ئەمڕۆ سێشەممە گوتەبێژی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە هەولێر جەختی کردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لە رووبەڕوو بوونەوەی داعشدا ڕۆڵی کارایان گێڕا.
کۆلۆنێل مایلیس کاگینس، گوتەبێژی هاوپەیمانان، ئاماژەی بەوە کرد هەوڵ دەدەین داعش بە هیچ شیوەیەک لە عێراق نەمێنێت و ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ ئەوان بیابانەکانی باکووری عێراق و ڕۆژئاوایان داگیر کرد و دواتر لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هاتن، بەڵام پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بووە.
گوتیشی: “هەر لێرە و لەم بینایەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستی هاوکارییان بۆ هێزی هاوپەیمانان درێژ کرد و لێرەوە زانیاریی زۆریان پێداین و هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا دەوری کارایان گێڕا”.
گوتیشی: “پێشمەرگە لە سنووری مووسڵ و دەوروبەری بوێرانە بەرەنگاری داعش بوونەوە و بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان توانییان داعش پەک بخەن و هەموو چەکوچۆڵ و کەلوپەلی سەربازییان لەناو ببەن”.
ئاماژەی بەوەش کرد: “لەو شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوانەدا نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە شەهید بوون و نزیکەی ١١ هەزار کەسیش بریندار بوون و کە تێیدا بە سەدان ژن و منداڵ بێ باوک و برا بوون، ئەم ئاڵایەی ئێوە کە سیمبۆلی خۆتانە سوور کە نیشانەی خوێنە و ئەوانەش کە گیانی خۆیان بەم ئاو و خاکە بەخشی، ئەو هیوایەمان پێ دەدات کە بتوانین لەم جەنگەدا بەردەوام بین و هەر ئەوە بۆ سەربەرزیی کوردستان بەسە کە پێشمەرگە چەندە قارەمانانە و بە بوێرییەوە شەڕیان کردووە”.
ڕاشی گەیاند: “ئێمە وەک هاوپیەمانان لەدژی داعش و تیرۆر بەردەوام دەبین و هاوکات لە ڕاهێنان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و هاوکارییان بەردەوامین”.
ئێمە لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا بەردەوامین و هێزەکانمان لە دەیرەلزوور جێگیر کراون”.










