فەرمانگەی تەندروستیی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی بوونی حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکە بڵاو کردەوە و دەنگۆکەی رەت کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای هەولێر ئاماژەی داوە، لە چەند پەیج و هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ”هەواڵێکی بێ بنەما“ بڵاو کراوەتەوە کە گوایە لە سنووری هەولێر تووشبووی کۆرۆنا هەن.
ڕوونیشی کردووەتەوە: ”ئهم ههواڵه بێ بنهمایه و دووره له ڕاستییەوە، ههروهكو چۆن دووپاتكراوهتهوه کە ههر حاڵەتێک ههبێت، به فهرمی ڕای دەگەیەنین”.
هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنە بەر کە هەواڵی بێ بنەما بڵاو دەکەنەوە و دەروونی خەڵک دەشڵەژێنن.
لەمبارەیەوە د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر نییە و رای گەیاند: ”وەزارەتی تەندروستی تەنها پێنج حاڵەتی تووشبوونی بە کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی راگەیاندووە و هیچ حاڵەتێكی دیکەی تۆماركراوی كۆرۆنا لە كوردستان تۆمار نەكراوە”.









