بەهۆی ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی دوێنێ پێنجشەممە 10 خۆپیشاندەری دیکە لە شارەکانی بەغدا و بەسرە کوژران و حکوومەتی عێراقیش هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات کە هەڵدەکوتنە سەر دامەزراوەکان.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئاشکرایان کردووە، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، کە 15 رۆژی لەسەر یەکە بەردەوامە، لە بەغدا شەش و لە بەسرە چوار خۆپیشاندەر کوژران و بەهۆی سەختیی برینی هەندێک لە بریندارەکانیش، پێدەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزتر بێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەرمانی تەقەنەکردنی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەرکردووە و نەته‌وە یەکگرتووەکان دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لەلایەن چەند گرووپێکەوە بە دەیان خۆپیشاندەر و چالاکوانی مەدەنی لە بەغدا ا شارەکانی دیکە ڕفێندراون.

چاوەڕوان دەکرێت، ئەمڕۆ هەینیش، خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام بدرێت و ئاڵۆزی زیاتر دروست ببێت.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان، تاکوو ئێستا نزیکەی 300 کەس لە عێراق کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون.