سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 8ـی مارس (رۆژی ئافرەتانی جیهان)، پیرۆزبایی لە ئافرەتانی جیهان و کوردستان دەکات.

لە پەیامێکدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8-3-2020 بڵاوی کردووەتەوە و وێنەیەکی گەیشتووەتە (باسنیوز)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە.

یادی 8ـی مارسی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و چەند حاڵەتێکیش لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، بۆیە لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی داوا لە ئافرەتانی کوردستان دەکات ”رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی  و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی  و بەرپرسیارێتی هەموومانە“.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم . یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا .

ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە.

داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی  و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی  و بەرپرسیارێتی هەموومانە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/3/8