دڵشاد وه‌سانی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس رایگه‌یاند، ماوه‌ی 12 رۆژه برایێكی به ناوی عه‌بدوڵڵا وه‌سانی كه كارگیڕی لێژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌سرێی سه‌ر به لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستانه، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی په‌كه‌كه‌وه رفێندراوه و، تا ئێستا هیچ سوراخێكی نازانن و داواش ده‌كات، براكه‌ی ئازاد بكرێت.
وه‌سانی گوتیشی: كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی 10ی ئه‌م مانگه، مه‌فره‌زه‌یه‌كی پارتی كرێكارانی كوردستان “په‌كه‌كه” به‌بێ ئه‌وه‌ی له ده‌رگا بده‌ن، خۆیان به‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ی ماڵی براكه‌یدا له گوندی وه‌سانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی هه‌ڵداوه‌ته ژووره‌وه و له‌پێش چاوی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی بردوویانه و تا ئێستاش بێسه‌ر و شوێنه.
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ئاشكراشیكرد، تا ئێستا چه‌ندین كه‌سایه‌تیی ناوچه‌كه‌یان ناردووه‌ته لای په‌كه‌كه و داوایان لێكردووه ئازادی بكه‌ن، به‌ڵام هیچ سوودێكی نه‌بووه و ده‌ستاوده‌ستیان پێ ده‌كه‌ن.
پێشتریش وه‌سانی له پۆستێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له‌باره‌ی رفاندنی براكه‌ی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه باسی ئه‌وه‌ی كردبوو، ”ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كه هەموو کورد یەك هەڵوێستە و لەگەڵ ئازارەکانی ڕۆژئاوادان، کەچی ئەوان خەڵك لە باشوور دەگرن، چەند ڕۆژێکە بێدەنگیم کردووە، نەوەکو کەسانێك بڵێن کاتی ئەوە نییە باسی هیچ حزبێك بکرێ، بەڵام کە دەسگیرکردنەکە 10ڕۆژی تێپەڕاند و تا ئێستاش چارەنووسی نازانین، ناچاربووم قسە بکەم، عەبدوڵڵای برام نەخۆشە و دەرمانی چارەسەری هەیە، کەسوکارمان پێیان گوتبوون دەرمانی بۆ ببەن، بەڵام بەداخەوە ئەو جەماعەتە ئامادە نەبوون دەرمانەکە وەربگرن و بۆی ببەن، گوتبوویان نازانین لەکوێیە”.
K24









