لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی دوو موشەك لە بەغداد و 3 موشەك لە بەلەد، 3 هاوڵاتی مەدەنی و 3 سەرباز برینداربوون. سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق رایگەیاند، ئەمشەو دوو موشەك ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز لە بەغداد كراون، بەڵام دوور لە ئامانجەكانیان كەوتونەتە خوارەوە. سەرچاوەكە زانیاری زیاتری ئاشكراكردوەو رایگەیاندوە، یەكێك لە موشەكەكان لە ناوچەی جادریە كەوتوەتەخوارەوە و لە ئەنجامدا 3 هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، موشەكەكەی تریش لە نزیك گۆڕەپانی ئاهەنگەكان كەوتوەتە خوارەوە و هیچ زیانێكی لێنەكەوتوەتەوە. سەبارەت بە هێرشەكەی سەر بنكەی ئاسمانی بەلەدیش كە دەكەوێتە باكوری شاری بەغداد، سەرچاوەكان رایانگەیاندوە، لەو هێرشەشدا 3 موشەك ئاراستەی بنكەكە كراون. سەرچاوەكان ئاشكرایانكردوە، یەكێك لەو 3 موشەكەی ئاراستەی بنكەی ئاسمانی بەلەد كراوە، لە نزیك فڕگەی فڕۆكەی F16 كانی عێراق كەوتوەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا 3 سەرباز برینداربوون.