وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران بەبێ دواكەوتن له‌ دابه‌شكردن بەردەوام دەبێت.

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری سەبارەت بەو هەواڵەی ئەمرۆ بڵاوكرایەوە كە گوایە موچەی فەرمانبەران لە مانگەكانی 10، 11، 12 پاشەكەوت دەكرێت، ڕەتیدەكاتەوە و رایدەگەێنێت موچەی فەرمانبەران 30 رۆژ جارێك لە كاتی خۆیدا بە بێ دواكەوتن دابەشكراوە و بەو شێوەش بەردەوام دەبێت.

وەزیری دارایی گوتیشی: پاشكەوت هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، لەسەرەتای دەست بەكاربوونمان بە هیچ جۆرێك موچە دوانەكەوتووە و لەكاتی خۆیدا موچە دابەشكراوە.

لە كۆتایدا ئاوات جەناب نوری جەختی لەوەش كردەوە دەبێت هاوڵاتی و موچەخۆران هۆشیاربن هەموو بڕیار و ڕێنماییەكانمان لە راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە شەفافی بڵاو دەكەینەوە. بۆیە نابێت بڕوا بە درۆ و چەواشەكاری بكەن.

ئەم راگەیەندراوەی وەزیری دارایی و ئابووری لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە له‌سه‌ر زاری په‌رله‌مانتارێك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌، نووسیبووی،  وەزارەت دارایی و ئابووری پێشنیازی بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە مووچەی مانگەکانی 10 و11و12، له‌گه‌ڵ مووچەی مانگێکی خانەنشینی بەتەواوی نەدەن و ناوی لێ بنێن پاشەکەوت.