ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوی تەقەكردنەكەی ڕۆژی چوارشەممە 7/17/2019 بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

رۆژی چوارشەممە 7/17/ 2019 رووداوێکی تەقەکردن لە رێستورانتێکی شاری هەولێر روویدا کە لە ئەنجامدا کارمەندێکی کۆنسوڵگەی گشتیی تورکیا لە هەولێر بە ناوی عوسمان کۆسە و دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی.

هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان توانیان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شەش کەس لە پەیوەند بەم رووداوەدا دەستگیر بکەن کە سێ کەسیان هاووڵاتی تورکیان، لە نێویاندا ئەنجامدەری سەرەکیی رووداوەکە بە ناوی مەزڵوم داغ. سێ کەسیش لە هاوکار و یاریدەدەرانی ئەنجامدەرانی رووداوەکە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن.

هەروەها چەند کەسێکی دیکەش کە پەیوەندییان بەم رووداوەوە هەیە و لە رووی یاساییەوە داواکراون بەدواداچوون لەسەریان بەردەوامە .

بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەکە تیرۆریستییە و چەند مانگێک لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێکی پەکەکە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆرکردنی کارمەندێکی کۆنسوڵگەی گشتیی تورکیا و سەرەنجام تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

هەر بەپێی دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەکیی رووداوە تیرۆریستییەکەش، هەردوو هاووڵاتییەکەی هەرێمی کوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیپلۆماتەکەی تورکیان، کوژراون.

دەقی دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوە تیرۆریستییەکە دەخەینەڕوو، لەبەر رێزگرتن لە کەسوکاری قوربانییەکانی ئەم رووداوەش ساتی تەقەکردنەکە لێڵ کراوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
2019/7/26