ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران دووپاتی كردەوە كە ئەو كەشتییە نەوتییەی سوپای پاسداران بەم دواییە دەستیان بەسەردا گرتووە، عێراقییە و ناوی “هیتا”یە.
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە بەمدواییە دەستیان بەسەر كەشتییەكی بیانیدا گرتووە كە سووتەمەنی ئێرانی بە قاچاغ بردووەتە وڵاتانی عەرەبی لە كەنداو و دووپاتی كردەوە كە لە بەردەوامبوون لە چاودێریكردنی ئاوی كەنداو و رووبەڕووبوونەوەی هەر شێوانێكی تەناهی تیایدا پاشگەز نابنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم راگەیاندنەكانی ئێران چەند دیمەنێكی كەشتییە عێراقییەكەیان بڵاو كردەوە كە لە ئاوی كەنداو دەستیان بەسەردا گرتبوو بە تۆمەتی قاچاغی سووتەمەنی، لە دیمەنەكە كە پاسداران گرتوویانە دەردەكەوێت چەند تانكەرێكی سووتەمەنی لە ژێرەوەی كەشتییەكە هەیە.
وەك ئاژانسی “فارس”، لە رەمەزان زیراهی فەرماندەی ناوچەی دووەمی هێزی دەریاوانی ئێرانی گواستەوە كە ئێوارەی چوارشەم سەعات 9:30 خولەك هێزەكانیان دەستیان بەسەر كەشتییەكی بیانیدا گرتووە كە سووتەمەنی قاچاغی هەڵگرتووە.









