جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: “لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چووە قۆناخێكی نوێوە، كە قۆناخی ھەنگاونانە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان ھەردوولادا ھەن”.
ئاماژەی بەوەشدا: “دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتووەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە”.
بەشیر حەداد گوتیشی: “چەند لیژنەیەك لەنێوان ھەردوولادا لەسەر دۆسیەكانی نەوت، بودجە و مووچە، مادەی 140 و دۆسییە ئەمنی و سیاسییەكان پێكھێنراون”.
جەختی كردەوە: “ئەمڕۆ یان سبەی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و ئومێد ھەیە لە ماوەی مانگێك تا دوو مانگ گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامانج بگات، چونكە ئێستا لە بەغدا ئیش لەسەر بودجەی ساڵی 2020 دەكرێت و تا مانگی 12 دەبێ بودجە بھێندرێتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا ھەرێمی كوردستان و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق زۆر زەحمەت دەبێت”.
K24









