ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراقەوە رایگەیاند دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق بۆ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دواخراوە، ئەمەش دوای ئەوەی كە بە پێی یاسا دەبوایە ئەمڕۆ یەكشەممە دیاری كرابا.

میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی پەرلەمانیان گواستووەتەوە كە بڕیار دراوە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق راسپێردرێت.

ئەم بڕیارەش بە هۆی ئەوە بووە كە تا ئەمڕۆ یەكشەممە لایەنە سیاسییەكان، بە تایبەتی لایەنە شیعیەكان، هیچ ڕێككەوتنێكیان لەسەر سەرۆك وەزیرانی كاتی نەكردبووز

ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویان كردبووەوە كە بەرهەم ساڵح وەك سەركۆماری عێراق، قوسەی سوهەیلی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتی راسپاردووە، بەڵام سەركردەیەكی هاوپەیمانی ئەلسائیرون كە گەورەتین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراقە، هەواڵەكەی رەت كردەوە.

لە سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووەوە خۆپیشاندانی بەرفرەوان بەغدا و شارەكانی تری باشووری عێراقی گرتووەتەوە، بە هۆی كەوتنەوەی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی توندی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 450 كەس لەناو خۆپیشاندانەكانەوە كوژراون و بە هەزارانیش بریندار كراون، بەم هۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناچار كرا دەست لەكار بكێشێتەوە.