ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپێشاندانەكانی عێراق توندتر بوو، سەرچاوەكان باس لە كوژرانی پۆلیسێك دەكەن لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، سەرباری دەست بەسەرداگرتنی بیناكانی سێ پارێزگا و سوتاندنی بارەگاكانی دوو پارێزگای عێراق، خۆپێشاندەرانی بەغداش دەستیان بە خێوەتهەڵدان كرد.

لە دوێنیوە خۆپێشاندانێكی بەرفرەوان بەغدا و چەند شارێكی عێراقی گرتبووەوە، لە ئەنجامی پێكدادانی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنیەكان، ژمارەیەك هاووڵاتی و هێزە ئەمنیەكان كوژران و بریندار بوون.

ئەمڕۆ ئێوارەش، سەرباری ئەوەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق هەوڵیان دا بەر بە گردبوونەوەی خۆپێشاندەران بگرن، بەڵام شەپۆڵی خۆپێشاندەرانی ناڕەزایی گەورەتر بوو لەوەی كۆنترۆڵ بكرێت، نەك هەر بەغدا، بەڵكو خۆپێشاندانی بەرفرەوان شارەكانی بەسرا، بابل، نەجەف، زیقار، واست، موسەنا، سەماوە و دیوانیەشی گرتووەتەوە.

بە پێی دواهەمین زانیاری، خۆپێشاندەران دەستیان بەسەر بینای پارێزگاكانی واست، بابل و زیقاردا گرتووە، بەوەش نەوەستاون، بەڵكو بینای ئەنجوومەنی پارێزگای میسانیان سوتاندووە، هەروەها ئاگرێكی گەورەش لە بینای پارێزگای زیقار كراوەتەوە.

تا ئێستە خۆپێشاندەرانی ناڕازی چەندین داواكاری جیاوازیان هەیە، بەشێكیان داواكاری سیاسی و بەشێكیش داواكانیان پەیوەندیدارن بە نەهێشتنی هەژاری و رەخساندنی هەلی كار و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان.