ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عێراق لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا لەوەتەی دەستپێكردنی خۆپێشاندانە بەرفرەوانەكانی بەغدا و شارەكانی تری باشوور و ناوەڕاست، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دا، ئەمەش وەكو هەنگاوێك بەرەو هێوركردنەوەی شەقام.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، بەرچاوترینیان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوو، هەروەها بڕیاریشی دا كوژراوەكانی خۆپێشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی عێراق بە “شەهید” هەژمار بكرێن و كەسوكارەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە.
پەرلەمانی عێراق بڕیاریشی دا سەرجەم ئەو كەسانەی بە هۆی خۆپێشاندانەوە دەستگیر كراون، بە زووترین كات ئازاد بكرێن.
لەلایەكی تریشەوە بڕیاری دا هەڵمەتی رووخاندنی خانووبەرە بێ تاپۆكان رابگیرێ كە ماوەیەكە لە چەند شارێكی عێراق دەستی پێكردووە.









