ناكام مەحمود گەڵاڵەیی
سیستمی حوكمڕانی هەموو كۆمەڵگایەك ئەو پەروەردە كۆمەڵایەتییە دیاری دەكات كە كار لەسەر تاك و كۆمەڵگاو ئاكارەكانیان و شێوازی بیركردنەوەیان دەكات وسنورداری دەكات. سەبارەت بە زۆرێك لەپرسەكان، هەرچەندە سەختە مرۆڤ كۆنترۆڵ بكرێت لەبەر ئەوەی ڕۆبۆت نیە تا سیستماتیك بكرێت، بەڵام لەوە تێدەگات كە كۆمەڵێك سنوور و یاسا هەن كە ڕێگە بە ئەخلاقی خودی نادات ئەنجامی بدات، ئەمەش لە ئاكاری گشتی و سیاسی و كۆمەڵگاوە فێر دەبێت، ئەگەر لە كۆمەڵگای ئەڵمانی ڕەگی شۆڤینی و داگیركاری وەك پەروەردە، نەكرایە بەگەرووی كۆمەڵگادا، هیتلەر نەیئەتوانی جڵەوی داگیركاری بەربدات و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە شێوەی باخچەیەكی ئاژەڵان لە بوخچەی مێژوودا بەجێ بهێڵێت، تا ئەمڕۆش بەترسناكی سەیری گرتە ڤیدۆییەكانی ئەكەین.
هەمیشە نووسەر و ڕوناكبیرەكان ئەوە بەگرنگ ئەزانن كە ناسیۆنالیزم و راسیزم نەچێتە جومگە وردەكانی كۆمەڵگاوە و تا كۆمەڵگا لە ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستی و شۆڤینی بوونی بپارێزین، من پێچەوانەی ئەم بۆچونەم، پێموایە ناسیۆنالیزم وەك ئەركە بۆمانەوە و خۆسەلماندن لەناو فەزایەكی ناوچەیی نەگۆڕ لە هزر و عەقڵدا، لەكاتێكدا ئەم كۆمەڵگایانە ئومێدی گۆڕانیان نییە بەرەو ئایندەیەك كە ئامانجدارە بەیەكتر قبوڵكردن و پێكەوەژیان تا ئەوكاتەی بەرژەوەندیمان لەگەڵ یەكە، بەڵام كاتێك بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئازادی و ماف دێتەسەر زمان ئەوان وەك هەمیشە نەگۆڕاون و هەمان ئەو عەقڵییەتە هانیان ئەدات كە ئێمە نابێت خاوەن بڕیار و ئازادی بین. ئەمە هەنگاوی حكومەتە پێویستە ئەو هەنگاوانە بنێت بۆ ئەوەی تاك ڕابێت و فێری ئەوئاكارانە ببێت كە كاریگەری لەسەركۆمەڵگا هەیە بۆلادان لە خۆپارێزی و كلتوور و ڕەسەنایەتی خۆپارێزی خۆی، ڕەنگە هەمیشە وڵاتانی ئەورووپا بەنمونەی پێكەوەبوون و هیومانێتی بێننە بەرچاومان، ڕەنگە بڵێین سەدەی پێكەوەژیان و تێكەڵبوون و كلتوور و نەتەوە جیاوازەكانە، بەڵام ئەمەش هەڵەیە، چونكە شۆڤینییەت لەئارامی و ئازادی و بێ كێشەییدا سەختە خۆی نیشان بدات، تا ئەوكاتەی رووداوێك روودەدات، رەنگە رووداوەكە قەبارەی هێندە نەبێت كاردانەوەی كۆمەڵایەتی و بڕیاری سیاسی لەسەر بدرێت، هەر بۆنموونە بابەتی سەربەخۆبوونی هەرێمی كەتەلۆنیا لە ئیسپانیا دەبینین وڵاتێكی ئارام و دیموكراتە، بەڵام كاتێك فایلی دەوڵەتبوون دێتە سەر شانۆی سیاسی، ڕاستەوخۆ شۆڤینیزمی حكوومەت و كۆمەڵگا ڕووی ڕاستەقینەی ئەبینین، بینیمان چی ڕوویدا، لە كەتەلۆنیا پۆلیس و پارێزەرانی شۆڤینییەت كەوتنە سەرشەقام و حكوومەت كەوتەگرتنی ئەو كەسانەی باسی سەربەخۆیی كەتەلۆنیایان ئەكرد. خۆئەم وڵاتە تا سنوورێكی باش دیموكراتخوازە، ڕووسیا و ئۆكرانیا وەك نمونەیەكی تر هەیە، هەموو كۆمەڵگایەك شۆڤێنییەت وەك شانەیەكی نووستوو لەناویدا ئامادەیە، بەڵام كات و قەیران و ناوچەی جوگرافی پێمان ئەڵێت كەی كاتی هەڵتۆقانی ئەو بڵقەیە.
شۆڤێنییەتی كۆمەڵگای توركی، فارسی، عەرەبی
لەم ماوەیەدا چەند رووداوێك لەتوركیا و عێراق روویانداوە كە تەواو شۆپارێزی شۆڤێنییەتی هەم سیستمی حوكمڕانیمان پێ ئەڵێت هەم نەگۆڕانی بیروهزری تاكی ئەم وڵاتانە سەبارەت بەماف و ئازادی، ئەمە دەرهاویشتەی پەروەردەیەكە كە سیستمێكی حوكمڕانی لەپشتییەوە وەك مەنتقی هێز وەستاوە، هەرچەندە هێزی مەنتق زۆر بێت، نەرم و بێ كاریگەرە، چونكە لەم كۆمەڵگا دواكەوتووانەدا ئەوەی بڕیار دەدات مەنتقی هێزە، ئێمە بینیمان لەسەروبەندی هێرشی تیرۆریستان بۆسەر كۆبانی چی ڕوویدا.
لەتوركیا لەمینبەری مزگەوتەكانەوە خەڵك هاندەدرا بۆ شۆڤێنییەتی كوشتاری، دواتر لە داگیركردنی عەفریندا وێنە روونەكەی عەقلییەتی فاشیستەكانی نێو كۆمەڵگای توركیمان بینی، بینیمان كە چۆن هەندێك هونەرمەندان و مامۆستایانی ئاینی و خەڵكی ئاسایی شۆڤێنی بوون، تەنانەت هەندێك نووسەرە گەورەكانیشیان شۆڤێنی بوون، هانی دەوڵەتیان ئەدا بۆداگیركاری، نموونە وەك ئورهان پاموك، ئەم رووداوانە پێیان وتین كە عەقڵی شۆڤێنییەتی تورك لەسیستمی حوكمڕانییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە بەكارهێنانی دین و روناكبیران بۆ رەواییدان بەم شۆڤێنییەتە و سەركوت كردنی ئازادی.
لەعێراق چەند ڕۆژی رابردوودا بینیمان كاتێك یەكێك لەكەسوكاری قوربانیانی ئەنفال چی بەرانبەر كرا لەلایەن سەربازێكی عێراقییەوە، ئەمە هەمان عەقڵیەتە فاشیزمەی قۆناغی پێشووە لەپەنجەكانی هەیكەلی كۆمەڵگای عێراقیدا ماوەتەوە، هێشتا كاتی پێویستە بۆ جوڵانی تەواوی ئەم دیاردە نوستووە ترسناكە، بەبێ جیاوازی هەمان سەربازە كە پێشتر حكوومەتی بەعسی فاشیست پەروەردەی كردووە، زەحمەتە بتوانین خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین كەكۆمەڵگای عەرەب و تورك و فارس هیچ كات نابنە ئەو كۆمەڵگا گۆڕاوەی قۆناغەكانی پێش خۆیان، كەمترمان لە گۆمەڵگای فارسی نەبینیوە ڕۆژانە بە یاسا و بە دادگا بەرگری لەشۆڤێنییەتی سیستمی حوكمرانی و كۆمەڵگا دەكرێت، ئەوەی وادەكات بابەتی شۆڤێنی لەخۆرهەڵاتدا لەگەڵ ئەوروپا جیاواز بێت تەنیا هۆكارگەلێكە كە لێرە ئامادەگی هەیە، بە نموونە وەك بابەتی داگیركاری نیشتمانی گەلێكی جیاواز لەڕووی كلتوریی و مێژوویی و ئاخاوتن و نیشتمانێكی جیاوازەوە كە هێز دیاری دەكات ئەو هاونیشتمانییە یان میوان، پێموایە بابەتی ناسیۆنالیزم پێویستە بە پەروەردە كاری لەسەربكرێت، چونكە قۆناغێك چاوەڕێمان دەكات كە نابێت تاكەكانمان ناهوشیار بن بەرامبەر شێواندنی شوناس و نەتەوەیی بوونیان.









