نووسینگەی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، شاری سنە لەناو تۆڕی شارە داهێنەرەکان لەناو میۆزیکی جیهان تۆمار کراوە.
لەمبارەوە حێشمەتوڵا سەیدی سەرۆکی شارەوانیی سنە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە پرسی دۆسیەی سنە وەک شاری داهێنەری مۆسیقای جیهان، پاییزی ساڵی پار بە یارمەتیی کۆمەڵێک لە شارەزایان و مامۆستایان و هونەرمەندانی سنە ئامادە کرا و ڕادەستی یۆنسکۆ کرا و سەرەنجام لەلایەن یۆنسکۆوە ناسێندرا و لە ڕیزی شارە داهێنەرەکان لە بواری میۆزیکدا تۆامر کرا.
ئاماژەی بەوەش کردووە: “هونەری مۆسیقا یەکێک لە بەرچاو و دەوڵەمەندترین هونەرەکانی پاریزگای سنەیە و ڕیشە و ڕابردوویەکی ڕەسەنی هەیە و لەم نیوەشدا سنە شارێکی خاوەن بەهرە و سەنتەرێکە بۆ پەرەدان بە هونەری مۆسیقای کوردی و دەوری کارای هەیە”.
بەم تۆمارە جیهانییە، واتە سنە وەک شارێکی داهێنەری مۆسیقا ئەڕواتە ناو تۆڕی شارە داهێنەرەکان لە بواری میوزیک لە ئاستی جیهان و ئەمەش دەبێتە هۆی هەلێک بۆ بەڕیوەچوونی کۆنسێرت و ڕیوڕەسمی جیاوازی هونەری میوزیک و پێگە و سەنگی هونەر لەو شارە بەرزتر دەکات.
شاری سنە لە بواری هونەری گۆرانی و میوزیکدا نەتەنیا لە گۆرانی و مۆسیقای کوردیدا دەوری کارای هەیە، بەڵکوو هونەرمەندانی کوردی ئەو شارە توانیویانە کاریگەرییان لەسەر میوزیکی ئێرانی و گەلانی دیکەش هەبێت و لە ئاستی جیهاندا ناسراون.
دەکرێ لە ئاماژە بەم ناوە دیارانەی بواری میوزیک و گۆرانیی کوردی بکەین کەلە شاری سنە پەروەردە بوون و گەشەیان بە هونەری میوزیک داوە: “سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، سدیق نەوزەری، حەسەن کامکار، گرووپی کامکارەکان، گرووپی عەندەلیبی، هووشەنگ شێگرف، سدیق تەعریف، بابا شەهابی، ناسر رەزازی، نەجمەدین غوڵامی، عەباس کەمەندی، فەتانە وەلیدی، شەهیدن تاڵەبانی، مەرزیە، حەمید حەمیدی و لەناو هونەرمەندانی فۆلکلۆریشدا “کا بەرات نوورانی، عەبدوڵا شەریعەتی، عەبدوڵا ماچکەیی و دەیان هونەرمەندی دیکە و لەناو هونەرمەندانی لاویشدا گەلێک خزمەت بە هونەری میوزیک کراوە.









