ساسان دەروێش – هۆڵەندا
پینج ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ 20ی کانوونی دووەم 2015 ، لە بەیانیەکی زوودا هێشتا خۆر پێڵوی تیشکی چاوەکانی پەخشی شار نەکردبوو، ڕەشەبای مەرگ لەناکاو لە دەرگای کۆچی مامۆستا ئەحمەد سەلام سەعیدی شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووس دا ولەگەڵ خۆی بردی و دڵە گەورەکەی وەستان کە پڕبوو لە ئاواتی سەربەخۆیی کوردستان وشەکانەوەی ئاڵای کوردستان بوو لە ئاسمانی دەوڵەتێکی کوردیدا ، بەڵام بیری جوان وکردارو بەرهەمەکانی بۆ هەمیشە لەناوماندا ماوەتەوە و یادی بەرز ڕادەگرین لە خامەیەکی بەپیزوپاک وبێگەر بۆ ئەدەبی کوردی وخەرمانێک لەبەرهەم و دەوڵەمەندکردنی کتیبخانەی کوردی و دەروێشێکی ڕێبازی کوردایەتی و هەڵگری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و پارتی سەرمەشقی جوانی ئەم پیاوە سادە و ساکارەی نێو ووشەی کوردی بوو کە هەمیشە شانازی پێوەبکەین ، من بۆخۆم شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا کە لەنزیکەوە لە ژێر ڕێنمایی ئەم مامۆستا بەخشندەیە مامۆستا ئەحمەد سەلام و مامۆستا زاهیر سەوز لە دوای سەرلەنوێ دەرچوونەوەی ڕۆژنامەکانی پارتی لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی نووسینگەی ڕۆژنامەی برایەتی و خەبات لە ساڵی 1993 لە تەلاری دەبۆکەی سلێمانی کاری ڕۆژنامەوانی بکەم لەگەل هاوپیشەکانمان هۆشیارجاف و ڕیبوار ئیدریس و هاوژین حەمەڕەشید ، لە هێمنی و کرداری ڕۆژانەی و هەڵسوکەوتی لەگەڵمان وانەی جوان فێربووین کە بوونە بنەمایی بڕوابوونمان بەخۆمان و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگیەکان کە کاری ڕۆژنامەوانی لەوکات و ساتانەدا زۆر زەحمەت بوو لە چاو ئەمڕۆی سەردەمی تەکنەلۆژیا و ئاسانکاری و بچوک بوونەوەی دنیا لە گوندێکی بچوکی میدیادا ، بەداخەوە شەڕی نەگریسی ناوخۆ و هەوری ڕەشی ئەم قوتابخانە جوانەی لەباربرد و سەرئەنجام تاڵانکراو ئێمەش ئاوارەبووین بۆ هەڵەبجەو دواتر بۆ پیرمام ، ئەم لانە جوانەی ڕۆشنبیران ونووسەرانی کورد لە نووسینگەی خەبات وبرایەتی کۆکەرەوەی هەمووچین وتوێژەکان بوون کە ئێواران لە گوێبیستی ووتەجوانەکانیان وگفتوگۆکانیان لە ئەدەب و سیاسەت و کۆمەڵایەتی و برادەرایەتی بیروهۆشمانی دەوڵەمەند دەکرد و ئاشنابووین بەمێژووی کەڵەکەبووی خەڵکی شار و بەرهەم و کردارەکانیان ، هەر لەم شوێنە پیرۆزەشەوە بەندوهۆشیار جاف ومامۆستا ئەحمەد سەلام لەلایەن خوالیخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی بانگهێشتی کۆنگرەی 90 ساڵەی لەدایک بوونی بارزانی نەمر لە پیرمام کراین کە لە 14-17/9/1993ی خایاند بەسەرپەرشتی سەرۆک مەسعودبارزانی و ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ناسراوی کورد وعەرب ، کە تیدا من و هۆشیار جاف دوو بیرەوەری باوکمان تیدا پێشکەشکرد وەک نزیکیان لە بارزانی نەمروشۆڕشی ئەیلول ، مامۆستا ئەحمەد سەلام بابەتێکی بەپێز و چڕوپڕی لە ژێر ناونیشانی نوشوستی یەکەی شۆڕشی ئەیلوول نە هەرەس بوو نە ئاشبەتاڵ پێشکەش کردکە زۆر بە ووردبینیەوە ئەم ووشانەی شیکردەوە لە پەیمانەکەی جەزائیر و کارەساتی شۆڕشی ئەیلوول و گوتی هەندێک نووسین هەیە بۆ ئەم بابەتانە ئەگەر ناوی کەسەکان لابردێن هەست دەکەی ناحەزانی کورد نووسیویانە نەک کورد و بەچەندین بەڵگەی جیاواز بەربەرچی ئەم ووشانەی داییەوە ، لە کۆتایشدا دەڵێم مامۆستا ئەحمەد سەلام مێژووییەکی جوانی بۆ خۆی ونەوکانی و هاوریان و دۆستەکانی وگەلەکەی تۆمارکرد کە هەموو جواناوی خۆی لە پێنووس وکاغەز و نووسین بەڕێکرد وێرای نالەباری گوزارانی ژیان و سەختیەکانی ولەگەل ئەوەشدا هەمیشە بەئومێدەوە دەیڕوانیە پاشەڕۆژی نەتەوەکەی بە شیعر و چیرۆک و نووسین وەرگێران گوزارشتی لە ناسنامەی نەتەوەکەی دەکرد ، بەداخەوە بەهۆی چوونم بۆ هەندەران لە ساڵی 1996 لەم کەسە نزیکەم دابڕام بەڵام لە دوای هەر گەڕانەوەیەم بۆ نیشتیمان بێ سەردانی کردن و دیداری مامۆستا نەگەڕاومەتەوە ئەویش بەیاوەری ڕۆژنامەنووسی گەنج زانیار سەردار قڕگەی لە چایخانەی شەعب دەمان دی ولەگەڵ قسەخۆشەکانی وبیرەوەریەکانی چایەکمان لەگەڵ دەخواردەوا و ئەو ڕۆژەم لەگەڵ ئەو تێدەپەڕاند، لەهەمان چایخانە دەفتەرێک هەیە بەناوی کەشکۆڵی شەعب کە زۆرینەی کەسایەتی ناسراوی شار و کوردستان تیدا بەدەستوخەت گوزارشتیان لەم چایخانەیە کردوە ومامۆستا ئەحمەد سەلامیش بەهەمان شێوەش نووسراوێکی هەیە لە 2/2/2008 ودەڵێت : بۆ هەموو ئەوانەی وەک من خولیای ئەم چایخانەیە گرتوونی کاتی ڕۆژانەی خۆیانی تیابەسەردەبەن ، سڵاو ، ڕاستیەکەی چایخانەی شەعب بۆتە هەوارگەی کوڕانی شار بەهەمووچین وتوێژ و ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتیانەوە ، ئیتر ئەتوانم بڵێم شوێنێکی ئازیزە لای هەموان وەک بەشێکی ماڵەوەی لێ هاتوە ، بەلای هەموانەوە ،هەروەها مامۆستا ئەحمەد لە درێژەی نووسینەکەشی دەلیت : – من بەشبەحاڵی خۆم ئێرە بۆتە بەشێک لە ڕەوانەوەی خولیای ڕۆژانەم چونکە لێرەدا بە بینینی زۆر دۆست وهاوڕێ گەڵی لەخەمەانی ڕۆژانەمانی تیابەبادەدەین ، دیارە ئەمە وەک بۆمن وایە بۆ هەمووئەوانی تریش هەر وەهایە ، ئیتر ئومێدەوارم ئەم شوێنە وەک هەوارگەیەکی پیرۆزی ئەم شارە لەگەشەکردن وبرەودان دابێ هەڵسوڕینەرانیشی تەمەن درێژبن
بەشێک لە وێستگەکانی ژیانی
مامۆستا ئەحمەد سەلام سەعید ، لە ساڵی 1941 لە گەڕەکی کانێسکان لە شاری سلێمانی لەدایک بووە ، بەڵام قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی وناوەندیی وئامادەیی لە شاری کەرکووک تەواوکردووە لە ساڵی 1964 -1965 کۆلێژی ئاداب – بەشی کوردی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە ، پاشان لە نێوان ساڵانی 1967-1990 لە شاری سلێمانی مامۆستا وبەڕیوەبەری قوتابخانەناوەندییەکان بووە و لەساڵی 1990 داخانەنشین بووە ، لە ساڵی 1993 لە دامەزراندنی نووسینگەی سلێمانی رۆژنامەی برایەتی و خەبات لەگەل زاهیر سەوز بەرپرس بوون ، لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکاندا ، دەستی داوەتە نووسین و بابەتی لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیشدا بەشداری کردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان بەدواوە بۆتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد ، بەداخەوە لە 20ی کانوونی دووەم 2015 لە کاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی دڵە گەورەەی بۆ هیجگاری لەلێدان کەوت و ماڵئاویی لێکردین و بەخاكی پیرۆزی کوردستان لە شاری سلێمانی سپێردرا .









