ساسان دەروێش-هۆڵەندا :
ڕەوەندی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان ، هەمیشە سەرمایەیەكی گەورەی بەهێزی پشتیوانیكردن بوون لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كوردستان، بارزانیی نەمر لە پاڵ شۆڕشە مەزن و پیرۆزەكەی ئەیلوولدا چەندان قوتابی كوردی ڕەوانەی دەرەوە كرد بەمەبەستی ئەوەی بخوێنن و هەریەكەیان ببنە باڵیۆزی كورد بۆ گەیاندنی دەنگ و سەدای شۆڕش بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەداهاتووشدا بتوانن بە بڕوانامەكانیان خزمەتی كورد و كوردستان بكەن، لە ساڵانی حەفتاكانیش بەدواوە بەهۆی بارودۆخەكانی كوردستان تاكو ئێستا چەند ملیۆنێك كورد لە تاراوگە نیشتەجێن و بوونیان هەیە لەنێو كۆمەڵگە بیانییەكان و بەهەوڵەكانی خۆشیان توانیویانە دەنگ و ڕەنگی كوردبن و داكۆكیكاری دۆزی ڕەوای كوردستان بن لە چوار چێوەی ئەو ڕێكخراو و كۆمەڵانەی كە هەیان بووە، مێژوویەكی جوان و ڕەنگدانەوەیی باشیان هەبووە لە ناساندنی ناسنامەی كورد لەكار و چالاكییە بەردەوامەكانیان، بەڵام ئەو هەموو هێز و توانایە لە نەوەی نوێ و خوێنی تازەپێگەیشتووی كورد نەتوانراوە كۆبكرێتەوە لەژێر یەك چەتردا. ڕەنگە لێرە و لەوێ ئەم هەوڵە درابێ ، بەڵام نەگەیشتۆتە ئامانج ، ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كوردستانیش زەنگێكی مەترسی بوو بۆ كورد كە دەبێت لە ئاست مانەوەی خۆی یەكگرتوو یەك هەڵوێست بێت تا بەگەیشتن بەئامانج، سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە خەمخۆری ڕاستەقینەی گەلی كورد و مەرجەعیەت لە هەوڵێكی بۆ ئەم پرسە بارەگای بارزانی بەشێكی تایبەتی بە ڕەوەندی كورد كردەوە.
پرۆژەیەكی نەتەوەیی
دڵسۆزی و خەمخۆری سەرۆك بارزانی و سەلماندنی وەك پێشمەرگەو ڕابەرێكی نەتەوەیی ڕۆڵی گرنگ و پڕهەستیاری هەبووە لە داكۆكیكردنی پرسی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەهۆی ئەو پێگە بەهێزەی كە هەیەتی لەنێو میللەتەكەی خۆی و كاری سیاسی و بەردەوامی، بەهەمان شێوەش لە هەوڵی ئەوەدایە كە لە تاراوگەش هێزێكی لەبننەهاتووی كورد هەبێ بۆ پشتگیریكردنی كوردستان و لەژێر یەك چەتردا كۆبكاتەوە كە كاریگەرییان هەبێت بۆ بەرگریكردن لە كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش تاهیر هەورامی ڕاسپێردراوە وەك بەرپرسی دۆسییەی ڕەوەندی كورد لە بارەگای بارزانی و ناردنی بۆ نێو ڕەوەندی كورد لە تاراوگە، وەك پەیامێكی نەتەوەیی بۆ ڕەوەندی كورد لەژێر یەك چەتر خۆیان كۆبكەنەوە بۆ بەهێزبوونیان و ئەو پشتیوانییەی كە هەمیشە بە خۆبەخشانە و لێبوردووانە كردوویانە و بەردەوام بوون لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەیان، بەشداریكردنیشیان لەم هەنگاوە سەلماندنی دڵسۆزی زیاتریانە بۆ ئایندەی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكانی.
پێشوازیكردنی ڕەوەندی كورد لە پرۆژە نەتەوەییەكە
بۆ هەمان مەبەست و ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی، تاهیر هەورامی بەیاوەری كەژاڵ دەروێش و چەند هەڤاڵێكی دڵسۆز لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە چەندان وڵاتی ج ئەورووپادا لە نێو ڕەوەندی كوردا بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە نەتەوەییە. لە چەند كۆبوونەوەیەكدا كە كۆمەڵێك لە كەسایەتی و نوێنەرانی زۆرێك لە كۆمەڵە و ڕێكخراو و فیدراسیۆنە كوردییەكان و بەشێكی بەرچاو لە نوێنەرانی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشداربوون بۆ دەستپێكی یەكەم هەنگاوی كۆكردنەوە و یەكخستنەوەی ڕەوەندی كورد ئەنجام دران و تاهیر هەورامی هاتن و پەیامەكەی دەگەیاندە ئامادەبووان و هەروەها لەكۆبوونەوەكاندا لە گفتوگۆیەكی كراوەدا بیروڕاكان تاوتوێ دەكران. هەورامی ئاماژەی بەوەشدا كە ڕەوەندی خۆیان بڕیار لە خۆیان دەدەن لە چوار چێوەی پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و ئەوان تەنها هاوكاری و پاڵپشتیان دەبن، كە ئەوەش لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانییە.
لە داهاتوودا هەموویان دەبنە خاوەنی ئەم پرۆژەیە
لە میانەی دواكۆبوونەوەی لە شاری ئامسفۆرت لە هۆڵەندا بۆ گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی یەكخستنەوەی ڕەوەندی كورد لە تاراوگە، تاهیر هەورامی بۆ خەبات گوتی: ئێمە بەناوی بەشی ڕەوەندی كورد لە بارەگای بارزانی هاتووین بۆ سەردانی ڕەوەندی كورد لە تاراوگە بەگشتی و لەشار و وڵاتانی جیاوازی ئەورووپا، سڵاوی سەرۆك بارزانیمان پێ ڕاگەیاندن كە بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزەش ئێمەیان ڕاسپاردووە كە خزمەتیان بكەین و لە نزیكەوە لەگەڵیان كۆببینەوە و بزانین ڕەوەندی كورد لە چ بارودۆخێك دایە و پێویستی و داواكارییەكانیان چییە و بیروبۆچوونەكانیان وەربگرین و بتوانین چۆن هاوكار و پشتیوانیان بین بۆ ئەو ئامانج و پێشنیارانەی كە دەیكەن، ئامانج و هەنگاوی سەرەكی ئێمەش یەكڕیزی ڕەوەندی كوردە لە تاراوگە وەك ڕەوەندەكانی تری نێو كۆمەڵگەكان لەژێر یەك دروشم و چەتری نیشتیمانی و نەتەوەیی كە ئاڵای كوردستانە كۆبكرێتەوە. هەروەها خەبات و بزاڤی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین بەڕێوەبەرن، پەیامی ئێمەش پەیامێكی نەتەوەییە بۆ نوێنەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە ڕەوەندی كورد لە تاراوگە كە لە داهاتوودا هەموویان دەبنە خاوەنی ئەم پرۆژەیە و ئەم هەنگاوە پیرۆزە.
هەروەها لەمیانەی كۆبوونەوەی شاری ئامسفۆڕت لە هۆڵەندا كەژاڵ دەروێش كە چالاكوانێكی سیاسی و كۆمەڵگەی مەدەنییە لە تاراوگەو هاوكات یاوەری كۆبوونەوەكانی تاهیر هەورامی بووە بۆ خەبات گوتی: لەم پرسە پیرۆزەی یەكخستنی هێز و تواناكانی ڕەوەندی كورد لە ژێریەك چەتر و ئاڵای كوردستان كە خۆشبەختانە دڵسۆزانی كورد لە پێشوازییەكی گەرمی ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانیدا بوون و بە گەرموگوڕی بەشداری گفتوگۆكراوەكانیان كرد و بەپێشنیارو سەرنج و ئەزموونەكانیان پرۆژەكەیان دەوڵەمەندكرد كە لە داهاتوودا لە نێو چوارچیوەیەكی فەرمیدا كارەكانیان بەڕێوەدەبەن و كاریگەریی باشیان لە سەر ڕووداوەكان دەبێت.
سهرهتا بهدواداچوون نوێنەری بارەگای بارزانی لە نێو پرۆژەیەكی نەتەوەییدا رەوەندی كورد لە تاراوگە یەكدەخات










