خەبات: پیرمام- سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
دوایی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مهاباد و بڕیاری كۆڵنەدان لە خەبات و بەرگری، رابەری رۆحی نەتەوەی كورد (بارزانیی نەمر) لە گەڵ500 كەس لە هەڤاڵانی رێگای مان و نەمانیان هەڵبژارد و لە 18/6/1947/ لە رووباری ئاراس بپەڕنەوە بۆ ناو خاكی روسیا (یەكێتی سۆڤیەتی جاران)، بۆئەوەی دەنگ و هاواری خەڵكی كوردستان بگەیەننە جیهان و یەكێتی سۆڤیەتی جاران و بەردەوام بن لە خەبات و تێكۆشان. (بارزانیی نەمر) و هەڤاڵانی بۆ ماوەی12 ساڵ كە لە سۆڤیەتی جاران بوون زۆر بەسەرهات و رووداو و یادەوری تر ماوەن كە تاكو ئێستا نەدركاون. لەوانە.. هەندێك لە ئەو هەڤاڵە تێكۆشەرانە لە غوربەتیدا ژیانی هاوسەریان پێكهێنا، هەندێك لە ئەو ئافرەتانەی لە كاتی گەڕانەوەی هەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر بۆ كوردستان 16/4/1959 لە گەڵ هاوسەرەكەیان بە مناڵەوە نەگەڕانەوە، یاخود خانەوادەكانیان نەیانهێشتووە لە گەڵ هاوسەرەكەیان بگەڕێنەوە بۆ كوردستان. ئینجا دوای راپەرینی1991 لە سایەی ئازادی كوردستان، پەیتا پەیتا كەس و نەوەی جێماو لە رووسیا خۆیان یان منداڵەكانیان سەردانی خزم و كەسیان دەكەن لە كوردستانی ئازاد. (فاتیما حەسەشار) كچی خوالێخۆشبوو (حوسێن ئەحمەد تاهر ئیشوكۆرێ) ناسراوە بە (حەسەشار) یەكێكە لەو كەسانەیە لە گەڵ 2 خوشك و1 برا دایكی لە روسیا مابوونەوە. (حوسێن ئەحمەد تاهر ئیشوكۆرێ)ناسراوە بە (حەسەشار) باوكی (فاتیما) یەكێك لەو پێشمەرگە دڵسۆزانە بووە كە لەگەڵ برای پێشمەرگەی گیانفیدا (سلێمان حەدو شینۆ ) بەشداریان لە شۆڕشی دووەمی بارزان و بەرگریكردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و هەروەها لە مەهاباد هاوسەر و2 كوڕ و2 كچی لە ئەنجامی نەخۆشی كۆچی دواییان كربووە.
(حەسەشار) باوكی (فاتیما) ، دوای گەڕانەوەی لە رووسیا، بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردووە و دوای نسكۆی شۆڕش ئاوارەی ئێران بووە و لە 11/1/1991/ كۆچی دوایی دەكات. دوای راپەرین (شەهید زەكری) كە ئەویش كوڕی (حەسەشار)ە لە پێناو كوردستان شەهید دەبێت. ئەم خانەوادە تێكۆشەرە لە بنەماڵەیەكن كە خزم و كەسیان شەهید و ئەنفالكراون لەپێناو خاكی كوردستان. رۆژنامەی خەبات بە ئەركی سەر شانی خۆمان زانین كە لە پیرمام لە ماڵی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و ڕاپەرین (عەشقی حەسەشار) برای ( فاتیما حەسەشار)لە نزیكەوە چاوپێكەوتن لە گەڵ خاتوو (فاتیما حەسەشاری) بكەین و لەنزیكەوە بیناسین و باسی چۆنیەتی هاتنەوە بۆ كوردستان بكات، هەروەها خاتوو( زولڤیرە ) كچی خوشكی فاتیما حەسەشار ئەوەیش روسیە و خۆشەویستییەكەی بۆخاكی كوردستان و كەسوكاری وایكرد ببێتە بووكی برای(عەشقی حەسەشار). لەم دیمانەیەدا پرسیارو وەڵامەكانمان بۆ وەرگێڕانە سەر زمانی كوردی و سڵاوی رۆژنامەی خەباتمان پێ ڕاگەیاندن و ئەوانیش زۆر دڵیان خۆشبوو كە پارتی و رۆژنامەی خەبات تێكۆشەرانی دوێنێیان لە هەر یادە.
خاتوو(فاتیما حوسێن) لە بارەی ژیانی، بە هەستێكی زۆر قوڵەوە وەڵامی خەباتی دایەوە:
من (فاتیما)كچی پێشمەرگە (حوسێن ئەحمەد ئیشوكۆرێ) ناسراو بە(حەسەشار)م، باوكم خەڵكی دەڤەری بارزانە، ناوی دایكم(لیڤایە زیتوڵا عەلی) باوكم لەگەڵ مامم(سلێمان حەدو) یەكێك لەو قارەمانانە بوون كەلە گەڵ رابەری كوردستان (بارزانیی نەمر) لە ساڵی1947 بۆ درێژەدان بە خەبات لە پێناوی كوردستان هاتنە روسیا (سۆڤیەتی جاران)، من ساڵی1954 لە سەدسەف فوز ژئۆزبەكستان لە دایكبووە، تەمەنم یەك ساڵ بووە كە لەگەڵ باوكم چووینە تاشكەند لە ڤریڤیسكی، تەمەنم5 ساڵ بووە كە باوكم باسی گەڕانەوەی بۆ كوردستان دەكرد و دواتر لەگەڵ مامم وهەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر لەساڵی1959 بە كوردستان شاد بوون.
بۆچی دایكی تۆ نەگەڕایەوە، خاتوو( فاتیما) بە چاوەكانی پڕ فرمێسیك گوتی:
نازانم بۆچی؟ چونكە دایكم زۆر غەریبی و ئاوارەی بینیبوو، چونكەلەگەڵ شەڕی ئالمانیا و روسیا چەندەها جار نەفی كراوەن،هەروەها باوكم پێش چوونی بۆ كوردستان گەرچی ئەوكات منداڵ بووم و ئێستاش ئەو روخساری باوكم هەر لە بەرچاوە، دایكم بە خۆی بۆ ئێمە چەندجار دەگێرایەوە كە باوكم بە دایكمی گوت: وەرە لەگەڵمان بابڕۆین هەڵبەت زۆرێت لێ ناكەم، لەوانەیە دایكم پێی خۆش بووبێت، بەڵام بنەماڵەكەی لەوەدڵگران بوون، ماڵی ئێمە بەبێ باوك زۆر ناخۆش بوو، دوای گەڕانەوەی باوكمان بۆ كوردستان ئێمە لای داپیرمان ژیانمان بەسەر برد، دایكم سەربودەی خەباتی باوكم و هەڤاڵانی لەگەڵ بارزانیی نەمر بۆ باسی دەكردم، كاتێك باوكم لە ئاوارەی دا لەگەڵ چەند هەڤاڵی لە سەدسەف فوز لە ئوزبكستان بوون لە ساڵی1951 باوكم ژیانی خێزانی لەگەڵ دایكم (لیڤایە) پێك هێناوە و من لە ساڵی1954 لە دایكبوومە كە لە خوشكەكانم عایشە و خوالێخۆشبوو حەلیما بچووكترم و برام ئەندازیار ئیسماعیل بچووكترە خانەوادەی دایكم لە بەر شەڕی ئالمانیا ئاوارەی ئەو شوێنە بوون، ئێستاش و هەمیشە یادی تەمەنی منداڵیم دەكەم لەگەڵ باوكم و مام سلێمان و خوشك و برا و دایك و كەسوكارم هەموو كاتێك ئەو رۆژانەم لە خێال دایە كە باوكم چەند بەرەحم و باش بوو و خۆشەویست بووە و هەرچی پێویست بووە بۆ ئێمە درێغی نەكردووە و هەتا وێنەی باوكم و خوشك و برا و دایكم كە چەندەها ساڵ لای خۆمان پاراستووە و لای خۆمان هەڵگرتووە كە خۆزگە رۆژێك دەبوو كە لە نزیكی باوكمان دەبووین و بەیەك شاد دەبووینەوە بۆ جارێكی تر و هەتا دایك و بابی من یەكتریان خۆش دەویست و هەموو جار دایكم بە ناوەكی تر بانگی باوكی من دەكرد و پێ دەگوت: (حەسەن)، دیسان شەوی پێش گەڕانەوەی باوكم بۆ كوردستان خوشكی من عایشە دەیگوت: پێش گەڕانەوەی ئەو كات باوكی من نەنوست بوو، سەری سپی بوو و زۆر عاجز بوو، چونكە وا هەستی دەكرد هەر دەگەڕێتەوە بەڵام بە بێ ئێمە زۆر ناخۆشە بۆیە هەتا بەیانی هەر بەدایكی من دەگوت لەگەڵمان بگەرێوە، بەڵام قسمەت نەبوو…
هەستت دەكرد كە تۆ كچێكی كوردی ئەم خاك و نیشتمانیەی؟.
بە هەستێكی قوڵ و دڵێكی پڕ لە سۆز، خاتوو( فاتیما) گوتی: بەڵی، چونكە هەموو جار بە ئێمەیان دەگوت باوكی ئێوە كوردە و لە قوتابخانەش مامۆستایەكان بە ئێمەیان دەگوت ئێوە منداڵی كوردن. ئەمش كاریگەری زۆربوو بەسەر من كە دەبێ هەر بە دوای ناو نیشانی باوك و كەسوكارم بگەرێم، هەتا گەورە بووین و چووینە زانكۆ هەتا كۆتایی هەر بە دوای ئەوان بووین و ئەوانیش بە هەمان شێوە لە دوای ئێمە، چەندین جار بەدوای ناونیشانی باوكمان گەڕاین، تەنانەت لە ناو ئەرشیف و دیكۆمینتەكانی گەڕاین كە وێنەكانی باوكمان هەبووە و نەماندەزانی چۆن بتوانین سۆراخی باوكمان بكەین، باش لە یادمە ساڵی1979 كە نازانم پیاوێك هاتەلای ئێمە و گوتی كە باوكی ئێوە لە كوردستان نەماوە ئەوان ئاوارەی ئێران بوون و هەر ئەوەندە و هەتا ئومێدی خۆمان لەدەست نەدا و هەر بەردەوام و هەتا برام ئەندازیا ئیسماعیل لە هەموو شوێنەك وهەتا ئەو شوێنانەی كە گرنگ بوون بۆ چۆنیەتی دۆزینەوە و ساڵ و 10یان ساڵ چوون بەڵام هەر هەست و وێنەی باوكمان لەگەڵ مامی خۆمان لە خێال دابوو كە چۆن بە دوای ئەوان بگەرێین، ساڵی1981 ئەو كات من لەپەیمانگای پەرستاری دەمخوێند كە رۆژێك دایكم هاتە لای من لە پەیمانگا وە گوتی كە چەند نامە هاتوون لەئێران باش لە یادمە كە نامەیەك هاتبوو لە لای باوكم و مام سلێمان كە بە هەمان ناونیشانی ئەو كاتەی سۆڤیەت كە لە (قەرەم) كە ئاماژە پێ كرا بوو بۆ ئەو ماڵە بچێت و نامەكەی لە لای باوكمان بوو كە ئەوان زۆر بە دوای ئێمە دەگەران، ئینجا دوای ئەو هەموو ساڵە ئێمە لە لایەك گریان ولە لای تر خۆشحاڵ كە ئەوان زیندوون و لە ئێمە دەپرسن بەراستی ئەوجار زانیمان كە ئێمە بێ كەسوكارنین.
كاك (عەشقی) برای (فاتیما) لەمباریەوە و چۆنیەتی ئەو نامەیەو گەڕان بە دوای ئەوان لەو سەردەمە دا دەڵێ:
ئێمەش بە دوای ئەوان دەگەڕاین لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول باوكم چەندجار هەوڵیداوە كە چۆن بتوانی بیاندۆزێنەوە لە ئاوارەیی دا و ئەوكات من پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووم لەگەڵ سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی، زۆر جار باوكم لە كاتی پێشمەرگایەتی لە راژن و زێوە لەگەڵ ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانی دابووە و هەندێكجار فەرماندەی خەباتكار د.سەعید ئەحمەد نادر دەهاتە لای ئەوان و من هەموو جار پێم خۆش بوو كە خوشك و برای خۆمان لەرووسیا بدۆزینەوە، چونكە باوكم هەمیشە دەیگوت ئەگەر من كۆچی دوایشم كرد ئێوە دەبێ هەموو هەوڵێك بدەن بیاندۆزنەوە، مام سلێمان خەتی روسی زۆر خۆش بووە و هەموو جار نامەیان دەنوسی، هەروەها چەند جار د.سەعید ئەحمەد نادر ئەوەیش هاوكاری ئێمەی دەكرد ئەو نامانە لە رێگای پۆستەی زێوە رەوانەی روسیامان دەكرد، جارێك دوای چەند مانگێك پۆستچی نامەی هێنا كە لە ناو نامە دا وێنەی هەموویان تێدا بوو كە هاوسەری باوكم و خوشك و براكەمان ئیسماعیل تێدا بوو، ئێمە باوەڕمان نەدەكرد، باوكم زۆر دڵخۆش بوو و هەمیشە وێنەی خوشك و براكانم لەناو گیرفانی دابووە چونكە دەیگوت ئەوان لەغەریبی دا ژیان دەبەنەسەر.. دوای چەند مانگ نامەكان نەهاتن و چەند جار لەگەڵ د.ناسح غەفور كەلە سۆڤیەتی خوێندبوو و بەخۆی نامەی دەنوسی، بەڵام هیچ وەڵام نەبوو.. دیسان لێك دابراین.
دواتر خاتوو(فاتیما) باسی نامەكانی كرد و گوتی دیسان پەیوەندیمان نەما؟.لە بەردەوامی قسەكانی دا گوتی: وەك برام عەشقی باسی كرد، زۆر راستە، ئەم نوسینانەی كە ئێوە دەبینن كە زیاتر لە38 ساڵ دەبێت لای خۆمان پاراستووە و هەتا دوای كە ئێمە وێنەكانی خۆمان نارد ئەوانیش نامەكانیان نارد لەگەڵ وێنەكانی خۆیان كە پۆستچی نامەی نارد كە هەموویان كرابوونەوە و لای تر كە وێنەكانی باوك ومام سلێمان و براكانم عەشقی و ساڵح و محەمەد و فكری و شەهید زەكری و ئامۆزایەكانم عەلی و جادر و عادل و زراو هەتا ئامۆزام زومیرا هاوسەری عەشقی برا و كەسوكاری هەموویان تێدا بوو دوای ئەوەی لە ساڵی 1959 كە دابراین و جارێكی تر لە رێگای نامەو پۆستەكان شادبووینەوە و دایكمان بە ئێمەی گوت پێش چوونی باوكتان بۆكوردستان بە ئەوەم گوت: حەسەن تۆ دەگەرێتەوە و ژیانێكی تر دەست پێ دەكەیت و ئاوات دەخوازم كە جارێكی تر تۆ ببینمەوە و زۆر حەسرەتی خوارد و گوتی بەڕاستی باوكی ئێوە هیچ گوناهی نیە و من لەگەڵێ دا نەچووم، دایكم هەستا وێنەی هاوسەری باوكم و خوشك و براكانم ومام وئامۆزا و هەمو ئەو وێنانەی كۆكردنەوە ولەناو شوشەدا نا و لە ناو دیوار دانا لە تەك وێنەكانی پێشوو و بەر لە22 ساڵ جارێكی تر ئاگامان لەیەكترە و ودواتر نازانم نامەكان نەهات و پەیوەندمان پچرا و شەڕی ئێران و عێراق بوو لەبەر خۆشەویستی مامی خۆم كوڕی خۆم بە سلێمان ناو كرد كە ئەویش ساڵی1991 كۆچی دوایی كرد. ئەو نامە و وێنانە سەبری زیاتر دای بە ئێمە كە هەر چاوەران بووین كە لە زێوە ئێران جارێكی تر نامەی ئەوان بۆمان بێت. چەندەها جار ئیسماعیل چوووە چەندین شوێن كە لەوانەیە بتوانی هەواڵێكی بۆمان بدوزێنەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو،دیسان هەر ورەمان لە دەست نەدا.
دوای چاوەرانی چەندەها ساڵ چۆن بە كەسوكارتان شاد بوونەوە؟.
خاتوو(فاتیما) بە زەردە خەنەیەكی شادمانییەوە گوتی: هەموو كات بە دوای كەسوكارمان دەگەراین و برام ئەندازیار ئیسماعیل بەردەوام بە دوای باوكمان دەگەرا و دەچویە زۆر شوین، كۆتایی مانگی 12ی2002 بووە كە برام ئیسماعیل چووبووە مەولودی پێغەمبەر لەگەڵ هەڤاڵەكانی كە لەوێشدا كە باسی باوكی خۆی دەكرد، ئافرەتێكی روسی كە كەسوكاری دایكە نایلە بووە كە دایكە نایلە هاوسەری هەڤاڵی بارزانیی نەمر عەلی مستەفا دۆڵەمەری بووە بەسەردان هاتبوو ناو كەسوكاری و چووبوویە ئەو ماڵەی كە خێزانی ئەوانی دەناسی، دواتر ئەو ئافرەتە زانی بوو كە ئیسماعیل بە دوای كەسوكاری دەگەڕێت، ئینجا پەیوەندی بە هاوسەری ئیسماعیل دەكات كە ناوی نەفیسا بوو كە ئافرەتێكی روسی لە كوردستان هاتووە لای ئێمە باسی ئێوە دەكات و بریارە بەیانی بگەڕێتەوە كوردستان.
لە (قەرەم) برام ئیسماعیل پەیوەندی بە هەموومانی كرد (كۆتایی مانگی 12ی2002 بوو) گوتی: فاتما من هەواڵێكی زۆر خۆشم هەیە كە لەگوندەكان بوون چووینە لای ئەو ئافرەتە روسیە (ئەوەیش دایكە نایلە بووە) و ئەوەیش بە بینی ئێمە خۆشحاڵ بوو وەگوتی باوكی ئێوە كۆچی دوایی كردووە و هەروەها عەشقی و براكانی ئێوە بەدوای ئێوە دەگەڕین،ئێمە لەلایەك زۆشاد و دڵخۆش بووین و باوەڕمان نەدەكرد كە بەراستی ئەوان ساغ و سەلامەتن و لایەكی دیكەش بەهەواڵی كۆچی دوایی باوكمان زۆر زۆر دڵگران بووین وخۆزگەمان دەخواست جارێكی تر لە باوەشی باوكمان دابین.. بە هەرحاڵ زۆر دڵخۆش بووین و دواتر دایكەنایلە ناونیشان و ژمارەی تەلفۆن بە ئێمەدا، ئینجا لە رێگای ئەم دایكە نایلەوە توانیمان پەیوەندی بەكوردستان بكەین و دواتر بۆ یەكمجار برام ئیسماعیل هاتەوە كوردستان لەگەڵ كۆمەلێك لەئەو كەسوكارانی وەك ئێمە لە رێگای پیشخاپور لە رێگای زاخۆ بە كوردستان شاد بوونەوە و ئەوانیش هاتنە پێشوازی كردن و چوونە لای جەنابی سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی و خەڵكی دەڤەری بارزان زۆر بەگەرمی پێشوازیان لێكرد و دوای گەڕانەوە ئیسماعیل منیش بڕیارم دا بگەڕێمەوە كوردستان.
خاتوو(فاتیما) دوای50 ساڵ بە كوردستان و كەسوكاری شاد دەبێتەوە لەمبارەیەوە گوتی: من ئاوات خواز بووم بگەرێمەوە و هاوسەرم خواڵێخۆشبوو(نەریمان) بە من گوت: تۆ ئازادی سەردانی كەسوكارت بكەیت، دوای4 مانگ گەڕانەوەی (ئیسماعیل)ی برام. مانگی 9ی2004 پایز بوو هاتمە كوردستان. لە زاخۆ لەگەڵ سەبری حەكیم پێندرۆیی كوڕی هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ سۆڤیەتی جارن هاتینە كوردستان. دوای50 ساڵ بۆ یەكمجار و دوای دەیان ساڵ گەڕان بە دوای كەسوكارم لە زاخۆ لە لایەن زومیران هاوسەری عەشقی برام و عەشقی و مامی ئازیزم سلێمان و برا و ئامۆزا و كەسوكاری ترم پێشوازیم لێ كرا و شین و گریان و شادی تێكەڵ بەیەكدی بوون و زۆر بەحەسرەتی بینی باوكم بووم كە ئەو كۆچی دوایی كرد بوو، بەڕاستی ناتوانم چۆن بۆتان باس بكەم لە باشی و میهرەبانی ئەوان و لە هەست وسۆزی ئەوان و مام سلێمان كە كوڕی خوالێخۆشبووم و نەوەم بەناوی ئەو كردووە، یادی بەخێر خوالێخۆشبوو مام سلێمان بە منی گوت: ئێوە ئەو هەموو ساڵانە بە چ رەنج و دەردەسەری وزەحمەتتان كێشاوە…، ئینجا سەرهاتی خۆی و هەڤاڵەكانی لەگەڵ باوكم لە روسیا (سۆڤیەتی جاران) بۆ خەبات و تێكۆشان لە پێناو مافەكانی كوردستان كە لەگەڵ بارزانیی نەمر بریاریان دابوو بگەڕێنەوە كوردستان. مام سلێمان بە منی گوت: سەرفراز بە كە ئەم ئازادیەی ئیستا لە كوردستان، زەحمەتی باوكی تۆ و خەباتی بارزانی و خوێنی شەهیدان و خەبات پێشمەرگەیە، دواتر زۆر خۆشحاڵ بووم كە سەردانی گۆڕی باوكم و برام شەهید زەكری-م كرد و پێم گوت: باوكە گیان، سڵاو باوكە، من هاتوومە لای تۆ بۆچی ئێمەت بەجێهێشتووە، سەرفرازم بە ئێوە كە قارەمانی نیشتمانن و سەربەرزم كە كچی تۆمە كە تۆ بەشێكی لەئەمرۆی ئازادی ئەم نیشتمانە، دواتر سەردانی گۆڕی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی بارزانی و ئەنفاڵكراوەكانی بارزانییەكانم كرد كە بوونەتە هەوێن و قوربانی ئازادی ئەمڕۆی كوردستان.
لە كۆتایی دا لە خاتوو(فاتیما)م پرسی چ ئاواتێك هەیە؟
هاتنم بۆ كوردستان ئاوات و چاوەڕوانی چەندە ساڵەی هێنامەدی، ئەمە3 جارە دەگەڕێمەوە نیشتمان و خەڵكی كوردستان هەمویان بەرێزن و ئاواتێكم هەیە كە رۆژێك بچمە خزمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی كە لە نزیكەوە خۆم پێ بناسێنم و سوپاسی ئەو بكەم كە درێژەپێدەری رێبازی باوكی خۆیەتی، سوپاس بۆ ئێوەی رۆژنامەی خەبات كە مێژووی ئێمە دەنوسن.. بەتایبەتی بەرێزتان كە كوڕە شەهیدن و زۆر لە سەر دۆسییەی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر لێكۆلینەوە دەكەیت و مێژووی پڕسەروەری ئەوان بە نەوەكانی داهاتوو دەناسێنی و ئێوە یەكەم كەسن كە چاوپێكەوتنم لەگەڵدا دەكەن..









