خەبات/ ساسان دەروێش

61 ساڵ لەمەوبەر عەبدولكەریم قاسم و ژمارەیەك ئەفسەر كودەتایەكی سەربازییان بەسەر رژێمی پاشایەتیی كرد و كۆتاییان پێهێنان لە 14ی تەمموزی ساڵی 1958، ئەو دەمە باوكی رۆحی كورد و نەتەوەییمان بارزانیی نەمر لەگەڵ زیاتر لە 500 پێشمەرگە و هەڤاڵانی لە یەكێتیی سۆڤێتیی جاران بوون، كە لە دوای كۆتایی هاتنی كۆمارە ساواكەی مەهاباد، رێگای درێژ و سەختی ئاوی ئاراس پەڕینەوەیان بڕی بەنێو شەڕ و بەرگریكردن لەخۆ بۆ یەكێتیی سۆڤێت.

لە دوای سەركەوتنی كودەتای 14ی تەمموز، پاش دوانزە ساڵ لە ژیانی ئاوارەیی و دوور لە كوردستان، بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانی وەك پاڵەوان گەڕانەوە بۆ نیشتمان و پێشوازییەكی بێ وێنەیان لێكرا، لەلایەن جەماوەری كورد و عەرەب لە مابەینی گەڕانەوەی بارزانی بۆ نیشتمان پێشوازی گەرمی رۆژانەی نیشتمانپەروەران لە كورد و عەرەب و تامەزرۆی بینینی مستەفا بارزانیی نەمر، سلێمانیش بەشێكی ئەو سەروەرییەی بەركەوت كە لە بەغدا سەرۆك بارزانی ببینن وەك شاندی سلێمانی، بارزانیی نەمر زۆر خۆشحاڵ دەبێت بە بینینی جەماوەری كوردستان و بەڵێنی بە خەڵكی سلێمانی و شاندەكەیانی دابوو كە لە نزیكەوە بیانبینێ لە سلێمانی، وەك وەفایەك بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و هاتنی ئەو شاندەی نوێنەرانی خەڵكی سلێمانی و هەم بۆ ئەو چەند ساڵەی كە خۆی و كەسوكارەكەی دەستبەسەربوون، لە شاری سلێمانی، ئەم یادەوەرییانە، گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت لە 6/10/1958 بۆ نیشتمان و هێنانەوەی تەرمی نەمران بۆ خاكی كوردستان لە گوندی لانكەی شێرانی بارزان لە  6/10/1993 وەك پەیامێك بە هەموو دنیان راگەیاند كە هەمیشە پارێزەر و پێشمەرگەی پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان دەبن، لەم بابەتەدا تیشك دەخەینە سەر مێژووێكی لە بیركراو لە شاری سلێمانی كە مێژووییەكەی دەگەڕێتەوە، بۆ هەمان كات و ساتی گەڕانەوەی بارزانی بۆ نیشتمان.

كاروان عوسمان  عەلی كچەزای حاجی كەریم رەزاخان، لە خستنەڕووی  وێنەیەك یادەوەرییەكی گرنگ و مێژوویی دەگێڕێتەوە كە تایبەتە بە گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ نیشتمان  بە تایبەتی هاتنی لوقمان بارزانی بۆ شاری سلێمانی بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی بارزان.

– وێنەیەك و مێژووییەكی لەبیركراو

كاروان عوسمان عەلی، كچەزای حاجی كەریم رەزاخان، لەبارەی یادەوەرییەكەی بەمشێوەیە بۆ خەبات گوتی: لە ماڵی باپیرم وێنەیەكی پارێزراو هەڵواسرابوو لە پشتییەوە مێژووێكی لەبیركراو نهێنی هەبوو، بەهۆی بارودۆخی كوردستان و باس نەكردنی رووی راستی وێنەكە بۆ من و ئەو نەوە نوێیەی نێو خانەوادەكەمان، بە نهێنی لای گەورەكانمان مابووە، هەمیشە بچوومایە بۆ ئەو ماڵە، سەرنجی قووڵم بۆ ئەو وێنەیە دەچوو، ئەوكاتە منداڵ بووم و ئاستی هۆشیاریم هێندە نەبوو، هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئەو وێنەیە بكەم، بۆچی ئەو هەموو خەڵكە لەسەربانی ماڵی باپیرم وەستاون و ئاڵای كۆماری عێراق لەسەری هەڵكراوە، تامەزرۆی ئەوە بووم كە لە حیكمەتی ئەو وێنەیە تێبگەم، لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و ئاشكراكردنی هەموو راستییەكانی پشتی شۆڕش و رووداوەكانی،  كاتێكیش وەك مێردمنداڵێك گەیشتمە ئەو ئاستەی كە پرسیار بكەم، لەبارەی ئەو وێنەیە كە ساڵانێكە جێی سەرنج و خولیای من بووە لێی تێبگەم، دوای گەڕان و پرسیار لە خاڵەكانم و تەواوی بنەماڵەكەمان، بەمشێوەیە گوتیان ئەم وێنەیە دەگمەنە و لامان پیرۆزە و پارێزراوە، وێنەكە كاتی خۆیی لەلایەن عەبدوڵڵا و حەبیب دوو برا و وێنەگربوون لە سلێمانی چركاندوویانە لە بۆنەیەكی گەورەی مێژوویی لە سلێمانی،  بە ماوەیەكی كەم لە دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی ساڵی 1958، ئەو زانییارییانەی لە باپیرم خۆی و ئەو كەسانەی لە ژیاندا ماون و لە رووداوەكاندابوون هەموویان دەڵێن: ئەم وێنەیە دوولایەنی جوانی تیادا دەبینرێت یەكەم، سەروەرییەك بۆ بنەماڵەی حاجی كەریم رەزاخان و دووهەم، زیندووڕاگرتنی مێژووێكی جوانی شاری سلێمانی لە پێشوازیكردنی شاندێكی میوان، لە دوای هاتنەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ نیشتمان و بینینی عەبدولكەریم قاسم ئەو پێشواییە گەرمەی كە لێیان كرا وەك پاڵەوان و شۆڕشگێڕ، بڕیاردرا یەكەمین كۆبوونەوەی جەماوەری و سەردانی حكوومەت بۆ سلێمانی بێت، چونكە ئەوكات سلێمانی بە رۆحی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری و خۆشەویستییان بۆ بارزانیی نەمر بوو، بۆیە عەبدولسەلام عارف كە جێگری سەرۆك عەبدولكەریم قاسم بوو، راسپێردرا بچێتە سلێمانی، لەگەڵ چەند وەزیرێك و ئەفسەرانی ئازادیخواز كە یەكێكیان كورد بوون، پێی دەگوترا رەئیس مستەفا ( مستەفا ئەحمەد بانەبی)، خوالێخۆشبوو لوقمانی مەلا مستەفا نوێنەرایەتیی بارزانی دەكرد و هەروەها شێخ لەتیف شێخ مەحموودی حەفیدی لەگەڵ بوو، نوێنەرایەتی لایەنی كوردی بوون .

– وێنەكە چیڕۆكی رووداوێك دەگێڕێتەوە

هەروەها كاروان عوسمان دەربارەی باپیری و رووداوی وێنەكە گوتی: باپیرم پیاوێكی بازرگان بوو، چوار شانەی باڵا بەرزبووەوە، تاكە وەكیلی چای ئەزمەڕ بووە لە كوردستان، وێنەی لەسەر قۆری عەجەم هەیە تا ئێستا لە زۆربەی ماڵ قۆریەكە ماوە و پارێزگاری لێ دەكەن، بەدەر لە كار و كاسبی  و سەرمایەكی زۆر، رۆحی نیشتمانپەروەری لە رۆحیدا گوزەری دەكرد كە هەمیشە كۆمەكی شۆڕشی كردووە هەر لە سەردەمی شێخی نەمر و شۆڕشەكانی و تا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، وەك پیاوچاكێك ناسراوە و خۆشەویستی خەڵكی سلێمانی بووە  و رێزی هەبووە لەلایەن كەسایەتییەكانی نێو شۆڕشەكان،  بۆیە شێخ لەتیف ئاگاداری دەكات و دەڵێت خەممانە جێگری سەرۆككۆماری عێراق و شاندەكەی دێنە سلێمانی و خەڵكی شار بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانیانن، شوێنی وانییە جێگای ئەم هەموو خەڵكەی تێدا ببێتەوە، باپیرم پێشنیاری ماڵی خۆیان دەكات، شێخ لەتیف پەسەندی دەكات و بە پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: ئامادەسازی بكەن، ئاڵای نوێی كۆماری عێراق دادەندرێت لەسەربانی خانووەكەی ماڵی باپیرم، لەگەل هەموو ئامادەكارییەكی دانانی كورسی و ئەمنییەتی شوێنەكە، پێشهاتنیان، ماڵی باپیرم لە چوارباخ بووە سەر و یاریگای ئێستای سلێمانی كە ئەوسا نەبوو، ئەوكاتە ئەم گەڕەكە هیچ ماڵێكی بەو شێوە گەورەیە و فراوان و بە كۆنكرێت دروستكراو نەبوو، بەردەمەكەی چۆڵەوانی بوو لە خوار ئینزیباتخانە (تەمەلخانە) بۆیە پەنابرا بۆ ئەم خانووە كە كۆبوونەوەكەی لەبەردەمدا  لێ بكرێت، پێش ئەمە  هەموو كۆبوونەوەكان لە بەردەكی سەرای سلێمانی و سانەوی سلێمانی كراوە، شوێنی خەڵكی ئامادەبووی شاری تیا نەبوونەتەوە بۆ كۆبوونەوە و خۆپیشاندانەكان، لە كات و ساتی كۆبوونەوەی جەماوەری سلێمانی و لەبەردەم و سەربانی ماڵی باپیرم، ئاپۆڕایەك لە خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە پێشوازیكردنی میوانەكاندا بوون، ئەو ڕۆژە مێژووییە لە بیرەوەری خەڵكانی شۆڕشگێری ئەوكاتە هەر بەزیندوویی ماوەتەوە و باسی لێوە دەكەن، كە تێیدا لوقمان بارزانی و شیێخ لەتیف وتاریان پێشكەشی ئامادەبووان كرد و سوپاسیان كردن بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەیان.

– رۆژنامەی ژین هەواڵی هاتنی لوقمان بارزانی بۆ سلێمانی دەخاتەڕوو

61 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژنامەی ژین لە ژمارە 1407ی بەرواری 4/9/1958 لە شاری سلێمانی لە رێگای رۆژنامەنووس مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم دیمانەیەكی لەگەڵ لوقمانی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی سازدەكات، كە لەگەڵ شاندێكی یاوەری بە سەرۆكایەتیی محەمەد خالید شێخ ئەحمەد بارزان بەناوی بنەماڵەی بارزانەوە سەردانی شاری سلێمانی دەكەن و بەبۆنەی ئازادكردنی شێخ لەتیف شێخ مەحموود حەفید زادە دەچنە لای ئەو تێكۆشەرە، هەمان دەقی ئەو دیمانەیە لە رێگای رۆژنامەنووسی گەنج و لێهاتوو زانیار سەردار قڕگەیی جارێكیتر لە رۆژنامەی خەبات لە 24/12/2018 بڵاوكراوەتەوە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ئاشنابن بەم مێژووە گەشەی سلێمانی، رۆژنامەنووس مستەفا ساڵح دەڵێت: پێش ئەوەی پرسیار بكەم لوقمان بارزانی گوتی: ئێمە زۆر شادمانین كە لە شارە قارەمانەكەی كوردستان واتە شاری سلێمانی، رۆژنامەیەكی وا خۆشەویست هەبێت وەك رۆژنامەی ژین كە هەمیشە دەنگی ئازادیخوازان بگەیەنێت بە كوردانی هەموو جیهان، گومانم نییە لە هەر شوێنێك (ژین)  بخویندرێتەوە كوردان دڵیان پێیگەش ئەبێتەوە، جا لەبەر ئەوە خۆم بە بەختیار دەزانم لەگەڵ تاقانە رۆژنامەی كوردستان بكەوینە گفتوگۆوە، لە یەكێك لە  پرسیارەكانی (رۆژنامەی ژین) بۆ لوقمان بارزانی دەڵێت: هەستت بەچی كرد كە ئەم بەپیرەوەهاتنەی دانیشتووانی شاری سلێمانیت دیت؟ لە وەڵامدا لوقمان بارزانی دەڵێت: بەڕاستی زۆرمان لەسەر مەردایەتی خەڵكی سلێمانی بیستووە و شارەزای تێكۆشان و گیانبەختكردنیان بووین بە باسكردن، بەڵام ئەمەی بە چاوی خۆمان دیمان شتێكی مێژوویی بوو، نیشانەی خۆشەویستی گەل بەرانبەر بەشێخ لەتیف و میوانەكانی كە ئێمەبووین و بڕواناكەم بتوانم بە سوپاس ئەو چاكەیە یان بدەمەوە، تەنیا ئەوەندە هەیە كە دەڵێم سەروماڵم پێشكەش بێت بە رێگای ئازادی .