سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایده‌گه‌ێنێت، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دانوستانی لەگەڵ لایەنەكان دەست پێكردووە و سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كورد ، پشكی كوردیش ئەگەر زیاتر نەبێت، كەمتر نابێت.

فارس عیسا به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند ، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دانوستانی لەگەڵ لایەنەكان دەست پێكردووە، كە لەگەڵ كورد و سوننە و شیعە و شەقامیش كۆدەبێتەوە و تێیدا داوا لە هەمووان دەكات پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، چونكە پێویستی بە پشتگیریی هەموو لایەنەكان و شەقامیش هەیە.

فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا راشیده‌گه‌ێنێت ، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا بكات بۆ ئەوەی پشتگیری بكەن بۆ پێکهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق کە كوردیش پاكێجی خۆی بۆ كابینەی نوێ ئامادە دەكات.