مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە میر حازم تەحسین دەكات و رای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشت و یارمەتیدەریان دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە میر حازم میر تەحسین بەگ كرد.

لە پێوەندییەكەدا سەرۆكی حكوومەت هیوای سەركەوتنی بۆ میری نوێی ئێزدییان خواست و ئاماژەی بەوەدا كە خوشك وبرایانی ئێزدی پێكهاتەیەكی رەسەنی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستانن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشت و یارمەتیدەریان دەبێت.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، وەك هەمیشە هەوڵدەدات خزمەتێكی شایستەتری خوشك و برا ئێزدییەكان بكات و لە ئێش و ئازارەكانیان كەم بكاتەوە.

لای خۆیەوە میر حازم سوپاسی پشتیوانی و پشتگیریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد.

دوای گیان لەدەستدانی میر تەحسین بەگ میری ئێزیدییەكان لە عێراق و دنیا لە 25ی كانوونی دووەمی رابردوو لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا، ماوەی شەش مانگ دەبێت پۆستی میری ئێزیدییەكان بەتاڵە.

حازم تەحسین بەگ كوڕی میر تەحسینی بەگی میری ئێزیدییەكان، لەو كاتەی باوكی لە ژیاندا مابوو وەك جێگری میری ئێزیدییەكان دەردەكەوت، بەتایبەت لەو كاتانەی باوكی گەشتی دەرەوەی وڵاتی دەكرد.

میر تەحسین بەگ لە 15ی ئابی 1933 لە شارەدێی باعەدرێی سەر بە شارۆكەی شێخانی سنووری پارێزگای مووسڵ لە دایك بووە، لەلایەن میان خاتوونی داپیری لە ساڵی 1944، دوای تەنیا 15 رۆژ بەسەر كۆچی میر سەعید عەلی بەگی باوكی، وەك میری ئێزیدییەكان لە عێراق و دنیا دەستنیشان كرا.