شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
راگەیەندراوەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆخی عێراق و بە دیاریكراویش پەیوەست بە پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، وێڕای ئەوەی جەختكردنەوەی هەولێر بوو لە بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەولێر و واشنتۆن و پاڵپشتیی هەولێریشی بۆ ئەمەریكا دووپاتكردەوە، ئاماژەیەكی دیكەشی دا دۆخی عێراق ئەگەر بەمجۆرەی ئێستای بەردەوامبێت، كۆمەڵگەی عێراقی دووچاری هەمان دۆخی سووریا دەبێتەوە، ئەگەرچی ناوی سووریای نەهێنا، بەڵام بە روونی دەڵێت پەلاماردانی باڵیۆزخانەكە پێشهاتێكی مەترسیدارە.
پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لەكاتێكدایە كە عێراقییەكان خۆیان ناتوانن وەك مرۆڤ بژین! مەزهەب لە سەرووی مرۆڤەوە داندراوە و لەبری سەروەری یاساش مەرجەعیەت بڕیار دەدات و هێز دەجوڵێنێ و شەقامیش دەخرۆشێنێت بە هاندانی خەڵك بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پەلاماردانی باڵیۆزخانەی وڵاتان و بارەگەكانی میری، ئەمەش دەرئەنجامی مەترسیداری ئەوتۆی لێدەكەوێتەوە كە دواجار خودی عێراقییەكان تێیدا زیانمەند دەبن و مەرجەع و پیاوە فاشیلەكانی مەزهەبیش وەك ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، بۆی دەردەچن و میللەتیش لەناو ئازار و مەرگەساتدا نقووم دەبێت.
پەلاماردانی باڵیۆزخانەكە وێڕای ئەوەی هیچ ئەنجامێكی باشی بۆ گرووپە توندڕۆ و تێكدەرەكانی عێراق لێنەكەوتەوە، هاوكات زیانێكی گەورەشی پێگەیاندن، ئیدی ئەمەریكا هەم هێزی زیاتر دەهێنێتە عێراق و هەمیش چاوەكانی زیاتر كراوە دەبن، بەوپێیەی چوونەدەرەوەی ئەمەریكا لە عێراق لە ئەجێندای واشنتۆندا نییە، ئاخر عێراق نەوتی زۆرە و شوێنێکی گرنگی جوگرافی هەیە و ئێرانیش بە سوودوەرگرتن لە شیعە دەیەوێت بەغدا بخاتە ژێر هەژموونی خۆی، ئەمەریكاش بە راشكاوی خۆی بە خاوەنی عێراق و نەوت و خاكەكەشی دەزانێت، بەوەی لە چنگی سەددام و گرووپەكەی دەری هێناوە، پارەیەكی زۆر و تاقەی سەربازی و بەشەری لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن لە عێراقدا خەرجكردووە، ئینجا عێراقییەكان ئارەزووی خۆیانە چۆن بیردەكەنەوە، پێیانخۆش بێت یان ناخۆش، ئەمەریكا دەڵێ من خاوەنی عێراقی ئێستام و ئەو دەموچاوانەی ئێستای عێراقیش لە ئەنجامی گورزەكانی واشنتۆن وەك دۆمبەڵان هەڵتۆقیون.
راگەیەندراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئیدانە دەكات و مانەوەی ئەمەریكاش لە عێراق بە پێویست دەزانێت، پەیامێكیش بە خەڵكی عێراق دەدات كە بەردەوامی لەسەر ئەو جۆرە رەفتارانە زیان بە بەرژەوەندییەكانی عێراق دەگەیەنێت، هاوكات داعش و قاعیدەش بەبیری عێراقییەكان دەهێنێتەوە بەوەی ئەگەر ئەمەریكا نەبووایە، ئێستا بەغدا لەژێردەستی داعشدا دەبوو، دەتوانین لەپشتی ئەو پەیامەوە ئەوەش بخوێنینەوە ئەگەر ئەمەریكا بیەوێ ئەو دەموچاوانەی بەغدا بە دەردێك دەبات تەنانەت خۆیانیش نەزانن چ دەردێكە!
راگەیەندراوەكە وێڕای ئەوەی رووی لە شەقام و سیاسییەكانی عێراق بوو، بەڵام بەدیوێكی دیكەی بە عێراقییەكانی گوت هەولێر مۆڵگە و پەناگەی هەر ئەمەریكییەكە كاتێك ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە داواش لە عێراق دەكات ژیانی دیپلۆماتكاران بپارێزێت. هەروەها راگەیەندراوەكە لەكاتێكدایە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا تەواوی كارەكانی راگرت و داواش لە هاووڵاتییان دەكات نزیكی باڵەخانەكە نەكەونەوە، بەڵام پێدان و مامەڵەی ڤیزا و كاروبارەكان لە كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر رایی دەكرێن، هەر ئەمە پەیامێكی روونە بۆ عێراقییەكان كە هەولێر جیهانێكی جیاوازە لەناو جیهانی شڵەژاوی عێراق.









