خۆپێشاندەرانی عێراق، كۆنسوڵگەی گشتیی ئێرانیان لە نەجەف سوتاند، ئەمەش پێش ئەوەی هێزێكی ئەمنیی شارەكە یاوەری دیبلۆماتكارانی كۆنسوڵگەكە بكەن بۆ دەرەوەی كۆنسوڵگەكە و بەرەو شوێنێكی نادیار، بەم هۆیەشەوە پۆلیسی شارەكە قەدەخەی هاتوچۆكردنی راگەیاند.

ئەمشەوی چوارشەممە خۆپێشاندەرانی عێراق كۆنسوڵگەی گشتیی ئێرانیان لە شاری نەجەف كردە ئامانج و سوتاندیان، ئەمەش دوای ئەوەی بەر لە چەند هەفتەیەك، خۆپێشاندەرانی كەربەلا كۆنسوڵگەی ئێرانیان كردبووە ئامانج و سوتاندبوویان.

بە هۆی سوتاندنی كۆنسوڵگەی ئێرانی و گرژبوونی دۆخی شارەكە، ئەمشەو ئیدارە و پۆلیسی نەجەف بڕیاری قەدەخەكردنی هاتوچۆیان تاوەكو كاتێكی نادیار راگەیاند.

ئەم ئێوارەیەش بەر لەوەی خۆپێشاندەران بگەنە بەردەم كۆنسوڵگەی ئێران لە نەجەف، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە تەقەیان لێ كرا و خۆپێشاندەرێكیش بووە قوربانی، بەڵام هەڵمەت و هێرشی خۆپێشاندەران تا بەردەم كۆنسوڵگە بەردەوام بووە.

جێی باسە سەرەتای ئەم مانگە خۆپێشاندەران هێرشیان كردبووە سەر كۆنسوڵگەی ئێران لە كەربەلا و دوای هەڵكردنی ئاڵای عێراق لەسەر كۆنسوڵگەكە، هەوڵی سوتاندنیشیان دابوو.