ئەمڕۆ شەممە ٣ی٨ی٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ئەنجامی دا، پێشنیازە بڕیارەکەی پەسەند کرد.
کەمێک لەمەوبەر و بە دەنگی ٨٧ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە پێشنیازی ناساندنی ٣ی ٨ بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، پەسەند کرا.
ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستان کە سێیەم دانیشتنی تایبەت بەو پێشنیازە بڕیارە بوو، لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە بڕگە و خاڵەکانی پرۆژەکە خوێندرانەوە و پاشان دەنگیان لەسەر درا.
لە کۆبوونەوەکەدا لە نێوان سێ پێشنیازدا سەردێڕی “بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ٣ی ٨ ی ٢٠١٤ وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژیی جینۆسایدی ئێزدییەکان” بە دەنگی ٦٥ پەرلەمانتار پەسەند کرا.
لە خاڵ و بڕگەکانی پێشنیازە بڕیارەکەدا بە وردی باس لە وردەکارییەکانی کراوە و هاوکات باسی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی و ئاوەدانکردنەوەی سنووری شنگال لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کراوە.









