كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات، كە تیایدا یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان پەسەند كرا و یاسای هەڵبژاردنەكانیش بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) لە هەواڵێكی بە پەلەدا لە زاری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی گواستەوە كە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە و لە میانی كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووشدا یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكرێ.

بە گوتەی حەلبوسی، دەستەی كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكان لە دادوەرانی عێراق پێك دەهێندرێن و ئەم دادوەرانەش لە ڕێگەی تیروپشكەوە هەڵدەبژێردرێن.

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لەمشەوەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی پێشوو هەڵوەشایەوە و ئەندامەكانیشی خانەنشین دەكرێن یان دەیانكەن بە بەڕێوەبەری گشتی.

جێی باسە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی خستە دەنگدانەوە و پەسەند كرا.

سەرچاوەیەكیش لەناو پەرلەمانی عێراقەوە بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندبوو كە دوای چەند كاتژمێرێك لە وەستاندنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەم ئێوارەیە بەردەوامی بە دانیشتنەكە درا.

جێی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارە 21ی خۆی گرێ دا، كە بەرنامەی دانیشتنەكەی تایبەت بوو بە پرۆژە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە پەرلەمانی عێراق لە دواهەمین دانیشتنی خۆیدا، رۆژی یەكشەممەی رابردوو دەست لەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پەسەند كردبوو.