بەھۆی بەفربارین چەندین سنووری ھەولێر داخران و داوا لە ھاووڵاتیان دەكرێت بەم رێگایانەدا ھاتووچۆ نەكەن.

كرمانج عزەت، قایمقامی سۆران لە راگەیەندراوێكدا ھاووڵاتیانی ناوچەكەی ئاگادار كردەوە: “رێگاکانی نێوان ھەولێر – سۆران، سۆران – حاجی ئۆمەران، سیدەکان و مێرگەسۆر و خەلیفان – رانیە، بەھۆی بارینی بەفرێکی زۆر گیراون، بۆیە تکایە ھاتووچۆ رابگرن لەو شوێنانە  تا تیمەکانی ئێمە فریای خاوێن کردنەوە بکەون”.

قایمقامی سۆران دەشڵێت: “داوا لە بەڵێندەر و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکەین، ھاوکاری تیمەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە بکەن، بە شۆفەڵ و گرێدەر، تا بتوانین دەروەستی ئەو تەوژمە بەردەوامەی بەفر بکەوین”.

ھاوكات بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا شوفێر و ھاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە: “به‌هۆی ئه‌م شه‌پۆله‌ به‌فربارینەی هه‌رێمی كوردستانی گرتووەته‌وه‌، ئێستا له ‌شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری هه‌ندێك رێگا ئاسته‌نگی هاتووچۆیان بۆ دروستبووه‌، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین له‌ حاڵه‌تی زۆر پێویست نه‌بێت نه‌چنه‌ رێگاكانی هه‌ولێر- پیرمام، شه‌قڵاوه‌ – هیران، ده‌ربه‌ند سه‌فین – هیران، زینه‌تیر – بالسیان- رانیه”.‌

لە پەیامێكی دیكەدا كرمانج عزەت ئاشكرای كرد: “لەبەر بارینی بەفرێکی زۆر لەناو شار و دەڤەرەکە، بڕیاماندا بۆ قوتابخانەکان بکەین بە پشوو، واتا ھەموو قوتابخانەکان پشوو دەیانگرێتەوە. بۆ فەرمانگەکانی کە رێگایان سەختە لەناو شار و دەرەوەی شار، لە نەگەیشتنی فەرمانبەران بۆ شوێنی کار غیاب نادرێن”.

K24