تەها دەروێش نادر – هۆڵەندا
من ئەمڕۆ سکاڵای دوو منداڵی زامداری جەستە شێواو ، کە بەچەکی قەدەغەکراو ، لەگەڵ سەدان منداڵ و ژن وخەڵکی سڤیلدا لێدراون ، بەنامەیەکی کراوە هێناومەتە بەردەم تەلاری ڕێکخراوەکەتان ، باش دەزانم لێم وەرناگرن، چونکە وڵاتی من ئەندام نییە لەو 101 وڵاتەی کە ئاڵاکانیان لە ڕیزی یەک دانراون لە ژوورەوە ، بەڵام بیرتان نەچێت ئێمەی کورد لە باخچەکەتاندا نوێنەرێکمان هەیە، ئەویش مۆنۆمێنتەکەی عومەری خاوەرە ، لە ساییەی ئەودا ڕیکخراوەکەتان دامەزرا ، بۆیە هەمیشە چاو بەفرمێسکە لە پەنجەرەی ژوورە گەورەکانەوە دەتانبینێت و ئاگای لە جموجوڵتانە ، هیچ هەواڵێک نابیستێت کە پارچەیەک لە جەستەی نیشتیمانی بەچەکی قەدەغەکراو دەسووتێنرێت ، ئاخر تاکەی قەدەری ئێمە وابێت مێژوو بەو شێوەیە بەسەرمان دەکاتەوە ، گەرچی ئێوە وخۆشمان باش دەزانین، تاکە نەتەوەیەک لە هەموو جیهاندا کەمتر بەمردنی ئاسایی بمرێت ئەندامانی نەتەوەی کوردە ، چونکە لە سەرتاسەری مێژووی هەزاران ساڵە ماندا ، کارەسات خۆی بە کارەساتی نوێ دەسپێرێت ، شەهید کردن و کوشتن و بڕین و ولات وێرانکردن مێژوومان بەڕێکردووە ، ئەویش تەنها لەبەر کورد بونمانە و داکۆکیکردن بووە لە خاکی کوردستان ، ئێمە نەتەوەیەکین زۆر حەزمان لە ژیانە، زۆر زوو بەرەوپیری مەدەنیەت و شارستانیەت دەچین، ئایا کاتی ئەوە نیە دەرفەتێکمان بۆ بڕەخسێت ئێمەش وەک گەلانی دنیا بەئاسوودەیی بژین ، وێڕای سکالاکەی من، محەمەدی زامدار گەیشتە فەڕەنسا بۆ چارەسەر کردن ، ناکرێ یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ ، لێی بێدەنگ بن ، ئێستاش کە زیاتر لە سێ ملیۆن کوردی سڤیل لەبەردەم مردنی حەتمی دان و لەبەردەم گۆڕینی دیمۆگرافی خاکەکەیانن ، ئاوارەکراون لە زێدی خۆیان دوورخراونەتەوە، بۆیە پێویستە وەڵامی ئەم نەتەوە کارەساتبارە لە ڕۆژئاوای کوردستان بدەنەوە بەڕوونی، دیارە دابەشکردنی نیشتیمانی کورد بەویستی خۆیی نەبووە، بەڵکو هەڵەی مێژووە و پێدەچێت هەوڵی زیندوبوونەوەی ئیمپراتۆریەت بدرێت بۆ ئیحتیواکردنی خاک و نەتەوەکەمان ، لە ئێستادا بۆیە یەکێتی نەتەوەیی کورد هێندەی ئاو هەوا پێویستە ، لە کۆتاییدا هیوادارم خاک و وڵاتی من، خاوەن دەروازەبێت









