محەمەد عومەر پێنجوێنی
شۆڕشگێڕی ناوداری كورد و پاشای كوردستان شێخ مەحموود كوڕی شێخ سەعید كوڕی شێخ محەمەد كوڕی كاك ئەحمەدی شێخ لەڕۆژی 9/10/1956دا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی بەغدا كۆچی دوایی كرد و تەرمی پیرۆزی بەڕێزێكی زۆر لەناو ئاپۆڕای خەڵكی دڵسوزی شێخی نەمر و كورد و كوردستان لە تەنیشت گۆڕی كاك ئەحمەدی شێخ لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاك سپێردرا. ئەم كەسایەتییە مەزنەی كورد لەساڵی 1881دا لەسلێمانی لەدایكبووە، زانستی فیقەی و شەریعەت و داڕشتن و بنچینەی تەسەوفی خوێندووە و لەساڵی 1904دا لەگەڵ شێخ سەعیدی باوكی سەردانی ئەستەمبوڵیان كردووە و چاویان بەسوڵتان عەبدولحەمید كەوتووە و ڕێزێكی زۆریان لێنراوە. كاتێك لە دەسەڵاتی عوسمانی لە كۆتاییەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی لە ناوچەی سلێمانی هێزەكانی خۆی دەكێشێتەوە، شێخ مەحموود لە 1918.11.15دا میرییەكی كوردی لە كوردستانی باشوور دادەمەزرێنێ، لەم هەنگاوەیدا مەیجەر نۆئێلی فەرمانڕەوای ڕامیاری بەریتانیا لەكوردستان پشتگیریی دەكات و حەز دەكات كورد دەسەڵاتێكی ڕامیاری خۆی هەبێ و جودابێ لە عێراق. ستیڤن لۆنگریك لە پەرتووكەكەی (عێراق لە 1900 - 1950)دا لەبارەی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموودەوە دەڵێ: دەسەڵاتی فەرمانڕاویی شێخ مەحموود ناوچەكانی هەڵەبجە و سلێمانی تا دەگاتە ڕەواندزی گرتەوە و ماوەیەكیش كۆیە و ناوچەكەیشی سەربە میرییەكەی شێخ بوون و بەدەیان سەرۆك خێڵی كوردی كەوتنە پاڵی و كوردی بووە زمانی فەڕمیی میرییەكەی و فەرمانبەری لە كورد بەولاوە كەسی تر نەبوون. شێخ مەحموود هەستی دەكرد بەریتانیا بەدڵ لەگەڵ كورد نییە و وردە وردە لە پەیمان و بەڵێنەكانی كە بەكوردی دابوون پاشگەز دەبێتەوە، بۆیە لە ڕۆژی 21ی مایسی 1919دا سەربەخۆیی دەسەڵاتەكەی ڕاگەیاند و ئینگلیزەكانی لە سلێمانی و ناوچەكانی وەدەرنا و هەندێكیشی بەدیل گرتن. بەڵام زۆری پێنەچوو ئێنگلیزییەكان هێزێكی چەكداری گەورە و گرانی خۆیان كۆكردەوە و لە قۆڵی كەركووكەوە بەرەو سلێمانی هاتن و لە دەربەندی بازیان بە لەشكری خۆبەختكاری شێخ مەحموود گەیشتن، بە چەكی نوێ لە كوردیان دا و لە ئەنجامدا شێخی نەمر لە پەنا بەردە قارەمان بە برینداری بەدیل گیرا و بردرا بۆ بەغدا و دادگای سەربازی فەرمانی لەسێدارەدانیدا، بەڵام دوایی بیریان لەوە كردەوە، گەر شێخ مەحموود بكوژرێ باری كوردستان پتر ئاڵۆز دەبێ و شێخیش دیلەكانی ئێنگلیزی نەكوشتوون و هێرشی نەكردۆتە سەر سوپای بەریتانیا، بەڵكو لەباری بەرگری لە خۆكردندا بووە، بۆیە بڕیاریان دا فەرمانی سزاكەی سووك بكرێ و دوور بخرێتەوە بۆ هیندستان. لەپاش دوورخستنەوەی شێخ مەحموود لە سلێمانی، باری ئاسایشی كوردستان پتر تێكچوو، بۆیە بەریتانیا بیری لە هێنانەوەی ئەو پاشایەی كوردستان كردەوە بۆدامركاندنەوەی ئەو پشێوییە، وابوو ئێنگلیزەكان لەكۆتاییەكانی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1922دا شێخ مەحموودیان هێناوە كوردستان و پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و ناویان نا پاشای كوردستان و لەمانگی تشرینی دووەمی 1922دا میرییەكی نوێی دامەزراند و میری بەریتانیا و مەلیكی عێراق فەیسەڵی یەكەم دانیان پێدا نا. بەڵام ئەم جارەش بەریتانیا لەگەڵ كورد سەر ڕاست نەبوو، بەتایبەتی كە پەیمانی سیڤەر پووچەڵ كرایەوە و لەشوێنی ئەو پەیمانی لۆزان لە1923.07.24دا لەگەڵ توركیای كەمالی مۆركرا، دووبارە لە میرییەكەی شێخ مەحموود دراوە و ماوەیەك پاشا مەحموود چووە چیای سورداش و دوایی گەڕایەوە سلێمانی. بەڵام لەساڵی 1924دا سوپای عێراق بە پشتگیری تانك و تۆپ و فڕۆكەی بەریتانیا سلێمانی داگیركرد و بەریتانیا خودموختاریشی بۆكورد بە ڕەوا نەبینی، تەنیا ئەو مافەی دا بە كورد كە فەرمانبەرەكانی كوردستان كورد بن یا كوردیزان بن و زمانی كوردی بكرێ بەزمانی فەڕمی لەناوچەكەدا. دوای ئەمە نامەیەكی فەڕمییان بۆ شێخ مەحموود نارد و تێیدا نووسییان لەوە زیاتر چی دیكەتان پێ نادرێ. دوا ڕاپەڕینی شێخ مەحموود لەدژی میری عێراقی لەژێر چاودێری بەریتانیا لەدوای شەڕەكەی بەردەركی سەرای سلێمانی و كوشتنی دەستەیەك لەخۆپیشاندەران بوو، كە ئەوساكە لەدیوی كوردستانی ئێران لە (پیران) دادەنیشت، كە هەواڵی ئەو ڕاپەڕینەی میللەتی زانی، هاتە دیوی پێنجوێن و ئەو ناوچەیەی ئازاد كرد و پیاوماوقوڵی ئەو ناوەی كۆكردەوە و بەهەموویان لەسەر ڕاسپاردەی شێخی نەمر یادداشتێكی توندیان بۆنوێنەری بەریتانیا لەبەغدا نووسی و داخوازییەكانی گەلی كوردیان تێدا نووسی، كە بریتی بوون لەمانەی خوارەوە: ❊ دامەزراندنی وڵاتێكی كوردی لە زاخۆوە تا پشتی خانەقین و هیچ عەرەبێك نە سەرباز نە سیڤیل لەم شوێنەدا نەمێنێ. ❊ ئەم ناوچەیە واتە كوردستان لەژێر چاودێری بەریتانیادا بی تاكو كۆمەڵی ئەقوام (عصبە الامم) بڕیارێكی لەسەر دەدات. ❊ بەڕەڵڵاكردنی ئەو كەسانەی بەهۆی (شەڕی بەردەركی سەرا)وە گیراون و دوورخراونەتەوە بگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان. ❊ هەر ئەفسەر و فەرمانبەرێكی كورد لە وڵاتی عەرەبستاندا هەیە بنێردرێنەوە بۆ كوردستان. ❊ لەگەڵ پێشكەشكردنی ئەم یادداشتە، دەستەیەك لە ئەفسەرانی كورد لە سوپای عێراق هاتنەدەر و چوونە پاڵ بزووتنەوەكەی شێخی نەمر، لەوانە مەحموود جەودەت، حەمید جەودەت، كامیل حەسەن، هەروەها ماجید مستەفاش خۆی ئامادەكرد بۆ گۆڕەپانی جەنگ لە پێناو سەرخستنی داخوازییەكانی كورد. كاتێك كە شێخ مەحموود هیچ وەڵامێكی بەدەست نەگەیشت، لە ئاوباریك كەوتە شەڕێكی قورس لەگەڵ سوپای عێراق، بەڵام لەبەر ناهاوسەنگی لەچەك و تەقەمەنی و هێزی شەڕكەر، شێخی نەمر ناچاربوو لە ڕۆژی 13/5/1931دا خۆی بەدەستەوە بدات و برا بۆ بەغدا و سەماوە و لەدواییدا بۆ ناسریە، ئینجا گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا، تاكو لەساڵی 1941دا لەكاتی شەڕەكەی ڕەشید عالی گەیلانی لەدژی بەریتانیا خۆی لەژیانی دەستبەسەری لە بەغدا ڕزگار كرد و چوو لە گوندی داری كەلی دانیشت و دواكاتی ژیانی لێ بەسەربرد هەتا كۆچی دوایی كرد، میللەتی كورد هەر بە پاشای كوردستانیان زانی و گیانی پاكی چووە بەهەشتی نەمرانی كورد و كوردستان.









