خەبات
کتێبی دەوڵەتی ئیسلامی بە زمانی عەرەبی بە قەڵەمی نوسەری خاوەن ناوی جیهانی عەرەب عەبدولباری عەتوان نوسراوە. ئەم پەرتوکە لە لایەن حوسێن ئیحسانی وەرگێردراوەتە سەر زمانی فارسی و لە وڵاتی ئەفغانستان چاپ کراوە؛ ڕۆژی پێنجشەمە 29ی ئاگۆستی 2019 بەرانبەر بە 7ی سونبولەی 1398ی هەتاوی لە شاری کابۆل لە دێپارتمانی ئەنیستیتۆتی لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی ئەفغانستان پەردە لە سەر ئەم کتێبە لادرا. ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ ناسینی ڕیشەکانی سەرهەڵدانی بونیادگەرایی و تیرۆریسمی داعش لە ناوچەکە. هەروەها لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی پرسی دەرکەوتن و نەمانی داعشی باس کردوە. هەروەها تاوتوێیەکی ڕێکی لە سەر چۆنیەتی بەرگریکردنی وڵاتانی تووش بوو بە جەنگ لە بەرانبەر ئەم دیاردەیە کردوە. لە پشت بەرگی کتێبەکە وا نوسراوە: ویلایەتە یەکگرتوەکان بە هیچ شێوەیەک ڕۆڵیان لە دروست کردنی داعش نوبوە. لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابردوو زۆری کردن و پەراوێز خستنی خەڵکی سونەی عێراق و سوکایەتی پێکردنیان لە لایەن حکومەتی شیعی عێراق ئەم دۆخەی نایەوە. ئەم سیاسەتانە تۆوی دەوڵەتی ئیسلامی چاند بونە هۆی ئەوەی بە خێرایی گەشە بکات؛ تا ڕادەیەک کە دە هەزار ئیسلام گەرای سەرانسەری جیهان بگەنە داعش. ئەم کتێبە بۆ توێژەران، زانکۆیی و سیاسیەکان بە سەرچاوەیەکی زانستی دادەنرێ بۆ ناسینی گروپە توندڕەوەکان و پەیوەندی ئەم گروپانە بە یەکتر. هەروەها دەبێتە ئەزموونێکی باش لە بەردەم توێژەران و سیاسەتوانان بۆ بەرگریکردن لە بەرانبەر توندڕەوانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی. شایانی باسە وەرگێر لە لاپەڕەی یەکەمدا ئەم کتێبەی پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا کردوە. وەرگێر لە پێپەڕی کتێبەکە و لە وتاری ڕۆژی پەردەلادانیش بە تێری باسی ڕۆڵی کورد و پێشمەرگەی کوردستانی کردوە. لە پێنویسی زۆرێک لە لاپەڕەکاندا بە قەڵەمێکی بەرگریکارانە ڕوون کردنەوەی لە سەر کورد داوە؛ بە جۆرێک کە هەندێ جار ڕەخنەشی لە نوسەر گرتوە کە وەک خۆی باسی کورستان و هێزی پێشمەرگەی نەکردوە. بەو هیوایەی ئەم کتێبە وەربگێردرێتە سەر زمانی کوردی .