ساسان دەروێش – ئەڵمانیا
كۆمەڵەی جڤاكی كوردی لە هەرێمی بەرلین براندنبورگ لە وڵاتی ئەڵمانیا، بۆ بەرز و پیرۆزڕاگرتن و وەبیرهێنانەوەی كەسایەتیی كورد و هەڵبەستڤان جگەرخوێن، مەراسیمێكی شكۆداری ڕێكخست، كە ڕۆڵی گرنگی لە پانتایی ئەدەبی كوردی و نەتەوەیەییماندا، ڕەنگدانەوەی هەیە، بەگەنجینەیەك لە بەرهەمەكانی، بە قەڵەم و بیری جوان و شۆڕشگێری، بووە ئەستێرەیەكی درەوشاوەی هەر چوار پارچەی كوردستان و شیعرەكانی سنوورە دەستكردەكانی كوردستانی تێپەڕاند و لە ڕێگای شیعرەكانی پەیامی كوردایەتی و شۆڕش و بەرخودانی بەگوێی دوژمنانی كورد و كوردستان دەدا.
مەراسیمەكە بە ئامادەبوونی بەشێك لە رەوەندی كوردی شاری بەرلین و دەوروبەری و نوێنەرانی كۆمەڵە و پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردی بەرلین بەڕێوەچوو، سەرەتا ئارمانج نێروەیی بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد و پاشان بەخولەكێك وەستان بۆ گیانی بەرزە فڕی گشت شەهیدانی كورد و كوردستان بەرنامەی مەراسیمەكە دەستیپێكرد. لە دوو تەوەردا، بەشی یەكەم: لە لایەن دكتۆر گوندی دڵباز و ڕۆژنامەنووس مەموشاهین بوو كە لەسەر ژیان و بەرهەم و خەباتی جگەرخوێن بە تێروتەسەلی لەسەری دوان، هەروەها باسیان لە بەشداربوونی جگەرخوێن كرد لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و چوونی بۆ باشووری كوردستان و پاڵپشتیكردن لە باوكی رۆحی كورد مستەفا بارزانیی نەمر كردووە، هەروەها بەشی دووەم: لەسەر رەوشی ئەمڕۆی رۆژئاوای كوردستان و پرسی كورد لەبەردەم گۆڕانكارییەكان و لە كوێی داخوازییەكانی كوردا دەبێت و كورد دەبێت چی بكات كە گفتوگۆییەكی كراوە بوو لەلایەن هەریەك لە دكتۆر گوندی و رۆژنامەنووس مەموشاهین و رۆژنامەنووس ئارمانج نێروەیی و سیاسەتمەدار هاجی جندی و رۆژنامەنووس شەوقی كانەبی و دەرهێنەر جوان بوو، كە هەریەكەیان بیروبۆچوونی خۆی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و بە تێكڕا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێت گەلی كورد یەكگرتوو بێت و خاوەنی یەك وتاری سیاسی بێت لەبەردەم دەربازبوون لەم قەیرانەی ئەمڕۆی هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و داوایان كرد هەموو هێزە سیاسییەكانی رۆژئاوا لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆببنەوە بۆ گەڕانەوە و ڕێككەوتنامەی هەولێر و دهۆك و هەموو پاڵپشتی یەكتربین، بەمەش قەوارەی سیاسیی كورد و كوردستان لە مەترسی رزگار دەكەین.
هەر لە میانەی كۆڕەكەشدا حوسێن شاهین سەرۆكی جڤاكی وردی لە هەرێمەكانی بەرلین براندنبورگ بۆ خەبات گوتی: ئێمە سازێیكی جڤاكی نەو خزمەت بەڕەڤەندی وردی دەكەین، وەكو ئەرك و خەباتمان، بەبێ جیاوازی و دوور لە ئایدۆلۆژیای پارتایەتی بە تەنیا خزمەتی كورد و كوردستان پێشەنگی كارەكانمانە، بۆیەش مامۆستای گەورە جگەرخوێن لە بەرلین بەم كۆڕە رێزمان لە خەبات و بەرهەمەكانی گرت و هەروەها حوسین شاهۆیی لە درێژەی قسەكانیدا ئاشكرای كرد كە مامۆستا جگەرخوێن هاتووەتە ماڵیان و لە نزیكەوە بینویانە و گوتی جگەرخوێن خزمەتێكی گەورەی بە گەلی كورد كردووە.
بەشێك لە ژیانی جگەرخوێن كە لەنێو مەراسیمەكەدا تیشكی خرایەسەر: جگەرخوێن، ناوی خۆی شێخ مووس كوڕی حەسەن كوڕی موحەممەد و لە ساڵی 1903 لە باكووری كوردستان لە گوندی حەسار نزیك ماردین لە دایكبووە. دایك و باوكی هەژار و دەربەدەر و بێ دەرەتان بوون و ئەوانیش وەك كوردانی تر، شوێنی باو و باپیری خۆیان بەجێهێشتووە و بەدوای گوزەرانا لە گوندی پێكەندییەوە روویان كردبووە حەسار، شێخ مووس هێشتا منداڵ بوو كە باوكی ماڵئاوایی لە ژیان كرد، لەبەر دەستی ئاسیای خوشكیدا گەورە بوو. لەپێناو پاروویەك ناندا ناچار دەبێت شوانی و گاوانێتی بكات، ساڵی 1914 یازدە ساڵی تەمەن بوو كە شەڕی یەكەمی جیهانی دەستیپێكرد. بە دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ دایكی و براكەی خوشكەكەی لە حەسار هەڵدێن و دەچنە گوندی عاموودە.
هەر ئەو ساڵە لە عاموودە دایكی ماڵئاوایی لە ژیان دەكات و بە تەواوەتی شێخ مووس و خوشك و براكەی بە تەنها دەمێننەوە. جگەرخوێن لە منداڵیدا عاشقی خوێندن بوو، بەڵام دۆخی نالەباری ژیان و دەستكورتی بنەماڵە بوو بە لەمپەر لەبەردەم جگەرخوێندا بەوەی بخوێنێت. سەرەئەنجام روو دەكاتە مزگەوت و خوێندنی باوی ئەو سەردەم دەخوێنێت. لە چەند گوند دەبێتە مەلا، بەڵام دواتر واز لە مەلایەتی دێنێت و روو دەكاتە كاری كشتوكاڵ. پاشان روو دەكاتە كاری ئەدەب و سیاسەت و لە زۆر كۆڕ و كۆمەڵی سیاسیدا بەشدار دەكات. شیعری جگەرخوێن شیعرێكی سیاسییە كە هەوڵ دەدات گوتاری یەكسانیخوازی، گوتاری نەتەوەخوازی و گوتاری دژە داگیركاری لە شیعرەكانیدا بڵاو بكاتەوە. شیعرە بە لای جگەرخوێنەوە هەوڵ دانە بڵاوكردنەوەی هەستی ئازادیخوازی، بۆ بەشداریكردن لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و پاڵپشتیكردن لە بارزانیی نەمر لە ساڵی 1969 ڕوو دەكاتە باشووری كوردستان و لە ساڵی 1973 بەرەو لوبنان دەچێت، لە ساڵی 1979 بە ناچاری ڕوو دەكاتە وڵاتی سوید و لەوێ وەك پەناهەندەیەك دەگیرسێتەوە و بە نووسین سەرقاڵ دەبێت و خاوەنی زیاتر لە هەشت دیوانی شیعر و ڕۆمان و فەرهەنگ و نووسینی سیاسی و رۆشنبیرییە، بەداخەوە ئەم دەنگە ئاشنایەی ئەدەبی كوردی، ئەم چالاكە سیاسییە، رۆژی 22ی ئۆكتۆبەری 1984 لە وڵاتی سوید بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد و ئەو رۆژەی تەرمەكەی گەڕایەوە كوردستان و لە قامیشلی پێشوازییەكی بێ وێنەكرا و بە خاكی كوردستان سپێردرا .









