بەدواداچوون: فاتیح بەرزنجی
لەماوەی ئەو چەند ڕۆژانەی دوایی هەموو جیهان سەرقاڵی نەخۆشی كۆرۆنایەو لە بەشێكی ولاتانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، نەخۆشیەكە وێڕای ئەوەی سەرچاوەكەی لە شاری (وهان)ـی چینەوە سەریهەڵداوە، بەڵام گەیشتۆتە وڵاتانی دەوروبەرو گەیشتە عێراق، تا ئامادەكردنی ئەم بەدواداچوونە لەشاری كەركووك چوار حاڵەت و لە شاری نەجەفیش یەك حاڵەت تۆمار كراوەوش لەو شارەدا پشووی فەرمی ڕاگەیەنراوە. وەزارەتی تەندروستی عێراق باس لە بوونی چوار حاڵەتی كۆرۆنا دەكات لە شاری كەركوك كە دەست نیشانكراوەو وەزیری تەندروستی هەرێم دكتۆر سامان بەرزنجی بۆ دەزگاكانی رایگەیاندن ڕوونیكردەوە: تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان گوومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ نەكراوە. بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش لە عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڵاوبوونەوەی هوشیاری و چالاكی خۆپارێزییەكان و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش بەردەوام لەسەر هێڵەو بەشێوەیەكی چالاكانە كار بۆ ئەو مەبەستە دەكات و چەندین نموونەی نەخۆشانمان وەرگرتووەو هەموویان لە تاقیگەن و كارەكانمان درێژە پێ دەدەین تا دەگەینە چارەسەر و هەموو هەوڵێك بۆ ڕێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدەین. پشكنینی تەواو بە شێوەیەكی ڕێكوپێك هەرسەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم گوتی: هەموو هەوڵەكان بەردەوامەو لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش پاڵپشتیمان لێ دەكرێت و بودجەی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە تەرخانكراوەو پشكنین لە دەروازەكان و لە فڕۆكەخانەكان هەیەو تا ئێستاش هیچ كەسێك لە كوردستان گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ نەكراوەو هەموو ئەوكەسانەی كە لە وڵاتی چین دەگەڕێنەوە جیا دەكرێنەوە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ، بەڵام زۆربەیان بەبێ هیچ نیشانەیەك چوونەتەوە نێو خێزانەكانیان و تا ئێستاش 104 گەشتیار لە چینەوە هاتوونەتەوە كە 38یان هاووڵاتی چین بوون و هەشت لەوان جیاكراونەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم: دەمامكی 95N تەنیا هەشت كاتژمێر كارایە دكتۆر محەمەد قادر خۆشناو گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ خەبات گوتی: دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی ئێران لە كوردستان نرخی دەمامك بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزكرایەوە لە 2-3 دۆلارەوە بوو بە زیاتر لە 20 دۆلارو تا ئێستاش هیچ گومان لێكراوێك و تووشبوویەك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان تۆمار نەكراوە. گوتیشی: هیچ كەسێك لە ئێرانەوە بۆی نییە بێتە ناو كوردستان تاوەكو مەترسییەكانی كۆرۆنا كۆتاییان دێت. ئاماژەی بەوەشدا: ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەوادا بڵاونابیتەوە تەنیا لە ڕێگەی كەسانی تووشبوو دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویست ناكات هەموو كاتێك دەمامك بەكار بهێنێت، لە كاتێكدا دەمامكی N95 تەنیا هەشت كاتژمێر كارایەو هێڵی گەرمی 24 كاتژمێریش بۆ هاووڵاتیان دانراوە تا لەكاتی هەستكردن بەهەر حاڵەتێكی گوماناوی بەتایبەتی گەشتیارانی گەڕاوە لە دەرەوەی وڵات دەتوانن پەیوەندی بكەن و رێوشوێنەكان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا توندتر دەكرێن. كەركووك. چوار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراوە هاوكات دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی و ژێنگەی عێراق، تۆماركردنی چوار تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە پارێزگای كەركووك راگەیاند و بەوەش ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كە تا ئامادەكردنی ئەم بەدواداچوونە تۆماركراون، گەیشتە پێنج حاڵەت. وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راگەیەندراوێكی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردەوە و تیایدا ئەوەی ئاشكراكردووە، جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (Kovid-19) لە چوار ئەندامی یەك خێزانی عێراقی لە پارێزگای كەركووك بەدی كراوە، كە پێشتر سەردانی ئێرانیان كردووە و دواتر گەڕاونەتەوە وڵات. بەپێی راگەیەندراوەكە چوار كەسەكە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و خراونەتە ژێر چاودێری وردی تەندروستییەوە. وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق هەر لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە بەپێی رێنمایەكانی نێودەوڵەتی بۆ مامەڵكردن لەگەڵ حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گرتووەتەوەبەر و داواشی لە هاووڵاتییان كردووە پابەندبن بە رێنماییەكانی تەندروستی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە. عیراق. گرتنەبەری رێوشوێنی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا نەجەف دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری نەجەف تۆماركرا، كاربەدەستانی عێراق زنجیرەیەك رێوشوێنیان لە رووی تەندروستییەوە بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە گرتووەتەبەر. لە شاری نەجەف باشووری عێراق، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا (Kovid-19) تۆماركرا كە هەڵگرەكەی قوتابییەكی حەوزەی عیلمی نەجەفە و خاوەنی رەگەزنامەی ئێرانییە. لەوبارەوە پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو قوتابییە ئێرانییەی كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەك لە نەجەف و لەژێر چاودێریدایە. لوئەی یاسری باسی لەوەشكردووە كە رێوشوێنی تەندرستی لە نەجەف گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لە شارەكەدا بڵاونەبێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش، پشكنین بۆ سەرجەم ئەو قوتابیانە دەكرێت كە پێشتر لەگەڵ قوتابییە ئێرانییەكەدا بوون لە شوێنی حەوانەوەكەی. پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری داوای لە حكوومەتی فیدرال كرد كە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بە رووی هاتنی ئێرانییەكان بە تایبەتیش قوتابیانی زانستە ئیسلامییەكان دابخات و ئیتر رێگەیان پێ نەدات روو لە عێراق بكەن. لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروردە لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند كە بە هۆی تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەوامی قوتابخانەكان لە پارێزگاكە تا كاتێكی نادیار راگیراوەو لە سەرجەم قوتابخانەكان پشووە. لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پەروردە لە پارێزگای نەجەف بڵاویكردەوە كە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، عادل بەسیسی بڕیاریداوە دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەكاندا تا كاتێكی نادیار بكرێت بە پشوو، بۆ ئەوەی تیمەكانی تەندروستی بتوانن رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بە ئامانجی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەجەف. دیوانییە لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە پارێزگای دیوانییە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ بۆ قوتابیانی پۆلەكانی یەكەم تا چوارەمی سەرەتایی تەنیا لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئەنجامدەدرێن بۆ قوتابیانی پۆلەكانی پێنجەم و شەشەمی سەرەتاییش لە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە ئەنجام دەدرێن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری نەجەف تۆماركرا. كەربەلا هاوكات پارێزگاری كەربەلا، نەسیف خەتابی رایگەیاندووە، هاووڵاتییەكی سعوودی لەگەڵ هاووڵاتییەكی ئێرانی بەهۆی ئەوەی لەو وڵاتانەی كە تیایاندا ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراو سەردانی كەربەلایان كردووە، كەرەنتین كراون. نەسیف خەتابی لە راگەیەندراوێكدا رەتیكردەوە كە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەربەلا تۆمار كرابێت. ئەنبار هەر لەوبارەوە شانەی قەیرانی تایبەت بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی كۆرۆنا لە پارێزگای ئەنبار بڕیاردا لەمەودوا رێگە نەدرێت سەردانی نەخۆشەكان بكرێت لە نەخۆشخانەكاندا. شانەی قەیرانی تایبەت بۆ بەدواداچوون بە دۆسیەی كۆرۆنا لە پارێزگای ئەنبار راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكەن كە هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەنبار، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو دەكەنەوە. لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە سنووری پارێزگای ئەنبار تەنیا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكە دەتوانێت لێدوانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بدات بە تایبەتیش، ئەگەر هەر حاڵەتێك لە ئەنبار بەدی بكرێت. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی یەكشەممەی رابردوو دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رایگەیاندبوو كە لەچوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەكان بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، قەدەغەكردنی هاتنی ئێرانییەكان بۆ 15 رۆژی دیكە درێژكراوەتەوە. هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاندبوو كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی لە بەغدا و نەجەفەوە بۆ ئێران هەڵپەساردووە.









