خەبات-عەلی بانیشاری
بەبۆچوونی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكانی خانووبەرە ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردووی عێراق كاریگەری راستەوخۆ دەبێت لەسەر بازاڕی زەوی و زار لە باشووری كوردستان. ئەوان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بەهۆی نزیكایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەر رووداوێكی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە عێراقدا رووبدات كاریگەری لەسەر باشووری كوردستانیش بەجێدەهێڵێت. وەكو خاوەنی نوسینگەكانی خانووبەرە دەڵێن” ئاڵۆزییەكان عێراق بازاڕی خانووبەرەی لە باشووری كوردستان وەستاندووە”.
موخلیس محەمەد، بەڕێوەبەری لقەكانی كۆمپانیانی حاجی سەلام بۆ خانووبەرە لە هەولێر بە(خەبات)ـی راگەیاند” بەهۆی ئەوەی سەرەتای هەفتەیە و دەستپێكی ساڵی نوێیە هێشتا بازاڕی خانووبەرە بەتەواوی دیار نییە”. دەشڵێت” خۆپیشاندانەكانی عێراق كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەر هەبووە، بەڵام رووداوەكانی رۆژی هەینی بەغدا هێشتا كاریگەرییەكانی بەتەواوی بەدیار نەكەوتووە و دەبێت تا ناوەڕاستی هەفتە چاوەڕوان بین”.
سەردار ئازاد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەملاك بۆ خانووبەرە كە 6 لقی لە شاری هەولێر هەیە رۆژی شەممە بە (خەبات)ی راگەیاند” چاوەڕوان دەكرا پاش ساڵی نوێ بازاڕی خانووبەرە جوڵەیەكی باش بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام گرژییەكانی عێراق وایكرد خەڵك ترسی لا دروست ببێت و كڕین و فرۆشتن بە خانوو و زەوی و شووقە نەكات”. گوتیشی” ئاڵۆزییەكان كاریگەری زۆری لەسەر بازاڕی خانووبەرە هەبووە”.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەملاك ئەوەشی گوت” لەگەڵ ئاڵۆزییەكان ئەو كەسانەی دەیانویست زەوی و خانوو و شووقە بكڕن ئێستا كشانەتەوە و ئەوانەشی دایاننابوو بیفرۆشن زۆر بوون، كەمبوونەوەی خواست لەسەر زەوی و زار وایكردووە نرخ بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت”. سەردار ئازاد دەشڵێت” ئەگەر دۆخی عێراق بەم شێوەیە درێژەی هەبێت ئەوا تا دوو هەفتەی تر بازاڕی خانووبەرە زیاتر دێتە خوارەوە”.
ناوبراو باس لە بۆچوونێكی دیكە لەسەر بازاڕی خانووبەرە دەكات و دەڵێ” بۆچوونێك هەیە كە پێی وایە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی عێراقەوە سەرمایەدارە عەرەبەكان روو لە باشووری كوردستان دەكەن و لێرە زەوی و خانوو و شووقە دەكڕن و ئەوەش وا دەكات بازاڕی خانووبەرە هەستێتەوە، بەڵام ئەمە بۆچوونێكی لاوازە و بڕوا ناكەم سەر بگرێت”. بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەملاك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە خراپی باری ئەمنی عێراق دڵەڕاوكێی لای خەڵكی باشووری كوردستانیش دروست كردووە و لەئێستادا ناوێرن پارەكانیان خەرج بكەن.
ئەحمەد پیرۆت، خاوەنی نوسینگەی بێكڵۆ بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو و دوكان لە شارۆچكەی كەسنەزان بە (خەبات)ـی گوت” تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی عێراق وایكردووە كڕین و فرۆشتن بە زەوی و زار بوەستێت، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت كەس ئامادە نییە لەم دۆخەدا كڕین و فرۆشتن بە زەوی و خانوو بكات، چونكە دیار نییە ئەم دۆخە بەكوێ دەگات”.
رێباز سەیفەدین، خاوەنی نوسینگەی هاوبەش بۆ خانووبەرە لە شاری هەڵەبجە بە(خەبات)ـی گوت” لە رووی ئابووری و سیاسییەوە هەرێمی كوردستان پەیوەندی راستەوخۆ بە عێراقەوە هەیە، بۆیە هەر ناسەقامگیرییەك لە عێراقدا رووبدات كاریگەری لەسەر باشووری كوردستانیش دەبێت، ئاڵۆزییەكانی بەغدا بازاڕی خانووبەرەی وەستاندووە و كڕین و فرۆشتن بە تەواوی كەمیكردووە”. ناوبراو گوتیشی” ئەگەر لە بەسرەش بارودۆخ تێكبچێت لە هەڵەبجە بازاڕی خانووبەرە دەوەستێت و خەڵكی ترسیان لا دروست دەبێت”.









