ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوای لە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد رۆژی دووشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ دەنگدان بە حكوومەتەكەی ئەنجام بدات.
عەللاوی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە لە كەناڵی فەرمیی (ئەلعێراقیە)دا بڵاوی كردەوە، رایگەیاند داوا لە پەرلەمان دەكات رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ببەستێت بۆ ئەوەی كابینەی حكوومەتە نوێیەكە بخاتەڕوو و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت.
سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هەڕەشەی كرد كە ئەگەر پەرلەمان دەنگ بە كابینەكەی نەدات، ئەوا مانای وایە هێشتا لایەنگەلێك هەن دەیانەوێ دۆخی ئاڵۆزی عێراق بەردەوام بێت و سەقامگیری نەیەتەدی.
عەللاوی بەڵێنیشی دا حكوومەتەكەی دەمودەست خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد دەكات.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە كابینەكەی لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق پێكهاتووە و بۆ هەموو عێراقییەكانیش دەبێت.









