كاروان محەمەد سینو

شاراوە نییە كە عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوە و فرە ئاین و فرە مەزهەبە، هەروەها شاراوەش نییە كە رێژەی دانیشتوانی عەرەبە شیعە مەزهەبەكان زیاترە لە رێژە دانیشتوانی كورد و سوننە و نەتەوەكانی دیكەی عێراق. ساڵی 2003 رژێم و حوكمڕانی دیكتاتۆری فاشی و رەگەزپەرستی سەددام حوسێن روخێنرا و سەرلەنوێ عێراقێكی نوێی فیدڕاڵی بونیاد نرایەوە، كە دەتوانم بڵێم ئەوكات كورد و سیستەمی حوكمڕانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان هەوێنی بونیادنانەوەی عێرقی نوێ بوو، لەبەر ئەوەی كوردستان ئەوكات ئەزموونی 12ساڵەی (1991-2003) حوكمڕانی دیموكراسی و فرە لایەن و پێكهاتەی هەبوو. هەر لەسەرەتاوە و بە نیازێكی پاك و هیوایێكی نوێ، سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە هەموو توانا و ئەزموونی (12ساڵەی خۆی) بووە فاكتەرێكی كارا بۆ پێكهێنانی عێراقی نوێ. بەم شێوەیە و بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی خاك و خەڵكی و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاین و ئاینزاكان، عێراقی نوێی فیدڕاڵی بونیاد نرایەوە كە وەكو باسمانكرد كورد فاكتەر و هۆكاری سەرەكی ئەم بونیادنانەوەی عێراقی نوێ بوون لەسەر سێ پرەنسیپ و بنەمای سەرەكی كە لەهەمانكاتدا بریتین لە سێ هۆكار و فاكتەری زامنی هێمنی و ئارامی و بوونی عێراق وەكو دەوڵەتێك. ئەو سێ بنەمایەش بریتین لە (تەوافق و شەراكەت و هاوسەنگی)، ئەگەر بەوردی لەم سێ پرەنسیپە ورد بینەوە، ئینجا دەزانین كە حیكمەتی چی بووە؟! لە پەیڕەوكردنی ئەمسێ پرەنسیپە لە بونیاد نانەوەی عێراقی نوێ. هەڵبەت تایبەتمەندی لە پێكهاتەی خاك و خەڵكی و ئاین و ئاینزاكانی عێراق هۆكاری پێویست و سەرەكین لە پەیرەوەكردنی ئەم سێ پەرنسیپە وەكو زامنێك بۆ هێمنی و ئارامی و بوون و بەردەوامبوونی عێراق وەكو دەوڵەتێك. لەبەرئەوەی هەروەك لەدەسپێكدا باسمانكرد كە رێژەی عەرەب و لە نێویاندا شیعە مەزهەبەكان زیاترە لە نەتەوە و مەزهەبەكانی دیكەی عێراق، واتا هەرپرۆسەیەكی دیموكراسی (هەڵبژاردن و زۆرینەی ناو پەرلەمان) بەبێ لەبەر چاوگرتنی هەرسێ پرەنسیپی (تەوافق و شەراكەت و هاوسەنگی) دەبێتە ئەگەری قۆڕغكاری بڕیاری و دەسەڵات و تاكڕەوی و دیكتاتۆریەتی عەرەبی شیعە مەزهەب. لەبەر ئەوەی عەرەبی شیعەمەزهەب لە عێراقدا زۆرینەن و هەموو هەڵبژاردن و پەسەندكاری نێو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوان (عەرەبی شیعەمەزهەب) یەكلاكەرەوەیە، بەم شێوەیەش هەر پرۆسەیەكی دیموكراسی بەبێ لەبەر چاوگرتنی هەرسێ پرەنسیپی (تەوافق و شەراكەت و هاوسەنگی) دەبێتە پڕوسەیەكی قورغكاری دەسەڵات لە بەرژەوەندی عەربی شیعە مەزهەب بەرلەوەی دەستپێبكات!!. بۆیە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەبێ تەوافق و راپرسی و هاوسەنگی لە پلە و پایەكاندا هەوڵكی تاكرەوانە و دیكتاتورییانە و قورغكارییە و قابلی قبوڵ نییە.