کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێم رایگه‌یاند: حكوومه‌ته‌كه‌ی ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2019/9/1  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە  کونسولی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئۆلیڤییە دیکۆتینێ کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی سوپاسی دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین کە بەردەوام هەڵوێستی دۆستانە بووە بەرامبەر گەلی کورد و هەرێمی کوردستان، ئومێدەواریشم پەیوەندییەکانمان زیاتر گەشە بسەنێت.

کونسوڵی نوێی فەرەنسا  سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی  بە گرنگییەوە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم دەڕوانین و حکومەتی فەرەنساش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان.