كاروان محەمەد سینۆ

بڕیارە رۆژی 1نیسانی ساڵی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە كەركووك یشەوە ئەنجام بدرێ. بۆ ئەم مەبەستە رۆژی دووشەممە 22/7/2019پەرلەمانی عێراق پڕۆژەی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ژمارە (12)ساڵی 2018 دایە دەنگدان كە بریتیبوولە (22)ماددە بۆ هەمواركردنی یاساكە، لەم دانیشتنەدا بەبێ كێشە دەنگ لەسەر (20)ماددە درا بۆ هەموار كردنەوە یاساكە، بەڵام هەردوو ماددەی (15 و 16) كێشە و ناكۆكی و بایكۆت لەسەر ئەم دووماددەیە هاتە ئاراوە. شایانی باسە ئەم دوو ماددەیە پەیوەستن بە چۆنیەتی دەنگدانی چەكدارانی حەشدی شەعبی و هێزەئەمنییەكان (تەنها) بەپێی ناسنامەی (بایۆمەتری) لە شاری كەركووك، هەروەها دەنگدانی كۆچبەر و ئاوارە لە نێو شاری كەركووك و ئەو شوێنانەی روویان تێكردووە، ئەویش هەر بە پێی ناسنامەی (بایۆمەتری). لێرەدا لایەن و سەرانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەكان و عەرەبە هاتووكانی (پاش 16ی ئۆكتۆبەری 2017) و تركومانەكان خوازیاری ئەوەن كە هیچ چاودێری و پێداچوونەوەیەك لە تۆماری دەنگدەرانی كەركووك نەكرێ، هەروەها خوازیاری ئەوەن كە ئەوان بەپێی رەگەزنامەی عێراقی و ناسنامەی باری كەسی لەكەركووك بتوانن دەنگ بدەن، لەكاتێكدا ئاشكرایە كە ئەم دوو ناسنامەیەی ئێستاكە زۆر بەئاسایی بە هەركەسێك دەبەخشڕێ! بەبێ بوونی دیكۆمێنتی پێویست و بەچاوپۆشی فەرمانگەتایبەتمەندەكان و بەبڕیاری سەرانی دەستڕۆشتووی ئێستا لە كەركووك. بۆیە لەم دانیشتنەی پەرلەماندا كێشە و ئاڵۆزی بۆ پڕۆژەی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن نرایەوە؟!، بەبەر ئەوەی عەرەب و توركمان دەخوازن دۆخی عەسكەرتاریی و داگیركاری كەركووك پاش (16ی ئۆكتۆبەر 2017) وەكو خۆی بمێنێتەوە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ژێر لوولەی تفەنگی ئەوان ئەنجام بدرێ.
لێرەدا بەشێنەیی دەڵێم پێدەچێ میلیشیا و لایەن و سەرانی حەشدی شەعبی و عەرەبە شۆڤینی و هاوردە و هاتووكان و توركمان هەرلەئێستاوە دەخوازن كێشە بۆ پڕۆسەی دەنگدانی شاری كەركووك بنێنەوە و دەخوازن هەژموون و بوونی عەسكەرتاری و زۆرەملێی خۆیان لە كەركووك بسەپێنن بمێنێتەوە. بۆیە دەبێ ئێمەی كورد لە كەركووك بە هەموو حزب و لایەن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ناحكوومی و چاودێرانی سیاسی و شەقامی كوردی و..هتد، هەموومان واز لە موزایەدە و ململانێ و شكاندنی پەنجەكانی یەكتری بێنین و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست رووبەرووی ئەم گەلەكۆمییە شۆفینی و زۆرەملێی ئەوان ببینەوە و یەك جەستە بوونی خۆمان لە كەركووك بسەلمێنین. هەروەها دەبێ هەموومان جەخت بكەین لەسەر جێبەجێ كردنی ماددەی (140)ی دەستوری عێراق و جەخت بكەینەوە لە ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی كەركووك بەرلەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كەركووك ئەنجام بدرێ، ئەگەرنا نابێ كورد بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكات و شەرعیەت بە داگیركردنی كەركووك بدات. هەروەها داوالە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە چالاكانە لە چوارچێوەی دەستوری عێراق جەخت لە هەوڵەكانی بكات بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێ كردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، ئەگینا ئیفلیجی و جێبەجێ نەكردنی دەستوور لە عێراقدا پاساوێكی یاساییە بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ساڵی 2020.