بەڵگە مێژووییە لەبیركراوەكان، خۆشەویستیی بارزانیی نەمر ئاشكرا دەكەن
سەلام عەبدوڵڵا
كتێبی (كەسایەتیی مستەفا بارزانی، لە هزری رووناكبیرانی شاری سلێمانیدا) لە نووسینی رۆژنامەنووس زانیار سەردار قڕگەییە و لە چاپێكی جوان و رووندا و بە قەبارەیەكی گەورە و رەنگاوڕەنگ و لە دووتوێی 896 لاپەڕەدا بڵاوكرایەوە. ئەم كۆبەرهەمە، دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی لای رۆشنبیران و خوێنەرانی كورد و ئەكادیمییەكان هەبووە، كە بووە هۆی جووڵاندنی پێنووسی هەندێكیشیان و راوبۆچوونی خۆیانی لەسەر بدەن، تا هەنووكە بە ئەرێنی و زۆرباش شرۆڤەی بابەتەكانی ئەم بەرهەمەیان كردووە. منیش پێم باش بوو راوبۆچوونی خۆمی لەسەر بدەم و سێ بیرەوەریی ساڵانی رابردووی خۆیشم، كە پەیوەستن بە بارزانیی نەمر، ئاوێتەی ئەم بابەتەی بكەم و زیاتر دەوڵەمەندی بكەین.
سەرەتا با لەم كتێبەوە دەست پێبكەم..
ئەم كۆبەرهەمە، پێكهاتووە لە دوو لێكۆڵینەوەی مێژوویی گرنگ، یەكەمیان: لەسەر دەربەدەركردنی بارزانییەكان و نیشتەجێبوونیان لە شاری سلێمانی و چۆنیەتیی دەربازبوونی بارزانیی نەمر لە سلێمانییەوە بۆ دەڤەری بارزان. لێكۆڵینەوەی دووەمیشیان، بە ناونیشانی (رۆژی 30/10/1958 بارزانیی نەمر سەردانی شاری سلێمانی دەكات) باس لەوە دەكات، كە خەڵكی ئەم شارە چۆن ئامێزی گەرم و خۆشەویستییان بۆ بارزانیی نەمر دەكەنەوە و بەڵێن و وەفا بۆ رێبازی كوردایەتی دووپات دەكەنەوە. نووسەر چۆنیەتیی ئەو پێشوازییە گەرمە بە وێنە پیشان دەدات و چۆنیەتیی پێشوازیی جەماوەری سلێمانی و دەربڕینی خۆشەویستییان بۆ بارزانی دەخاتە روو، وەك بەڵگەیەكی زیندوو لە دوو توێی ئەم كتێبەدا تۆماری كردووە.
جگە لەو دوو لێكۆڵینەوەیەی ئاماژەمان پێدا، ئەم كتێبە لە چوار بەشی دیكە پێكهاتووە، بەم شێوەیە:
بەشی دیدار و گفتوگۆكان، لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتیی بەرزی بواری زانستی مێژوویی و رۆشنبیری و رووناكبیرەكانی شار، كە زۆربەیان لە كەسانی ئاكادیمیستی سنووری شاری سلێمانی پێكهاتوون.
بەشی شیعرەكان: شیعری زیاتر لە (85) شاعیری ناسراو و بەناوبانگی شاری سلێمانین، كە هەیانە زیاتر لە جارێك و دووجار شیعریان بۆ نووسیوە، كە كۆی گشتیی شیعرەكانی ناو ئەم پەرتووكە (95) شیعر لەخۆ دەگرێت، كە پشتیوانی و خۆشەویستی و وەفا و بەڵێن نوێكردنەوە و رێزیان بۆ مستەفا بارزانی دەربڕیوە و بە كارێزمایەكی بەرز و مەزنی دەنرخێنن.
بەشی نامە و دیكۆمێنتەكان: بریتییە لە كۆمەڵێك نامەی دەگمەن و نایاب و بەنرخی سەردەمی رابردوو، كە زۆر باس و خواسی گرنگ لەخۆ دەگرن و سەردەمانی شۆڕش و خەبات شرۆڤە دەكەن. لەگەڵ پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان بارزانی و نەوەكانی، لەگەڵ كەسایەتییە ناسراوەكانی شاری سلێمانیدا.
بەشی وێنەكان: ئەم كتێبە، چەندین وێنەی دەگمەن و گرنگی مێژوویی و ئەرشیفی بەنرخ و كەموێنە لەخۆ دەگرێت، ئەم وێنانە زۆربەیان تا ساتی چاپكردنی ئەم كتێبە نەبینراون و بڵاونەكراونەتەوە، زانیار قڕگەیی، بە دڵسۆزانە و پەرۆشانە و گەڕیدەئاسا بەدوایاندا گەڕاوە و پەیدای كردوون و توانیویەتی لە فەوتان رزگاریان بكات، ئێستاش وەك بەڵگەی زیندووی رۆژگاری رابردوو بۆ ئەم سەردەمە بەكاریان بهێنێت. ئەمەش هەمووی رێز و خۆشەویستی و وەفاداریی جەماوەری سلێمانی بۆ سەرۆك بارزانی نەمر دەخەنە روو و سەنگ و بایەخی ئەو رابەرە مەزنەش بەدیار دەخەن.
ئەم بەرهەمە لەو كارە گرنگ و پڕ بایەخانەی زانیار سەردار قڕگەیی سەرچاوەی گرتووە، كە ساڵانێكی زۆرە خۆبەخشانە بۆ مێژووی كورد و بارزانیی نەمر، زەحمەت و ماندووبوون و شەونخوونی پێوە دەكێشێت و زۆر رووداوی گرنگ و پڕبایەخی بارزانی و بارزانییەكانی لەم شارە، لە كونجی فەرامۆشی و لەبیرچوون رزگار كردووە. جگە لەوەش، كۆمەڵێك لە كەسایەتییە پایەبەرزەكانی رامیاری و سەربازی و ئەكادیمییەكانی بواری زانستی هێناونەتە قسە و گفتوگۆی لە تەكدا سازداون، ئەوانەیش لای خەڵكی بەگشتی جێی رێز و بڕوا و متمانەن و وتەكانیان گرنگی و بەها و سەنگی خۆی هەیە، بۆ نموونە: “فوئاد عارف، د. كەمال مەزهەر، پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسووڵ، پرۆفیسۆر نەسرین فەخری، پرۆفیسۆر كەمال خەیات، پرۆفیسۆر كاوس قەفتان، د. ئیحسان فوئاد، حەمەی مەلا كەریم، جەلالی ئەمین بەگ، مامۆستا كەریم زەند و.. زۆری تر. گرنگی و بایەخی هەموو ئەم دیدارانە لەوەدایە، كە زۆربەیان لە ژیاندا نەماون و بە تەنیا دیدارێكیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە و زانیار خاوەنیەتی.
ئەم كارەی (زانیار) جێی پێزانین و رێزێكی زۆرە، چونكە ئەو كارەی لە شاری سلێمانی ئەنجامداوە و بەدوای بەڵگە راستەقینە مێژووییەكاندا گەڕاوە، كە هەروا ئاسان نییە، چونكە ئیرهابی فیكری بە ئاستێكە، سیمایەكی بارزانی لەو شارە سڕاوەتەوە و تەنانەت شەقامێكیش ئەمڕۆ بەناوی ئەو سەركردە مێژووییەوە نییە، كە سەراپای تەمەنی لەپێناو گەلەكەیدا بەخت كرد.
لەو رووەوە دەمەوێت ئەو بیرەوەرییانەی رۆژگاری رابردووم، كە پەیوەستە بە بارزانیی نەمر و سەردانیكردنی بۆ ئەم شارە و باسكردنی ئەو ساتەوەختە، ئاوێتەی ئەم بەرهەمەی بكەم و لێرەدا بڵاوی بكەمەوە.
یەكەم: لە ساڵی 1956دا، بۆ یەكەمین جار ناوی بارزانیم بیست، ئەوكاتە تەمەنم نۆ ساڵان بوو، برادەرێكی قوتابیم، كە چەند ساڵێك لە من هەڵكشاوتر بوو، بەڵام (هاوكلاس) بووین، لە حەوشەی قوتابخانەكەدا وێنەیەكی لە باخەڵ دەرهێنا و چەند جارێك ئاوڕی لەملاولەولای خۆی دایەوە و پاشان بە ترسەوە پیشانی دام. پیاوێكی بە هەیكەل، سەروسیمای بە ویقار، چاو و برۆیەكی سەرنجڕاكێش، دەستێ جلی ئەفسەری رووسیی پۆشیبوو. منیش بە سەرسوڕمانەوە تێم دەڕوانی، كە هاوەڵەكەم زۆر بە شانازییەوە گوتی: ئەمە وێنەی ژەنەراڵ بارزانییە، من ئەوەندەی تر سەرم سوڕ ما. ئەوە یەكەمین جارە ئەو ناوە ببیستم. هاوەڵەكەم هەستی بەو سەرسامییەم كرد، بۆیە دەستبەجێ گوتی: (وا بۆ چەندین ساڵ دەچێت ژەنەراڵ بارزانی لە رووسیایە)…
ئیتر پاشان ئەوەندەی، كە زانیاریی لابوو (ئەگەرچی تا رادەیەك كەم و سادەش بوون، بەڵام هەر زۆر بوون) بەپەلە پێشكەشی كردم. بۆ ئێوارێ دوای نانخواردن، دەربارەی بارزانی پرسیارم لە (مەلا عەبدوڵا)ی باوكم كرد، ئەویش ئەوەندەی كە دەیزانی (لەڕاستیدا كەم نەبوو) بۆی باس كردم، بەڵام باوكم وەك پیاوێكی ئایینی زۆر دژی رووسیا بوو. ئەو هەر بە (رووسیا) ناوی دەبرد، بۆیە ئەوەندەی لەسەر نەڕۆیشت.
دووەم: دوو ساڵ لەوەودوا، واتە لە ساڵی 1958دا، وابزانم رۆژی هەینی بوو- لەگەڵ منداڵێكی دراوسێمان، كە ئێستا لە وڵاتی نەمسا نیشتەجێیە. لەبەردەم خۆماندا، كە چەند شەقاوێك لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی (مزگەوتی حاجی كاك ئەحمەدی شێخ) دوورە، یاریمان دەكرد، كە قەرەباڵغییەكی نائاسایی لەبەردەم دەرگەی مزگەوتەكەدا سەرنجی راكێشاین.
كاتێك لەو حەشاماتە خرۆشاوە نزیك بووینەوە، پرسیارم لە كابرایەكی بەساڵاچوو كرد، كە زۆر بە حەماسەتەوە دڕی بەو خەڵكە دەدا، لە وەڵامدا بێ ئەوەی سەیرم بكات، گوتی: (ژەنەراڵ مستەفا بارزانییە، لە ژوورەوەیە، زیارەتی مەزاری حاجی كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحموودی نەمر دەكات)…
ژەنەراڵ بارزانی!؟ هیچ كاتم لە كیس خۆم نەدا. پەلی هاوەڵەكەم گرت، دڕدان بەو حەشاماتە، بۆ ئێمەی منداڵ كارێكی لە وزەبەدەر بوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی، كە چەند پاسەوانێك بەردەرگاكەیان گرتبوو، نەیاندەهێشت كەس بچێتە ژوورێ، بۆیە بە هاوەڵەكەم گوت كە دوام كەوێت، چونكە من دەمزانی لەكوێوە بچینە ژوورێ.
حوجرەكەی باوكم، كە تێیدا دەرسی قورئانی بە منداڵان دەگوت، دەكەوتە پشتەوەی مزگەوتی گەورە.
كاتێك بە ڕاكردن گەیشتینە بەردەرگەی پشتەوە، دەرگاكە لەسەرپشت بوو، بۆیە راستەوخۆ چووینە ژوورەوە، لە حەوشەی مزگەوتدا كەسمان بەدی نەكرد، بۆ ساتێك بە واق وڕماوی، بێ ئومێدانە راوەستاین. خەریك بوو پرسیار لە هاوەڵەكەم بكەم، كە لەناكاو مرۆڤێكی تێكسمڕاو، گورجوگۆڵ، برۆ قەترانیی، رووخۆش، كە چاكەت و پانتۆڵێكی شینی ئاسمانیی پۆشی بوو، لە میحرابی حاجی كاك ئەحمەدی شێخ هاتە دەرێ. چەند پیاوێكی لەگەڵدا بوو، یەكسەر و بێ هیچ بڕیارێكی پێشەكی، بەرەوڕووی ژەنەراڵ رام كرد و پەلاماری دەستیم دا و ماچم كرد. بارزانیش وەك باوكێكی دڵسۆز، دەستی هێنا بە سەرمدا و نووشتایەوە و سەری ماچ كردم.
ئەوە- بەداخەوە- یەكەمجار و دواجار بوو، كە رووبەڕوو بە دیداری بارزانی شاد بم.
ئێوارێ رووداوەكەم بۆ باوكم گێڕایەوە، ئەویش زۆر ستایش و ئافەرینی كردم و چەند جارێك سەری ماچ كردم و لەسەرخۆ پێی گوتم: (كوڕەكەم كەس لەو تەمەنەی تۆدا بە خزمەت كەڵەپیاوێكی وا هەڵكەوتوو دەگات؟.
(ماوەیەك بێدەنگ بوو، جارێكی تر سەری ماچ كردمەوە و گوتی: (تۆ دەتوانی هەمیشە شانازی بەم رۆژەوە بكەیت).
سێیەم: بیست و یەك ساڵ لەوەودوا، لە ساڵی 1979دا، كاتێك بە كارێكی نهێنی دەمویست بە توركیادا، هەر بە نهێنی بۆ (سووریا) بچم، لە شاری (گەڤەر)ی نزیك (وان)، كەوتمە نێو داوی كەمینێكی چاوەڕوان نەكراوەوە.
مانگێك لەوەودوا كاتێك توركەكان دەیانویست تەسلیمی عێراقم بكەنەوە، لە شاری (جەزیرە)ی كوردستانی توركیا، دەرفەتم هێنا و لە دەست جەندرمەكان هەڵاتم، بەڵام ئەوەندەی نەبرد، جەندرمەكان، كە سێ مرۆڤی پڕ چەك بوون، لە ناوەڕاستی شاردا گرتمیانەوە و ئیدی بەناچاری كەوتمە شەڕێكی نابەرابەرەوە، ئەوان بە قۆنداغە تفەنگ و منیش بە دەستی بەتاڵ، ئەوان هەوڵی ئەوەیان دەدا كەلەپچەكە- پێشتر بۆ پشوو كردبوویانەوە-، بكەنەوە دەستم، منیش سەرگەرمی بێنەوبگرەی تفەنگی لێپرسراوەكەیان بووم.
لە چاوترووكانێكدا خەڵكێكی زۆرمان لێ كۆ ببووەوە، كەسیش نەیدەوێرا لە هۆی ئەم شەڕە نابەرابەرە بگات. هەموو هەر تەنیا بە چاوی بەزەییەوە، چاوەڕوانی سەرەنجامی ئەو بگرە و بەردەیە بوون.
ویستم هەر چۆنێك بێت هەستی ئەو خەڵكەی دەور و پشتمان بەرامبەر ببزوێنم، تەسلیمكردنەوەم بە عێراق مەرگێكی مسۆگەر و بەڵگەنەویست بوو، هەر دوو ساڵ لەوەوبەر لە زیندانی (هەیئەی كەركووك)، دوای دەرچوونی حوكمی ئیعدامم، رام كردبوو، بۆیە بەناچاری هاوارم كرد: (خەڵكینە ئەم جەندرمانە دەیانەوێ تەسلیمی عێراقم بكەنەوە. من پێشمەرگەم)…
خەڵكەكە لەنێو خۆیاندا كەوتنە مقۆمقۆ، بەڵام كەس لە جێگەی خۆی نەجووڵا، جەندرمەكان تاكێك كەلەپچەكەیان كردەوە مەچەكم و منیش بە هەموو توانای خۆم تفەنگی گەورەی جەندرمەكانم رادەتەكاند و دەمویست لە دەستی دەربەێنم، هەوڵێكی بێ سەمەر بوو، زیندانەكانی بەعسم دەهاتە پێش چاو، داد و فیغانی بەندەكان، كە لەژێر ئازار و ئەشكەنجەدا دەیانناڵاند، گوێی كاس دەكردم، مردن بە هەموو جەبەرووتیەوە لەبەر چاوم سەمای دەكرد، هێندەی نەمابوو مەلی هیوام باڵی بشكێ و خۆشم تاڵاوی سەرنەكەوتن بەناچاری بنۆشم، یا ئیلاهی چۆن سۆزی ئەم خەڵكە رابتەكێنم، ئەوان خەریك بوون تاكی چەپی كەلەبچەكە لە مەچەكم گیر بكەن، هێندەی نەمابوو لەو هەوڵەیاندا سەركەوتوو بن، لەڕاستیدا منیش هێجگار شەكەت بووبووم، بۆیە جارێكی تر پڕ بەدەم هاوارم كرد.
– پێشمەرگەی بارزانیم…
بە بیستنی ناوی بارزانی، ترس و لەرز و پەشۆكاویی لەنێو دڵی كوێرانەیاندا رەنگی دایەوە، ناوی بارزانی بۆ ئەوان بێ ئەندازە تۆقێنەر بوو، هەروەك خەڵكەكەش پاڵپێوەنەرێكی بێ وێنە بوو، خەڵكەكە خرۆشا، دەنگی ناڕەزایی بەرامبەریان لە هەموو لایەكەوە بەرز بووەوە، ئەلقەی دەوریان تا دەهات تەنگتر دەبووەوە، سەروچاوی خەڵكەكە سوور هەڵگەڕان، جەندرمەكانیش ترس و نیگەرانی و رەنگی پەڕیویان بەئاشكرا پێوە دەبینرا.
گوێم لە نەعرەتەی حەشاماتە خرۆشاوەكە بوو، كە هاواریان دەكرد: (پەلامار دەن، رزگاری كەن، پێشمەرگەی بارزانییە…) لە چاوترووكانێكدا پەلاماری جەندرمەكانیاندا و منیان لەژێر چنگیان دەرهێنا. تەقە و تفەنگ و كەلەپچە و بەرگی سەربازی، بەرامبەر مەزنیی ناوی بارزانی هەر بایەخی نەبوو. بۆیە ژیانم قەرزارباری گەورەیی ناوی ئەو نەمرەیە.
دڵنیام ئەم كتێبە دەبێتە هۆكارێك بۆ وەبیرخستنەوەی هەموو ئەو بیرەوەری و یادگارییە مێژووییانەی رابردوو، بۆ نووسینەوە و تۆماركردن و یاداشتكردنیان و بڵاوكردنەوەیان، تاكوو وەك بەڵگەی زیندوو سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت.
لەكۆتاییدا دەڵێم، ئەركێكی نیشتمانیی زۆر گرنگە، كە هەموو ئەوانەی بیرەوەرییان لەگەڵ بارزانیی نەمردا هەیە، گەر تۆمار و بڵاویان نەكردووەتەوە، تا زووە ئەو كارە بكەن، بەتایبەتی كە بارزانی، لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان و لەنێو كوردەكانی یەكێتیی سۆڤیەتی كۆندا، كە ماوەی دەوروبەری (12) ساڵ ژیاوە، كە دیارە خەڵكانێكی زۆر بە دیداری گەیشتوون و بیرەوەرییان لەسەری هەیە و پێویستە ون نەكرێن و لە تۆمارەكانی مێژوودا یاداشت بكرێن..
لەڕاستیدا ژیانی بارزانی مەزن پڕیەتی لە بەسەرهات و رووداوگەلێكی گرنگ و بایەخدار، كە شایانی ئەوەیە لە هەموو لایەنەكانی بكۆڵێرێتەوە و بخرێتە بەردەم نەوەی نوێ و ئاشنایی لەگەڵ مێژووی سەروەرانی خۆیدا پەیدا بكات، كە سەراپای ژیانیان بۆ خزمەتی گەل و وڵات تەرخان كرد و لەپێناویدا مێژوویەكی سەنگین و پڕ سەروەرییان بۆ گەلەكەمان بەجێهێشت، كە مایەی شانازییە بۆ هەموومان.
هیوادارم ئەم كتێبە سەنگین و بەنرخە، سەرلەنوێ و بە تیراژێكی باش چاپ بكرێتەوە. جارێكی تر دەستخۆشی لە كاك زانیار قڕگەیی دەكەم، بۆ ئەم كارە بەنرخەی و بە توندی دەستەكانی دەگوشم .









