە گەلی كورد دكتۆری دیبلۆماسیەت و حیكمەتی كوردی.
* ماستەر لەیاسای گشتی
زانكۆی حیكمە بەیروت









