فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*

تێگەیشتن لە هەندێ دەستەواژە ئاسان نیە و بەكارهێنانیشی ئاسان نیە و زۆرجار مرۆڤ تووشی هەڵە دەكات یان هەندێجار توشی شۆك دەبێ لەبەر ئەوەی هەرچەند لێكی دەدەیتەوە ناگەیت بە دەرئەنجامێكی راست و دروست. بۆ نموونە من خۆم لە سەرەتای ژیانم وا پەروەردە بووم و تێگەیشتوم كە شێخ پلە و پایەیێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی بەرزە و مرۆڤ وا بە ئاسانی پێی ناگات و نابێت بە شێخ، شێخایەتیش كۆمەڵێك مەرج و بەند و پەیرەوی خۆی هەیە كە مەحالە كەسێك ببێت بە شێخ و ئەم مەرجانەی تێدا نەبێ و پێی بگوترێ شێخ.

 ئەمە لە لایێك و لە لایەكی تر شێخ بەو كەسە دەگوترێ كە خاوەن تەكیە و دیوەخان و تەریقەت بێت و دەبێت مرۆڤێك بێت بە مانای وشە خواپەرست و خۆنەویست و ئەهلی تەقوا بێت، بەهەرحال ئەمە راستیەكی حاشا هەڵنەگرە ، كەچی لە واقعدا دەكرێ بگوترێ بە گشتی لەو سەدەی رابردوو وشەی شێخ دوولایەنی جیاوازی وەرگرت، دوو پێناسەی جیاوازی وەرگرت، ئەویشیان شێخی راستەقینە و ئەهلی تەقوا و خواپەرستی، دووەم شێخی پۆست و پلە و توانای مادی و باڵا دەستی و دونیایی ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر لە زمانی عەرەبی وشەی شێخ بۆ تەمەندارەكان بە كارهاتووە، ئەویش لە (شیخوخە) وەرگیراوە، كەواتە لە پیری و دەكرێ بڵێین لێرەدا وەك (هەرەم) دێت و شێخ دەگاتە لوتكەی بەرز لە رێز و گەورەیی لە بەر تەمەنەكەی. بەهەرحاڵ ئەوەی مەبەستمە لەو بابەتە پیشانی بدەین شێخ لەو سەردەمە بە دووجۆر مرۆڤ دەگوترێ (دونیایی و دینی).

لە لایەنی دونیایی ئەوەی بەرچاو دەكەوێ هەندێ كەس لە نێوان شەو و رۆژێك دەبن بە شێخ بەهۆی دەستكەوتنی سەروەت و سامانێكی زۆر لە نێوان ماوەیەكی كورت، بۆیە لە ناكاوڕا دەبینین شێخێك دروست دەبێت یان هەندێ كات بۆ منافسەی سیاسی لە ناو یەك خانەوادە هەریەكێك پەنا دەباتە بەر لایەنێك و ئەم لایەنە ناسنامەی شێخایەتی پێ دەدا هەروەك لەو سەردەمە دەبینین روودەدات و وەك گەمەیەكی سیاسی و لە راستیشدا ئەم گەمەیەش تەنها دووبارە كردنەوەی گەمەی پێشووتری دیكتاتۆری عێراقە بۆ نموونە لە سەردەمی رژێمی بەعس لە یەك عەشیرەت چەندین شێخ دروستكرابوو، شێخی وا هەبوو دووكەس لە ماڵیان نانی نەخواردبوو بەڵكو نانی خۆی و ماڵ و منداڵی خۆی پێ پەیدا نەدەكرا یان دەكرێ بڵێین توانای ئەوەی نەبوو (كەرێك ئاوبدات) كەچی رژێمی بەعس بە دوای دادەنارد و پێی دەگوت تۆ شێخی و تۆ گەورەی و بۆ بەربەرەكانێی نێو ماڵ و خێڵ و عەشیرەت ناسنامەی شێخایەتیان پێ دەدا تا ئەو رادەیەی لە نێوان بنەماڵەیەك چەندین كەسی دەكرد بە شێخ و لەگەڵ خزمەكانی تێكیبەر دەدان دەیكردن بە دژی یەكتر و كاكی شێخیش ژنەكەی خۆی بە پیاوی نەدەزانی لە ناو ماڵەكەی خۆی كەچی لە دەرەوە شانیان دادەكوتا و دەگوترا فەرموو شێخ گیان ئەمە ببە بۆخۆت و تەنها شایەنی تۆیە! و فەرموو لێرە دانیشە و قابل بە تۆیە و تا وای لێهات بە ئامر فەوجی جاشایەتیش دەگوترا شێخ. بەهەرحاڵ رۆژهات رۆژ چوو زۆر لەو شێخانە كڵاویان بەربا كەوت و با بردی ئەو جارە سەردەمی ئێستامان گەندەڵی دەستی پێكرد و ئەو شێخانە و هەندێكی تر لە شێخی نوێ لە رێگای توانستی مادی و دزی و جەردەیی دروستبوون و سەریان هەڵدا و بوون بە شێخی سەردەمی نوێ و عەولەمە، كەواتە هەر زەمەنێك جۆرێك لە جۆرەكانی شێخی لێ دروست بوو ئەوەبوو هەندێ شێخ لە نێوان خۆمان دروست بوون رەنگە بەپارەكانیان دەیان تەكیەی شێخی حەقیقی و تەریقەتیان پێ ئاوەدان بكرێتەوە و بەرێوەبچێت لە لایەكی تر ئەو پەتایە لە نێوان عەرەبەكان بە شێوازێكی تر و فراوانتر بڵاو بووەوە و بوو بە شێوازێكی ساختەكاری و دەست پانكردنەوە و دەرۆزەكردن تا وایلێهاتووە خەریكە بڵێین لە نێوان برایانی عەرەب شێخ زیاترن لە نا شێخەكان و عەرەب 50%  زیاتر شێخن و زۆر حەزیان لەو ناوەیە و وەنانی پێ دەخۆن موزایەدەی سیاسیشی پێ دەكەن.  خاڵێكی تریان كە جێگای سەرنجە زۆر سەیرە كاكی عەرەب بە ناو شێخی سەردەم نەعلێك و عەبایێك دەپۆشێ لەولا و لەولا دەگەڕێ و دەڵێ بڵێن شێخ فلان هاتووە،  كاكی شێخ بە تەكسی دەگەڕێ و دیناری لە گیرفان نیە و پۆلیسێك ناناسێ و كەچی دەچێتە پرسگەكان دەڵێ بەرپرسی شارم دەوێ ببینم من شێخم لە كاتێكدا كەچی كە دەچێتە ژوورەوە دەرۆزە دەكات داوای هاوكاری دەكات.

بەهەرحاڵ وای لێهاتووە بڵێین ووشەی شێخ ناشرین كراوە  داخەوە وای لێهاتووە مرۆڤ نەزانێ كێ بە حەقیقەت شێخە و لەگەڵ رێزم بۆ ووشەی شێخ و شێخی رێگای خواو تەریقەت و خاوەن بنەماڵە و پێگەی كۆمەڵایەتی. بەڵێ ئەمە واقعی شێخی سەردەمە و بە راستی وای لێهاتووە بڵێین كەسانێك دەڵێن شێخین كە تەنها مرۆڤ نین نەك هەر شێخ بن،  ئەوەی ماوە باس بكەین ، (هەندێك) ئەو شێخانەن كە لە لایەنی ئایینییەوە ئەو نازناوەیان پێ دراوە یان لە خۆناوە،  زۆر بەداخەوە ئەوانیش بەشێكیان وەك ئەوانی تر تووشی ئەم نەخۆشییە و خۆ دەوڵەمەندكردن بوونە و لە قاڵبە ئایینییەكەیان دەرچوونە وە زۆر لەو شێخانەش موجاملەی (ئەملا و ئەولا) دەكەن بۆ ئەوەی دەستكەوتی مادی بە دەست بێنن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان سودمەندبن تا ئەو رادەیەی تەكیە دروست دەكەن و بە خەڵك دەڵێن تۆ پارە بنێرە تۆش دیكۆر و حوجرەی تەكیە بكە و با فلانە كەسیش فلانە شت بكات بۆ تەكیە و مزگەوت،   تیر و توانج لە خەڵك دەدەن گوایە خەڵك بێ دینە و ئەو سەردەمە هاوكاری تەكیە و حوجرەكان ناكەن،  كە تەكیە و مزگەوتیش دروست دەكەن ناوی خۆیان لە سەری دەنوسن وەك ئەوەی كۆمپانیایێكیان هەبێ تجارەت بكەن و ناوی خاوەنەكەی لەسەر دەنوسن كەواتە لە مەبەستە ئایینییەكە و خودایەكە لایان داوە ئەمەش هەر بۆ ئەوەیە كە دەسەڵات بیان ناسێ و بڵێت ئەوانە خاوەن بڕیارن و لە پەرلەمان و شوێنی تر پۆستیان پێ بدات.

كەواتە فەرقی نیە ئەو بۆچوونە بە ناو ئاینەش كە لە ئاین لای داوە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ شێخەكانی تجارەت و خاوەن سەروەت و سامان كە بەوهۆیەوە بوونە بە شێخ و هەندێ شێخ دروست بوونە شێخی نوشتەی ئافرەتان و فریودانی گەنجانن و بە عەقڵیان رادەبوێرن و سحر جادوو دەكەن كەواتە ئەوانیش دونیاین بە چەندین جۆر كارەكانیان دەكەن هەموویان وەك یەك دونیایین. بۆ نموونە لە سەر شێخی دونیایی دەگوترێ كاتی خۆی خەلیفە هارون رەشید بریاری داوە مزگەوتێك دروستبكات لە شاری بەغدا و براكەی كە ناوی (بالول) بووە پێی گوتووە كاكە تۆ خەریكی بەرێوەبردنی كاروباری خەلافەتبە و تۆ كارت زۆرە و من بێ كارم ئامادەم سەرپەرشتی دروستكردنی مزگەوتەكەت بكەم و تۆ برۆ كاری خۆت بكە. دیارە هارون رەشید رازی بووە كە براكەی سەرپەرشتی دروستكردنی مزگەوتەكەی بكات و براكەی پاش ئەوەی كارەكە تەواو دەكات. بۆ ماوەیەك رۆژێك دەچێتە لای هارون رەشید دەڵێ برام مزگەوتەكەم تەواوكرد فەرموو وەرە سەرپەرشتی كردنەوەی مزگەوت بكە و تۆ یەكەم نوێژی تێدا بكە.

هارون رەشید كە دەچێ دەگاتە نزیك مزگەوت و دوربەدوری دەبینێ لە سەر دەرگاكە نوسراوە (جامع بالول) زۆر تورە دەبێ هاوار دەكات دەڵێ بۆ وات نووسیوە. دیارە بالول دەڵێ كاكە من بۆ دونیا نوسیم بۆ ئەوەی خەڵك وابزانێ مزگەوت هی منە، بەڵام خوای گەورە دەزانێ هی تۆیە و راستە مزگەوتی تۆیە بەڵام با خەڵك وابزانێ كەهی منە!  دەڵێ من دونیام دەوێ و قیامەت بۆ تۆ! دیارە هارون رەشید قبوڵ ناكات دەڵێ نابێ.. زوو بیسرەوە. (بالولیش) بە ناچاری ناوی خۆی دەسرێتەوە  دەڵێ ئەی چی بنووسم هارون رەشید دەلێ ناوی من بنووسە و بنوسە (جامع هارون رەشید) دیارە پاش ئەوەی دەینوسن بالول بە هارون رەشید دەلێ كاكە تۆش فەرقت نیە لەگەڵ من!! من بۆ دونیام بوو دەركەوت تۆش بۆ دونیاتە!.

بەڵێ ئەو سەردەمە وای لێهاتووە وەك بالوول فەرموویەتی زۆربەیان وان و نموویەكی تر بەر لە (5) سال پێش ئێستا لە میواندارییەك بووم لە كاتی میواندارییەكەم یەكێك هاتە ئەو ماڵە كە پێی دەگوترا (شێخ فلان) و منیش لە بەری هەڵسامەوە رێزم گرت و پاش ماوەیەك لە گەڵ خاوەن ماڵ كەوتە گفتوگۆ لە ناو قسەكانی هەندێ تیر و توانجی هاویشت و گوتی خەڵكی ئەو سەردەمە و پارەداری ئەو سەردەمە و مەسئولی ئەو سەردەمە وەك پێشوونین! خاوەن ماڵ پیاوێكی دیندارە گوتی بۆچی یا شێخ؟ لە وەڵام شێخ گوتی من خەریكی دروستكردنی مزگەوتم و كەس نایەت هاوكاریم بكات كەس یارمەتی بۆ مزگەوت نانێری و بەشداری ناكات لە گەڵم. منیش وەڵامم داوە گوتم یا شێخ حەق نیە مزگەوت و تەكیە بە تەما و هاوكاری خەڵك بكەیت واجبیش نیە لە سەرت كە دەبێ مزگەوت بكەی گەر نەدەتوانی بە تەمای خەڵك حەق نەبوو ئەو كارە بكەیت.

وە گوتم ئەوە لە لایەك لە لایەكی تر راستە جەنابتان شێخن بەڵام شێخ ئەو شێخەیە كە لە لای خوا شێخ بێت چونكە ئێمەش ئەو حەقیقەتە دەزانین هەرچەندە لە لایەنی ئەدەب و ئەخلاق بە هەموو شێخێك دەڵێن شێخ و رێزمان هەیە بۆیان و بۆت، بەڵام لە ناو دڵەوە شەرت نیە هەموو كەسێك بە شێخ دابنێین وە من قەناعەتی خۆم هەیە كە كێ شێخە!! ئەم قسانەم بۆیە كرد چونكە دەمزانی كاكی شێخ ئەو زەویەی بۆ مزگەوتەكەی لە حكوومەت وەرگرتووە لە باشترین شوێنی بازرگانی و نیازی باش نیە و ئەو زەویەی بۆ مەبەستی ترە لە ئەنجامیش وا دەرچوو لە سەر هەمان زەوی مزگەوتی دروست كرد و حوجرەی دروست كرد و خانوشی بۆ خۆی دروست كرد و چەند دوكاتنێكیشی دروست كرد بۆ كرێ!! هەروەها مزگەوتی تریش هەیە لەم شارە بەم شێوازە بەشێكی تایبەتی لە گەل مزگەوت بە ناوی قوتابخانەی ئایینی و خێرخوازی دروست كردووە كەچی ئێستا بە كرێی داوە بە قوتابخانەیەكی ئەهلی ئەمە چەند نموونەیەكن كە لای من هەن رەنگە دەیانی تر هەبێ لای خوێنەر.

كەواتە وشەی شێخ لە لای هەندێ كەس بوو بە ئالەت و چەتر و پەناگەیێك بۆ بازرگانی كردن بە ئاین وەك هەر بازرگانێكی تر هەروەها لە زۆر شوێن ناوی سیانی لەسەر مزگەوت نوسراوە و دەگوترێ مزگەوتی (فڵانی كوری فڵانی كوری فڵان) وەك ئەوەی خانووێك بێت تاپۆی بەناو كردبێ زۆر بەداخەوە لە كۆتاییدا دەڵێین شێخمان بووە بە دووجۆر (شێخی شێخ و شێخی بازرگانی و نان) بۆیە من وای دەبینم شێخی راستەقینە و ئەهلی تەقوا خەریكە لە ناو شێخەكانی بازرگان و دونیایی بزر بن، دەكرێ بگوترێ هەرئەوانەن بوونە بە هۆكاری گومان دروست كردن و تێكدانی بیروباوەڕی ئایینی هەندێ كەس لە كەم تەجروبە و گەنجەكان و بوونە بە هۆكاری دروست بوونی بێ بڕوایی لای كەسانێك،   لەو سەردەمە خەڵك بە ئاگایە لێیان و هەم دەبیستێ هەم دەبینێ ئاسانیش نیە قەناعەت بە نامەعقولی و بابەتی دوور لە حەقیقەت و خەیاڵ بینێ، كەچی كەسانی سادە و ساكار بەم منافقانە بە ئاسانی فریو دەخۆن و تووشی بێ بروایی دەبن، سەریان لێدەشێوێ، هۆكاری سەر لێشێواویش منافقە بە ناو ئیماندار و تەقوادارەكانن، بۆیە دەبێ تێبگەین لە وشەی شێخ لە نیەتی مزگەوت دروستكردن چونكە ئەوەی بە ئاشكرا هەلەیە دەبینرێ گرنگ نیە لە چ شوێنێك دەبێ و چ ناوێكی دەبێ هەلە هەر هەڵەیە لە هەركەس بێت وەك هەر گەندەڵێك و نابێت بە شێخ، هەرچەند واش بگوترێ شێخایەتیش هەر ئەوەیە كە بۆ خوا دەكرێ، بۆیە پێناسەی تر هەڵناگرێ، چونكە ئەوەی بۆ خوایە لە خزمەت ئادەمیزادیش دەبێ و فڕوفێڵی تێدا ناكرێ، لە كۆتاییدا دەڵێین ئەوەی تەنها مەبەستی خوا و ئاخیرەت نەبێ شێخ نییە و نابێت بە شێخ و ئەوەی موزایەدە و تجارەتیش بەو ناوە بكات لە پەنای ماڵی خوا خۆی حەشاردا ئەوانەش مونافق و گەندەڵن، لەوانی دونیایی خراپترن چونكە جارێك رووپۆش و مزەوەرن و جارێك گەندەڵ و مونافقن.

* ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك).