كاروان محەمەد سینۆ

لەوانەیە لەم چەند دێرەی خوارەوەدا بۆچونمان هەندێك دراماتیكی بێت، كاتێك بڵێین لە وادەی سەرۆكایەتی جۆرج بۆشی كوڕ  و بەرلە گەڕی دووەمی خۆهەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا (ئەبوو موسعب زەرقاوی) گەوڕە تیرۆرسیتی (ئەل قاعیدە) كوژرا.

لە وادەی سەرۆكایەتی ئۆباما  و بەرلە گەڕی دووەمی خۆهەڵبژاردنی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا (ئوسامە بن لادن)ی گەوڕە تیرۆرسیت و سەرۆكی رێكخراوی (ئەلقاعیدە) كوژرا.

لە وادەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ  و بەرلە گەڕی دووەمی خۆهەڵبژاردنی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا (ئەبوو بەكر بەغدادی) گەورە تیرۆرستی جیهان و سەرۆكی رێكخراوی (داعش) كوژرا.

لەوانەیە ئەم دیاردەیە رێكەوت بێ؟!!، بەڵام دوورنییە هەریەكە لە سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی گەڕی یەكەمی وادەی سەرۆكیاتی خۆیاندا، ئەركێك یان ئامانجێك لە ئامانجەكان بۆخۆیان دیاری بكەن و هەموو ئاكار و رێكارێكی جێبەجێ كردنی ئەو ئەركە بەرهەڤ و ئامادە بكەن، بەڵام كاتی ئەنجامدانی ئەو ئەركە دوابخەن بۆ چەند مانگێك بەرلە گەڕی دووەمی وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا (بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی ئاخۆ گیرۆكردن و ئەنجام نەدانی ئەو ئەركە، چەندە زەرە و زیانی هەیە بۆ خودی ئەمریكا وجیهان یان نا)، بەراستیش ئەمە جۆرە خودبەرژەوەندی و خۆپەرستییە كە ئەوان پەیرەوی دەكەن و بەكارهێنانی دەسەڵات و كورسی سەرۆكیایەتی ئەمریكایە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان. ئینجا لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی، ئەركەكە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی وەكو دەستكەوت و خاڵێكی گرنك لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاری بهێنن لە پێشبڕكێی وەدەست هێنانەوە گەڕی دووەمی كورسی سەرۆكایەی ئەمریكا.

ئەم چەند دێرەی سەروەی ئەم نووسینە، دەتوانم بڵێم ئەندێشەیەكی دراماتیكییە كە هەر مرۆڤێكی ئاسایی بەخەیاڵیدا دێت. بەڵام ئەمە تەوەری گوتارەكەمان نییە، بەڵكو لەم نوسینەدا دەخوازین ئەوە بخەینەروو، ئاخۆ بەكوشتنی (ئەبو بەكر بەغدادی) وەكو بەرپرس رێكخراوی تیرۆرستی(داعش)، ئایا رێكخراوی (داعش) بەرەو كوێ ئاراستە دەگرێ؟! و چی بەرسەردێ؟، ئایا كۆتایی پێدێت؟.

گەر بەشێنەیی بیر بكەینەوە، دەتوانین بڵێین.. هەڵبەت كوشتنی (ئەبو بەكر بەغدادی)، گورزێكی كەمەرشكێن بوو كە ئاراستەی رێكخراوی (داعش) كرا،هەروەها دەشتوانین بڵێین كوژرانی (بەغدادی) كار و ئەركێكی سەركەوتووی سوپای ئەمریكا بووە، بەڵام سەركەوتنێكی كاتییە لە جەنگی دژی تیرۆردا!. چونكە رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) و هەر رێكخراوێكی عەقائیدی تیرۆرست، بە كوشتنی بەرپرس و سەركردەكانیان لەناو ناچن!، لەبەر ئەوەی بوون و ئایدیای ئەم جۆرە رێكخراوانە لە باگراوندێكی هزری عەقائیدی مەزهەبی تایفەگەریی توندڕۆ سەرچاوەیان گرتووە و پەیدا بوونە، وێڕای كوشتنی بەرپرسی و سەركردەكانیان، ئەوان هەر بەردەوام دەبن لە سەر رەوتی خۆیان كە بە (جیهاد) ناوی دەبەن. گەواهی بۆ ئەم راستییە دەتوانی لە دوایین پەیامی (ئەبو بەكر بەغدادی) دەستمان كەوێت، كاتێك خاك و پانتایی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هەمووی لێیان سەندرایەوە و پاش پێنج ساڵ لە بێ سەروشوێن بوونی خودی (بەغدادی) و بڵاو بوونەوەی ئەو پڕوپاگەندایەی، گوایە (بەغدادی)لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكەكانی ئەمریكا زۆر بەسەرختی بریندار بووە و دواتر مردووە (پێم وایە كە هەر خۆیان ئەم پڕۆپاگەندەیان بڵاو كردبووەوە). بەڵام لە 26ی نیسانی 2019 بینیمان لە دوایین گرتە ڤیدیۆكەی كە ماوەكەی 18خولەك بوو، (بەغدادی) بە تەندروستییەكی زۆر باش دەركەوت كە كلاشینكۆفەكەی لە تەنیشتەوە بوو و هەڕەشەی كرد و ڕایگەیان كە شەڕ لەگەڵ رۆژئاوا جارێ تەواو نەبووە و گوتی: “جەنگی ئێمە ئەمڕۆ شەڕی (ئیستینزافە) بۆ گەیاندنی زەرەر و زیان بە دوژمن، ئەبێ دوژمنان ئەوە بزانن كە (جیهاد)ی ئێمە بەردەوام دەبێت تاكو رۆژی قیامەت”. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) یاخود هەرناوێكی دیكە لە داهاتوو بۆ خۆیان هەڵبژێرن، هەر بە رێكخراوێكی توندڕۆی عەقائیدی تیرۆرست دەمێننەوە و شەڕیان دژی رۆژئاوا و دەسەڵات و سیستمەكانی غەیرە ئیسلامی هەر بەردەوام دەبێت تاكو رۆژی قیامەت (هەروەكو بەغدادی رایگەیاندبوو).

لەوانەیە كوشتنی (بەغدادی) و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی و لەدەستدانی چەكدار و سەرچاوەی دارایی خەلافەت، ببێتە ئەگەری ئەوەی هەندێك لە چەكدار و هەوادارانی داعش جوودا ببنەوە لە داعش، بەڵام بە رێكخراوێكی دیكەی تیرۆرستییەوە بنووسێن وەكو(قاعیدە ، جەبهەت ئەل نوسرە، جەیش محەمەد، سوار ئەل ئەنبار…هتد) هەروەها دوورنییە كە زۆرێك لە چەكدارانی (داعش) بچنە نێو ریزی ئەو گروپانەی كە ئەمڕۆ بەپاڵپشتی توركیا هێرش دەكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان وەكو (چەكدار و میلیشیا تیرۆرستەكانی سولتان موراد و سولتان محەمەد فاتح، حەمزە و مونتەسربللاه). بێشك لە رۆژئاوای عێراق و باشووری رۆژهەڵاتی سوریادا، چەكدارانی (داعش) لە گەڵ هەر میلیشیا و رێكخراوێكدابن، داینگە و ژینەگەی خۆرێكخستەوەی خۆیان هەیە و لەوانەیە چەكدارانی (داعش) بۆ ماوەیەك (تاكو خۆیان رێك دەخەنەوە) خۆیان حەشار بدەن و وەكو شانەی نوستوو كاربكەن. هەروەها دوورنییە شانەوە و رێكخراوەكانی داعش لە ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهان جاربەجار بە شێوازی (گورگی تەنها) لە هەر شوێن و كاتێكدا بۆیان بگونجێت كارێكی تیرۆرستی ئەنجام بدەن. بۆیە نابێت هەرگیز ئەمریكا و هاوپەیمانان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتی خۆیان لەوە بكەنەوە كە (بەغدادی) كوژرا، ئیتر كۆتایی بە تیرۆر و بیری توندڕۆ هاتووە.