خهبات: سەنگەر حوسێن:-
لە ئێستادا كۆمەڵێك هونەرمەندی شارەكانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی وێنەگرتنی زنجیرە درامای چەرخ و فەلەكن، كە وابڕیارە لە مانگی رەمەزان نمایش بكرێت. ئەم درامایە كاری هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتە، خەبات ئامادەی وێنەگرتنی بەشێكی دراماكە بوو، تێیدا ئەو راپۆرتەی ئامادە كرد.
لەسەرەتادا، میران دزەیی بەرێوەبەری بەرهەمی درامای چەرخ و فەلەك تایبەت بە خەبات گوتی: زنجیرە درامای چەرخ و فەلەك لە 30ئەلقە پێكهاتووە، درامایەكی كۆمەڵایەتی كۆمیدییە، بەرهەمی دوو كۆمپانیای پرۆ ئار پرۆدەكشن و دیكۆدراما پرۆدەكشنە، بەهاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەندین كۆمپانیای كەرتی تایبەت، ماوەی زیاتر لە 60 رۆژە دەست بە كاری وێنەگرتنی كراوە، وابڕیارە بە مزووانە كارەكە تەواو ببێت و لەیەكێك لە كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان پەخش بكرێت، هیوادارین بتوانین لە مانگی رەمەزان پەخشی بكەین.
دزەیی گوتیشی: لەم درامایە كە چەندین كۆمپانیای بازرگانی سپۆنسەری سەرەكین، چەندین ئەكتەری شارەكانی هەولێرو سلێمانی و گەرمیان تێدا بەشدارن، هەروەها چەند ئەكتەرێكی ئاست بەرز رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن لەوانە تەلار هیرانی و رێشان حەمۆ كە رۆڵی ئاسۆ دەبینێت.
لای خۆیەوە، بیلال شاكر دەرهێنەری دراماكە دەڵێت: چیرۆكی درامای چەرخ و فەلەك باس لە سەردەمی كۆن و ئێستامان دەكات، هەروەها داهاتووش، تێیدا دوو خێزان كێشەیەكی كۆمەڵایەتیان هەیە، لەنێویان ئەم دوو خێزانەدا، منداڵان زەرەرمەندی یەكەمی دۆخەكە دەبن، هاورێیەتی منداڵی تێیدا بەردەوام دەبێت، چیرۆكەكە باس لە منداڵێك دەكات كە هەر لەسەرەتاوە بەهۆی ئەو دوژمندارییە دەچێتە حاڵەتی بێهۆشی، ماوەیەكی دوورو درێژ لەم دونیایە دادەبڕێت و دواتر خۆی وەك كەسێكی گەورە دەبینێتەوە، بەڵام مێشكی هێشتا وەك منداڵ دەمینێتەوەو رووبەرووی ئەو دونیا نوێیە دەبێتەوە.
دەرهێنەری دراماكە دەشڵێت: تا ئێستا 60%ی وێنەگرتنی دراماكە لەماوەی 60 رۆژدا تەواو بووە، نزیكەی 40 رۆژی دیكەشمان ماوە بۆ تەواو كردنی وێنەگرتن، كە زۆربەی دیمەنەكانی لە ناو شاری هەولێر دەبێت. هەروەها ستافی دەنگ و وێنەگرتن و كادیری دراماكە لەدەرەوەی كوردستان هاتوون، لەگەڵیاندا ستافێكی كارامەش لە ناوخۆ لە گەڵیان بەشدارن.
لەم درامایە نزیكەی 30 كەس بەشداری نواندنی دەكەن، لەستافی كاری دەرهێنان و وێنەگرتنیش نزیكەی 25 كەسێك، دەرهێنەری دراماكە وای گوت.
لەبارەی ئاستەنگەكان، بیلال شاكر گوتی: لەبەر ئەوەی كارەكەمان كاری هاوبەشە لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، ئاستەنگی سەرەكیمان دیاریكردنی بوودجە بوو، لێرەدا سوپاسی سپۆنسەرەكانمان دەكەم كە یارمەتیدەر بوون بۆ دەستپێكردنی دراماكە، هەروەها سوپاسی وەزارەتی رۆشنبیری دەكەم كە بەشێكی بوودجەكەی لە ئەستۆ گرت.
جێی باسە، ئەكتەری ناوداری ئێرانی رەزا پریستش كە بە میسی ئێرانی ناسراوە بەشداری لەم درامایە دەكات، هەروەها ئەكتەری رۆژئاوای كوردستان رێشان حەمۆ بە رۆڵی سەرەكی دراماكە بەشدارە.









