سیروان مینە خان
وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە دوای جەنگی ساردەوە لە ململانێی نێوان هەردوو بلۆكی كۆمێنیستی و بلۆكی سەرمایەداری كە بە ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت ساڵی 1989 كۆتایی پێهات، ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گۆڕانكاری بەسەرداهات، لەوێوە ستراكچەری نێودەوڵەتی تاك جەمسەرە و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا یەكەمین وڵات و دواهەمین وڵاتی جیهانە “only and lonely” لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمەوە سیاسەتی ئەمەریكا گۆڕانكاری بەسەردا هات و سیاسەت و یاسای نێودەوڵەتی چەندین بنەما و ڕێسای جیاوازی لەخۆگرت وەك ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دەستتێوەرنەدان و بەكارنەهێنانی هێزی سەربازی دژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتان و چەندین یاسای تر تا هێرشەكەی 11 سێپتێمبەری 2001 وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سیاسەتی بەرگری لە پێگە و هەژموونی خۆی و هەوڵدان بۆ پێشخستنی توانا و هێزی سەربازی و ئابووری و تەكنەلۆژی گۆڕی بۆ سیاسەتی هێرش بردن “Offensives” كەوا دوای ڕووداوەكەی 11ی سێپتێمبەر جۆرج بوشی كوڕ وتارێكی پێشكەش كرد كە جیهانی دابەشكرد بۆ دوو بەشەوە یان لەگەڵ ئەمەریكا و دژی تیرۆر یاخود دژی ئەمەریكا و لەگەڵ تیرۆرستان. بۆ ڕێگریكردن لە تیرۆرستان پرسی كاڵبوونەوەی سەروەری سەریهەڵدا بە بیانووی نەهێشتنی تیرۆریستان و پاراستنی مافی مرۆڤ، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەموو جۆرە دەستتێوەردانێك “intervention” و ڕووبەرووبوونەوە و سیاسەتێكی گرتبەر، ئەمەش هەل و مەرجێكی لەبار بوو بۆ چەسپاندنی زیاتری بەها و بنەماكانی ئەمەریكا بەسەر جیهاندا و هەروەها زیادبوونی پێگە و هەژموونی ئەمەریكا وەك تاكە زلهێزی جیهان. بەڵام ئەم كردەوانە ڕەوایەتی و ڕای گشتی لەگەڵ نەبوون بەڵكو دوای رووداوەكانی 11ی سێپتێمبەر زۆرترین ڕەخنە لە ڕەفتارەكانی ئەمەریكا گیراوە بەهۆی پێشلكاری و دەرچوونی لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان، لەم بارەیەوە “نای” ئاماژە بەوە دەدات كە وڵاتە یەكگرتووەكان دوای ڕووداوەكەی 11ی سێپتێمبەر زۆرێك لە بەها و پرەنسیپ و هێزی نەرمی خۆی لەدەستدا لەبەرامبەریشدا بوو بە وڵاتێكی زلهێز و كاریگەر و هەژموونكەر. جۆن مێرشایمەر تیۆرێستی “Regional hegemony” هەژموونگەرایی ناوچەیی باس لە ستراتیژیەتی ئەمەریكا دەكات، كە سیاسەتی هەژموونی هەرێمی دەگرێتەبەر بۆ بەهێزكردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی، هەربۆیەش ئەمەریكا لەسەر ئاستی هەرێمی تاكە زلهێزە و دواتر هەوڵدەدات لەگشت هەرێمەكانی دیكەی جیهاندا هەژموونی هەبێت و ڕێگە نەدات هیچ دەوڵەتێكی بەهێز دروست بێت، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی جیۆستراتیژین و گرنگن ڕووبەڕووی هەر هێزێك دەبێتەوە كە بەربەست بێت بۆ سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمەریكا و مەترسی بێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی، هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەمەریكا هەوڵ دەدات سیاسەتی دەورەدان “containment” بگرێتەبەر بۆ دەورەدانی چین وەك ڕكابەری سەرەكی ئەمەریكا هەروەها ڕێگریكردن و لێدان لە هێزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە وەك مەترسی و بەربەستێك بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، هەر لە ئەنجامی گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ئەمەریكا هەوڵدەدات پێگە و هێزی ئەو وڵاتانە كەم بكاتەوە بە دەورەدان و لاوازكردنیان لەڕووی ئابووری و سەربازی كە بە دوو سەرەكیترین فاكتەری هێز دادەنرێن لە وڵاتدا. ئەم سیاسەتە تەنها بەرامبەر یەكە فەرمیەكانی سیستمی نێودەوڵەتی “دەوڵەت” ناگرێتەبەر بەڵكو لەگەڵ كارەكتەرە نادەوڵەتیەكانیش “non-state actors” ئەنجام دەدات وەك گرووپەكان، كەسایەتییەكان و هەر هێزێك كە مەترسی بێت بۆ سەر هەژموون و پێگە و بەرژەوەندی ئەمەریكا، دەكرێت كوشتنی سەركردەی هێزی قودس “قاسم سولەیمانی” و جێگری سەركردەی حەشدی شعبی “ابو المهدی المهندس” لەسەر بنەمای ئەم تیۆرە شیبكرێتەوە كە سەلمێنەری ئەوەیە سیاسەت و ستراتیژیەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕووبەرووی هەر هێزێك دەبێتەوە كە جێگای مەترسی و زیان بێت بۆ سەر بەرژەوەندی و ئامانجەكانی ئەمەریكا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.









