پ.د. فوئاد حەمە خورشید
بارزانیی نەمر، لە ناو كوردەكاندا، كەسایەتیەكی ئەفسوناوی و فرە رەهەندی هەبوو. ئەزموون و ڕەوڕەوی ژیانی هۆكار بوون بۆ بەرجەستەكردنی ئەو كەسایەتییە ئەفسوناویە لای كوردەكان. لەبنەرەتدا لە دایك بوون و نەشوونمایی و گەورەبوونی بارزانی بۆ سەركردایەتیكردنی جەنگ دروست ببوو.
شۆڕشەكان و داستانە پڕ لە پاڵەوانیە چەكداریەكانی و چیرۆكی دووركەوتنەوەی بۆ یەكێتی سۆڤیەت بۆ ماوەی دوانزدە ساڵ و پاشان گەڕانەوەی بۆ نیشتمان بە شێوەیەكی پڕ لە شكۆ و دواتر و دەستكردنەوەی بە خەباتی دوور و درێژی پڕ لە قارەمانێتی بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەكەی، گشت ئەمانە هۆكار بوون لە پێدانی زەریایەك لە ورە و گیانفیدایی ، نەك تەنها بۆ كوردانی باشوری كوردستان، بەڵكو بۆ سەرجەم كوردانی پارچەكانی تری كوردستانیش، كە پێشتر ئەم هەستە بوونی نەبووە لایان، ئازایەتی و ڕوبەڕوبونەوەكانی دژ بە دوژمنانی كورد و فیداكارییەكانی، ئاگری نەتەوەیی لە جەستەی كوردستانیان بەردابوو.
جەنگ و رۆژگارە سەختەكان نەیاندەتوانی كار لە بەهێزی و پتەوی و بیرو باوەڕەكانی بارزانی بكەن، كەسایەتییەكی خاوەن هەڵویستی هەبوو، هەرگیز سازشی لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان نەدەكرد.
بارزانی نەمر لە دوا ڕۆژەكانی ژیانیدا توشی نەخۆشی شێرپەنجەی سی ببوو، پیلانی خیانەتكاری نێودەوڵەتی جەزائیر لە 6ی ئازاری ساڵی1975دا توانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ماوەیەكی كەم بوەستێنێت، لە سایەی كەسایەتی ئەفسوناویەكەی دژی بە خۆبەدەستەوەدان بوو بەرامبەر بە پلانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان، هەوڵی دا خۆی لە چاودێری زۆرە ملێی ئێران ڕزگار بكات، لە سەرەتای مانگی ئابی هەمان ساڵدا(1975) لە فرۆكەخانەی جۆن كەنەدی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دابەزی بەمەبەستی وەگرتنی چارەسەر لە نۆرینگەی (مایۆ) لە ویلایەتی مینیسوتا، لە ڕاستیدا گەشتی بارزانی بۆ ئەمەریكا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری باشتری پزیشكی نەبوو، بەڵكو بۆ داكۆكیكردن بوو لە دۆزی نەتەوەكەی لە دژی وەزیری دەرەوەی وویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەوكات(هێنری كیسنجەر)ی عەرابی گەلە كۆمەكێی ڕێكەوتنامەی جەزائیر” بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە هەندێك لە سیناتۆرەكانی دۆستی كوردەوە كرد” لەوانە هێنری سكوب جاكسۆن لە پارتی دیموكراتی ئەمەریكی لە ویلایەتی واشنتۆن و جۆرج مینی سەرۆكی یەكێتی كاری ئەمەریكی، دەیویست گەلی ئەمەریكا لەو گەلە كۆمەكە نێودەوڵەتییە تێبگەیەنێت كە بەسەر نەتەوەی كوردا هاتبوو، هەربۆیە بارزانی دۆخی تەندروستی كردە بەهانەیەك بۆ گەیشتن بە هەندێك لە كەسانی خاوەن بڕیار لە وویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، بە ئامانجی ڕزگاركردنی گەلەكەی لەو گەلە كۆمەكێیە.
شای ئێران لەگەڵ دەزگای هەوڵگری ئەمەریكا (CIA) ڕێكەوتبوو كە سەردانەكەی بەشێوەیەكی نهێنی بێت و پەیوەندیكردنییان بە كەسانی ترەوە لێ قەدەغەكرد، ئەمە جگە لە دیاریكردنی هەڵسوكەوت و پەیوەندییەكانی و چاودێریكردنی سەعات بە سەعاتی. بەڵام بارزانی بە ژیری خۆی توانی خۆی لە چاودێری ساواك و هەواڵگری ناوەندی دەرباز بكات و (محمد دۆسكی) هاوەڵی لە نەخۆشخانەكەیەوە نارد بۆ واشنتۆن بەمەبەستی پەیوەندیكردن بە سیناتۆر جاكسن و جۆرج مینی و ئایرنست لی (زاوای جۆری مینی)، كاتێك محمد دۆسكی گەڕایەوە بینی ژوورەكەی بارزانی نەمر بە ساواك و پیاوانی هەواڵگری مەركەزی تەندراوە، سەرۆك (مسعود بارزانی) و (شفیق قەزاز) لە یەكێك لە ڕێستۆرانتەكاندا ئێوارەخوانێكیان بۆ ڕیكخستن، بەمەبەستیش بۆ ماوەی دوو كاتژمێر لەو ئێوارە خوانەدا دوایان خستن، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی بارزانی نەمر لەگەل محمد دۆسكی گفتوگۆ بكات و گوێ لەو نامەیە بگرێت كە محمد دۆسكی بۆ خوێندەوە كە لە لایەن سیناتۆر جاكسۆن بۆی نێردرابوو، هەروەها ئەو نامەگفتییەی كە جۆرجی مینی بۆی ناردبوو، ئەمەش ڕێگە خۆشكەربوو بۆ ئەوەی بارزانی بە نهێنی سەردانی واشنتۆن بكات بەمەبەستی چارەسەكردنی دۆزی نەتەوەكەی، بەڵام لە پڕ بارزانی لە لایەن هەواڵگری ناوەندی ئاگاداركرایەوە كە پێویستە بگەرێتەوە بۆ تاران، بارزانی دژی ئەو بریارە بوو بە بیانووی ئەوەی چارەسەری پێویستی نەخۆشیەكەی لە تاران نییە، داوای كرد هەلێكی دیكەی پێ بدرێت ئەگەر چی كورتیش بێت تاكو بتوانێت دیداریك لەگەل هێنری كیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ساز بكات، بەمەبەستی شیكردنەوەی كاروبارەكان بەو شێوەیەی لەسەر ڕێرەوە دروستەكەیەتی، بەلام ئەم هەوڵە بێ ئەنجام بوو، سوربوونی بارزانی هۆكار بوو بۆ ئەوەی وەكیلی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕامیاری جۆزیف سیسكۆ چاوی بە بارزانی بكەوێت، بارزانی بە زمانێكی توند لەگەڵیان دووا، نارەزایی توندی دەربڕی لەسەر شێوازی هەڵسوكەوتیان لەگەل كورد، باسی ئەو باوەڕەی كرد كە كوردەكان بە ئەمەریكایان هەبوو، بە سیسكۆی وت” هەرگیز باوەڕی بە شا نەبووە بەڵام كە ئەمەریكا پشتیوانی لێكردین باوەڕمان هێنا كە دەستمان لێبەرنادات” بارزانی لە كۆتایی تشرینی یەكەمی 1975 دا گەڕایەوە بۆ تاران.
بارزانی نەمر هەوڵی دا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریكا سەرەڕای زیادبوونی مەترسی نەخۆشیەكەی و تەمەنی حەفتای تێپەڕاندبوو، حكومەتی ئێران ڕازینەبوو هەروەها باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تاران نەیدەویست ڤیزەی چون و گەڕانەوەی بداتێ، بارزانی بڕیاری دا لەناوەوەی ئەمەریكا لە ڕێی دۆستەكەیەوە (محمد دۆسكی) بكەوێتە خۆ و بە هەوڵی ئەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕازیبو ڕێگەی بدات بە چوونی بۆ ئەمەریكا بەمەرجێك پەیوەندی بە ڕۆژنامەكانەوە نەكات و وتارنەدات و قسە نەكات بەڵام هیچ چاودێریەكیشی لەسەر نەبێت، لە حوزەیرانی 1976دا بارزانی نەمر دووبارە بۆ چارەسەر و تێكۆشان چووەوە ئەمەریكا.
هاتوچوونی بارزانی لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون بریتی بوو لە وێنەگرتنی تیشكی و چارەسەری كیمیایی شێرپەنجە، هەروەها لە نەخۆشخانەی سیبل- یش بە هەمان شێوە، لەو ماوەیەدا بارزانی نەمر چاوی بە هەر یەك لە جاكسن و بروكسمیر ئەندامانی پیرانی ئەمەریكا و جۆرج مینی ئەندامی كۆنگرێس لە نیۆرك و ستیفن سولاز و كەسانی دیكە كەوت، تۆڕەیی و نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە دەردەبڕێت لە قەدەغەكردنی ئەنجامدانی پەیوەندی بە میدیاكارانەوە، لەكاتێكدا ڕۆژنامە نوسان داوای دیداری لەگەڵ دەكەن.
لە بەهاری ساڵی 1977دا خاتو(ڕوبێرتا كۆهین) بەڕێوەبەری كاری جێبەجێكردن لە یەكێتی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ (لەو دەمەدا تاكە كۆمەڵەی مافی مرۆڤ بوو لە ئەمەریكا) بارزانی نەمر بانگهێشت دەكات بۆ سەردانی نوسینگەكەی لە نیۆرك، توڕە دەبێت لە پێشێلكردنی مافی بارزانی لە پەیوەندیكردن بە میدیا و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رۆژنامە نوسان لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا. دەڵێت” حكومەتی ئەمەریكا دەتوانێ مافی قسەكردنی بێگانەكان قەدەغە بكات، بەڵام ناتوانێ ئەم مافە لە هاولاتیانی خۆی قەدەغە بكات”خاتو ڕوبێرتا كوهن لە ژوورەكەی خۆی بارزانی و میدیاكارانی كۆكردەوە و داوای لێكردن پرسیارەكانیان لە بارزانی نەمر بكەن، ئەویش وەڵامی سەرجەمی پرسیاری پەیامنێرەكانی دایەوە و بە ئامادەبوونی خاتو(ڕۆبێرتا كوهن)، ئەمەش بوە هۆی نیگەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بەڵام ئەوكات هێنری كیسنجەر لە پۆستی وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا نەمابوو، ئەم پۆستە لە لایەن دیموكراتەكانەوە بەڕێوە دەبرا كە زیاتر بایەخیان بە مافی مرۆڤ دەدا، بۆیە چیتر بارزانی نیگەرانی ناردنەوەی نەبوو بۆ تاران.
هەوڵەكانی بارزانی نەمر بە فشار خستنە سەر كۆنگرێسی ئەمەریكا وایكرد ڕۆلێكی گەورەی هەبێ لە بڕیاردانی وویلایەتە یەكگرتوەكان بە پێدانی مۆڵەت بە نزیكەی هەزار هاوڵاتی كوردی بۆ چونە ناو ئەمەریكا وەك پەنابەر لەو كاتەدا، سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی كە نەخۆشی وورەی پێ بەر نەدا و هەوڵی دەدا كار لە سیاسەتی ئەمەریكا بكات تا دۆخی مەرگەساتباری گەلی كورد چاك بكەنەوە، بەڵام بە داخەوە سیاسەتی ئەمەریكا دۆزی نەتەوەی كوردی پشت گوێ خست، ئەمەش وایكرد بارزانی نەمر باوەڕی بە ئەمەریكا و سیاسەتی بەرامبەر بە گەلی كورد نەمێنی و لۆمەی خۆیی دەكرد كە باوەڕی پێیان هەبوو!
لەماوەی مانەوەی لە ئەمەریكا، نەخۆشیەكەی زیاتر تەنگ بە بازرانی نەمر هەڵدەچنی، لە ساڵی 1978وە لە ژێر چاودێریدا نەخۆشیەكەی تەشەنەی كرد هەتا كانونی دووەمی ساڵی 1979، كاتێك محمد دۆسكی و فەرهاد بارزانی(نەوەی بارزانی نەمر)، بەیانی ڕۆژی 3 ئاداری 1979 گەیشتنە نەخۆشخانە، بینیان دۆخی تەندروستی بارزانی كەمێك باشتر بووە، ووریابوو، قسەی دەكرد و هەستی بە هیچ ئازارێك نەدەكرد، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، بارزانی داوایكرد لەسەر سیسەمەكەی دایبگرن و بیخەنە سەر كورسی ژوورەكەی، كاتێك كە فەرهاد ویستی باپیر بەرزبكاتەوە هەستی بە مەترسی كرد كە بینی پێستی دەمووچاوی سور هەڵگەڕاوە و هاواری لەپەرستارەكان كرد و داوای یارمەتی لێكردن، بەڵام كۆچی دوایی بارزانی نەمر ڕاگەیەندرا، لە پێنجی ئازاردا تەرمی بارزانی نەمر گواسترایەوە بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان و لە دوای چەند هەفتەیەك لە سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی ئیمام خومەینی و هەڵهاتنی شا لە ئێران.
لە هەموو ئەوانەی سەرەوە ئەو مەرگە ساتە بە دەردەكەوێت كە بە هۆی پیلانی نێودەوڵەتییەوە بەسەر شۆڕشی ئەیلوولی پیرۆزداهات، سەڕای ئەو نەخۆشییەی كە بارزانی نەمری گرفتاركردبوو، بەڵام هەرگیز ئەم پیاوە پۆڵاینە بۆ یەك چركەش لە مافی گەلەكەی و مانەوە و تێكۆشان و سەركەوتن هیوا بڕاو نەبوو، بەڵكو ئەو موسیبەت و ئازارانە نەیانتوانی وورەی بڕوخێنن و باوەری لەق بكەن بەمافی نەتەوەكەی بۆ ژیانێكی ئارام و سەربەخۆ وەك هەموو گەلان تری دونیا، ئەوە بارزانی نەمر بوو بە هەموو مانای باڵایی و گەشی و سەربەرزیی سیما، ناوێكە كە دەبیسترێ دڵی هەموو كوردێك هەست بەسەر بەرزیی و شانازی هەمیشەیی دەكات، لای ئەو سەركردە هەڵكەوتەیە بە ختەوەری و سەربەستی گەلی كورد نرخدارتر بوون لە تەندروستی خۆی و بەهادارتربوون لە بوونی خۆی، لەبەر ئەوەبوو هەموو وزە و هێز و لێهاتوویی و تەمەنی خۆی بۆ خستبوەكار.
رووداوەكان لە: David A. Kom The last years of Mustafa Barzani Middle East Quarterly،June،1994.وەرگیراوە، هەروەها دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ مامۆستا محسن دزەیی ، ڕۆژنامەی برایەتی، 28/ 11/1994.









