ئەمڕۆ سێشەممە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر، قۆناخی سێیەمی شەقامی 120 مەتریی هەولێر کرایەوە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند “دەمانەوێت تەواوی تۆڕی رێگاوبانی شارەکانی کوردستان فراوان بکەین”. 
لەسەرەتای رێورەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر گوتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و دەکرێت شانازی پێوەبکەین، بەتەواوبوونی ئەم قۆناخەی شەقامی 120 مەتریش جەنجاڵییەکی زۆر کەمدەبێتەوە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، شەقامەکە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر رێکخستنەوەی سیستەمی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر شەقامەکانی دیکەی هەولێر و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری و کارئاسانی بۆ هاونیشتمانییان.
پارێزگاری هەولێر، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە کردنەوە تاوەکو تەواوکردنی پرۆژەکە.
هاوکات مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، بڕیاری ئەوەمانداوە گرنگییەکی زیاتر بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین و دروستکردنی شەقامەکانیش لەو چوارچێوەیەدایە و هیوادارین بتوانین لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆڕێکی رێگەوبانی فراوان دروستبکەین کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودی لێوەربگرن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە شۆفێران کرد سوود لە شەقامەکان وەربگرن و ئاگایان لە سەلامەتی خۆیان و هاونیشتمانییان بێت.
هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێریش سوپاسی کۆمپانیای هێمن گرووپیان کرد کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە و رایانگەیاند، کۆمپانیاکە متمانەی گەورەی بەدەستهێنا و سەلماندی کۆمپانیا خۆماڵییەکان لە ئاست کۆمپانیا بە بەتوانا بیانییەکانن.
تەواوی شەقامی 120مەتری هەولێر، بە سێ قۆناخ كارەكانی كرا‌وە و بڕی تێچووی تەواوی شەقامەكە 402 ملیۆن دۆلاربووە. ئەم بەشەی پرۆژەکە لە 11 کیلۆمەتر پێکهاتووە، شەش پرد و نۆ ئەندەرپاسی تێدایە.
رووداو