كاروان محەمەد سینۆ
رۆژی یەكشەممەی رابردوو 15ـی ئەیلوول، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەروەی ئەمریكا لە (تویت)ێكدا نووسیبووی: “ئێران لەپشت نزیكەی 100 هێڕشە لەسەر سعودیە، لەكاتێكدا (روحانی وزەریفی) وا نیشاندەدەن كە ئەوان خزاونەتە نێو دیپلۆماسیەت. ئێستا لە میانەی هەوڵەكانی وەستاندنی گرژی، ئێران هێڕشێكی بێوێنەی كردۆتە سەر ئەو وزەی كە جیهان بەكاری دەهێنێت. هیچ بەڵگەیەك نییە كە هێڕشەكان لە یەمەنەوە هاتبن”. ئەم تویتەی پۆمپیۆ لە كاتێكدا بوو كە رۆژی پێشتر شەممە 14ـی ئەیلوول، هێڕشێكی بەهێز كرایە سەر گەورەترین دوو پاڵاوگای نەوتی كۆمپانیای (ئارامكۆ) لە سعودیا لە هەردوو شاری (بقەیق، خرەیص) و 19 پێگە بەئامانج كران و نیوەی تونای سعودیە لە هەناردەكردنی نەوت پەكخرا. دەمودەست میلیشاكانی حوسی یەمەنی بەرپرسێتی خۆیان لەم هێڕشە ڕاگەیاند كە ئەوان بە 10 فڕۆكەی بێفڕوكەوان هێرشیان كردۆتە سەر سێكتەری وزەی سعودیە. دواتر ئاژانسەكانی هەواڵ و میدیاكان و هەندێك دەزگای هەواڵگری جیهانی، ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئێران بە فڕوكەی بێفڕوكەوان هێڕشەكەیان ئەنجامداوە و فڕوكەكان لە باشووری عێراقەوە هەڵفڕیون. بەڵام رۆژی یەكشەممە 15ـی ئەیلوولی رابردوو، مایك پۆمپیۆ لە (تویت)ـەكەیدا راستەوخۆ ئێرانی تۆمەتباركردووە بەهێڕشەكانی سەر پاڵاوگە و كەرتی وزە و نەوتی سعودیە، ئەو نەوتەی كە هەموو جیهان سودی لێوەردەگرێت (هەروەك پۆمپیۆ ڕایگەیاندووە). بەشێنەیی و ئاماژە بە (تویت)ـەكەی پۆمپیۆ، كەواتە ئێران دەستی گەیشت بەو وزەی كە هەمووجیهان عەوداڵیەتی. شایانی باسە، لە چەند مانگی رابردوودا، ئێران هەژموونی خۆی لە تەنگەی (هورمز) سەپاندووە كە ڕێڕەوی نزیكەی %40ی وزەی جیهانە، هەروەها دوو هەفتە لەمەوپێش ئێران بەرزكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی راگەیاند بۆ ئاستێك كە دەتوانێ لە ماوەیەكی كورتدا بگات بە دەروازەی یانەی چەكی ئەتۆمی جیهان. بەم شێوەیە ئێران توانی ئەو فاكتەرانەی دەستكەوێت كە لە دانوستان و گفتوگۆكاندا بتوانێ مەچەكی ئەمریكای پێ بابدات و هیچ نەبێ جەخت و داكۆكی لە هەندێك خواستی سەروەری خۆی بكات. لە لایەكی دیكەشەوە ئێران سیاسەتی (پەنجە نەرمەكان) پەیرەو دەكات و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی (بەئاشكرا و پەنا) لە جۆشدان بۆ هێوركردنەوە و كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە و فەراهەم كردن و وەدەست هێنانی كاتی پێویست، تا ئەودەمەی ئەمریكا دەكەوێتە نێو جەنجاڵی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا2020 و بەڵكو دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەكە دەرنەچێت، ئەگەر دەریش چوو ئەوكات كورد گوتەنی (هەر سویكێك و بازارێكە). ئێستا چەند پرسیارێك دێنە پێشەوە، (ئایا ئەم رووداوە -بۆمبەباران كردنی پاڵاوگە نەوتییەكانی سعودیە- دەبێتە ئەگەری هەڵچوونی قەیرانی نێوان ئەمریكا و ئێران؟. ئەی هەڵوێستی سعودیە چی دەبێت؟. ئایا ئەمریكا پەرچەكرداری دەبێت بەرامبەر ئێران؟، گەر هەبوو پەرچەكردارەكە چی و چۆن دەبێت؟!) ئەوە ئەگەر ئەمریكا پەرچەكرداری هەبوو؟!، یان ئەم رووداوە دەبێتە پاڵپشت و ئەگەری خوسەپاندنی ئەمریكا بەسەر وڵاتانی كەنداو بە پەیرەوكردنی سیاسەتی (گیسكی هەیاس) لەو دەڤەرەدا؟!.










